چەند سەرنجێک لەسەر راگەیاندنی کۆتایی خەباتی چەکداری پەکەکە

وەک چاوەڕوان دەکرا پەکەکە پەیامی  کۆنگرەی ١٢ی راگەیاند کە تێیدا بڕیار لە کۆتایی هێنانی خەباتی چەکداری درا.

هەر تاکێکی کورد سەر بەکامە ئەقڵییەت و کەلتور بێت، کەلتوری ئاشبەتاڵ یان بەرخۆدان، بڕیارەکە وا دەبینێت.

ئەوانەی سەر بە کەلتوری ئاشبەتاڵن بە بڕیاری کۆتائی خەباتی چەکداری بە ئاشبەتاڵ و ئەوانەش کە سەر بە کەلتوری بەرخۆدانن، بە  نوێبونەوە و ژیانەوەی دەبینن.

لە پەیامی کۆنگرەکەدا  دوو خاڵی رێنیشاندەر هەن.

یەکەم؛
ئەو ئامانجەی پەکەکە بۆی دامەزرا  و خەباتی چەکداری لەپێناودا کرد بەدیهاتووە و پەکەکە وەک ئامانج و وەک شێوازی خەبات ئەرکی خۆی بەجێهێنا و ئەم رۆڵەی تەواو بووە.

هەر بە گوێرەی پەیامەکە، ئیتر کورد وەک نەتەوە لە باکور قۆناغی بوون و مانەوەی  ناسنامەیی و نەتەوەیی کامڵ کردووە، ئەمەش ئەو ئەرکە بوو کە  پەکەکە لەپێناویدا دامەزرا بوو و بەجێی گەیاند.

دووەم؛
پەیامی کۆنگرە ئەرکی داهاتووی کورد لە باکور و لەناویشیدا کادیر و ئەندام و لایەنگری پەکەکە دیاری دەکات.

پەیامەکە بە ئاشکرا دەڵێت، کاری ئێمە رێکخستن و رێکخراو کردنی کۆمەڵگای کوردییە لە هەموو ئاستەکان و لەهەموو بوارەکاندا، لەوانەش سیاسی، کۆمەڵایەتی، کەلتوەی و تەنانەت بەرخۆدانیش.

سەرنجراکێشترین بڕگەی ناو پەیامەکە ئەوەیە کە لە کاتی کۆنگرەکەدا تورکەکان بەردەوام بوون لە هێرشە سەربازییەکانیان.

ئەم بەردەوامییەی تورکەکان لە کارە شەڕەنگێزییەکانیان تەنانەت لە ئانی کۆنگرەی خۆ هەڵوەشاندنەوەدا هەندێک دیوی تاریکی پرۆسەکە رووندەکاتەوە.

یەکێک لەو دیوە تاریکانە ئەوەیە، تورکەکان ئارەزوو بەو پرۆسەیە ناکەن و سەرگرانن پێی. ئەو پرۆسەیەی کە تەنانەت جلخوارەکانیشیان لە باشور بە تەسلیم بوون و ئاشبەتاڵ وەسفی دەکەن.

دەکرێت لێرە، گومانێکی تر بوروژێنرێت، ئەویش کۆی پرۆسەکە، واتە پرۆسەی ئاشتی و کۆتایی خەباتی چەکداری و لێکەوتە و دەرەنجام و ئیلتیزاماتی ئەم پرۆسەیە بۆ تورکەکان.

هاوکێشە و ئاڵوگۆڕەکانی ٢٠ ساڵی رابردوو، پێمان دەڵێت تورکەکان لە ئاشتی کورد دەترسن نەک لەشەڕی کورد.

نا هەقیشیان نییە…

دیقەت بدەن ئەوە ئاشتی بوو کە باڵە سیاسییەکەی تەڤگەری پەکەکەی گەیاندە ناو جومگە و ناوەندەکانی سیستەمی سیاسی تورکەکان و لەناو کۆمەڵگای کوردیشی کردە هێزی یەکەم و بێرکابەر. 

نموونەی ئەم بەهێزتر بوونە لە سایەی ئاشتییەوە زۆر و زەمەندن. لەوانەش:

ا) کورد بۆ یەکەمجار بەربەستی ١٠٪ی بڕی و گەییشتە ناو پەرلەمان.

ب) زۆرینەی شارەوانییەکانی گرتە دەست و جۆرێک لە خۆسەری لە زۆربەی شارەکان دامەزراند.

ج) کورد رۆڵی دروستکەری پادشا لە ناو تورکەکاندا دەبینێت. واتە بە دژایەتی و لایەنگری کورد بڕیار دەدات کێ سەرۆک کۆمار یان سەرۆک شارەوانیە گەورەکانی تورکەکان بێت.

د) وەفد و نوێنەری کوردان لە پەرلەمانەکانی ئەوروپا و روسیا و ئەمریکا پێشوازیان لێدەکرێت و مافی زمانحاڵی کوەدیان لە تورکەکان و دەوڵەتەکەیان سەندەوە.

ئەمانە هەمووی زادەی پرۆسەی ئاشتین.

تورکەکان ئەوە دەزانن، بۆیە بەردەوام هەوڵیان داوە کە هەموو ئەو دەسکەوتانەش کە لەسای ئاشتی بەدەست هاتوون بە سەپاندنی شەڕ و بەناوی دژایەتی تیرۆر هەوڵیان داوە لە کوردی بستێننەوە، لەوانەش شارەوانییەکان.

خیتابی ئیستیفزازیانەی بەردەوامی مەقاماتی تورکەکان دەرهەق بە پەکەکە و پرۆسەی ئاشتی، بەردەوامی هێرش و پەلاماری سەربازی تورکەکان تەنانەت لەکاتی کۆنگرەدا، وە  سپاردنی شەڕی تایبەت بە جلخوارەکانی باشور دژی پرۆسەی ئاشتی، پێمان دەڵێت کە تورکەکان لەم پرۆسەیە نیگەرانن و کەبەرژەوەندی خۆیان نایبینن.

بەلەبەرچاو گرتنی، ئەم هەقیقەتانەی سەرەوە، دەکرێت بڵێین پرۆسەی ئاشتی خواستێکی تورکەکان نییە و بەسەریاندا سەپێنراوە.

ئێستا با جارێکی تر بیر بکەینەوە، ئەگەر پرۆسەکە وەک پەکەکە و کورد خۆی بۆ ئامادە کردووە ئاشبەتاڵە یان بووژانەوە؟

165 جار خوێندراوەتەوە