فۆرمە سیاسییە ستەمکارەکان: بەرەو كوێ؟

ئەم نوسینە هەوڵ دەدات وەڵامی پرسیارێکی جەوهەری بداتەوە: بۆ و چۆن، لە هەمان کاتدا، کە دەگمەنە، سیستمی ستەمکاری ‘Authoritarian”  لە دوو شارستانییەتی جیاوازدا، رۆژهەڵات و رۆژئاوا، سەرباری جیاوازی لە سەرتاپای تێگەیشتنەکان بۆ ئایین و کەلتوور و سیاسەت و بەها کۆمەڵایەتی و بەرژوەندییە ئابووریەکان، لە خەسڵەتی ستەمکاریدا لە یەک کاتدا دەگرنەوە، رەنگە خوێنەر ئەو پرسیارە بکات کە سیستمی ستەمکاری لە رۆژهەڵات مێژوویەکی بەردەوامیان هەیە، ئەمە حەقیقەتە، بەڵام ئەم فۆرمەی ئێستا لە ستەمکاری، لە هەردوو پانتاییە سیاسییەکانی رۆژهەڵات و رۆژئاوادا هاوزەمان لە یەک سەردەمدا روودەدەن. رەنگە خوێنەر پرسیارێکی دیکەی رەوا بکات و بڵێت هێشتا ستەمکاری بەتەواوی لە پانتایی سیاسی رۆژئاوادا چەکەرەی نەکردووە، ئەوەی رۆژهەڵات لە ترۆپکی زۆرداریدایە. لە راستیدا، دۆخە سیاسییەکە لە رۆژئاوا بەو شێوە کامڵە نییە، کە میدیا شاراوە بوو، نهێنییەکان لە گۆر دەنران، کە میدیا تەقییەوە، چەواشەکاری لە زانیاریدا هاتە کایەوە.


باسکردنی ئەم بابەتە، فۆرمەکانی سیستمی سیاسی ستەمکار “Authoritarian Systems”  وەک خۆی، کارێکی نوێ نییە، چ وەک چەمک و ناوەرۆک، و چ وەک میکانیزم. ئەوەی هانی داین چاوێکی دیکە بەم بابەتەدا بخشێنینەوە، فۆرمە نوێکانی ئەم سیستمەیە کە بەشێوازی نوێ خۆیان نمایش دەکەن و لە رێگەی فێڵی سیاسیەوە لە خەڵک دێنە پێشەوە و بەکار دەهێنرێن و بە ناوی رەوایەتی سیاسی و دادوەری کۆمەڵایەتی و یەکسانی مرۆڤایەتی خەڵک چەواشە دەکەن.


ئەم فۆرمە سیاسییە ستەمکارە، بەداخەوە ،لە هەموو شێوەکانی حکومڕانیدا خۆی مەڵاس داوە. فۆرمی ئیسلامی سیاسیی کە رەنگە لە هەرە فۆرمە سیاسییە ستەمکارە زەقەکان بێت، ستەم لە ژێر دروشمی دادپەروەری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووریدا دەشارێتەوە، ئەمان بە ئاسانی ئایینی پیرۆز و مزگەوت، کە ماڵی خودایە، بەکار دەهێنن، ئەمان دێن ئایین و مەرامی سیاسی شاراوە تێکەڵ دەکەن و گرەو لەسەر ئاستی خوێندەواری و هەژاری چینێک لە کۆمەڵگە دەکەن. ئەوەی برەو بەم فۆرمە سیاسییە دەدات و هێشتا مەرامە ئیستبدادییە سیاسییەکان نابینێت، ئەو ماسکە فریشتەیەیە کە خۆی بۆ کۆمەڵگە دەردەخات.


لە راستیدا ئەوەی یارمەتی گەشەسەندنی ئەم فۆرمە لە ستەمکاری سیاسی دەدات، لاوازی دامەزراوەکانی دەوڵەتە لە چارەسەرکردنی گرفتە کەلتووری و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی گەنجان و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگە، بۆ نموونە، لە میسر، کە ئیسلامی سیاسی لەسەر دەستی توێژێکی دیاریکراوەی خوار چینی ناوەراست لە سەرەتاکانی سەدەی رابردوو دامەزرا، ئامانجی دیاری بڵاوکردنەوەی بەها و فەرمایشتە پیرۆزەکانی ئایینی ئیسلام بوو، بەڵام دواتر بووە کانگای توندوتیژی سیاسی. خاڵێکی سەرەکی هەیە کە دەبێت ئاگاداریبین، هەرگیز ئیسلامی سیاسی دژی دەرەوەی مێژووی خۆی یاخود ناوچەکە نەبووە، بۆ نموونە دژی ئەمریکا نەبووە، بەڵکو زۆر پێویستی بە یارمەتی دەرەکی هەبووە بۆ ئەوەی نەیارەکەی ناوەوەی ببەزێنێت و دەستەڵات بۆ پیادەکردنی پرۆژەکەی بگرێتە دەست.  


لە ساڵانی رابردوودا ئەم جۆرە لە کارکردنی فۆرمی سیاسی لە برەودا بوو. ئەم فۆرمە لە ئێستادا مەنهەجێکی سیاسی جیاواز پەیرەو دەکات، بۆ نموونە، ئەوەی لە سوریا روودەدات فۆرمێکی دیکەی سیستمی سیاسی ئیستبدادە کە لە سەرتاپا وڵاتانی دونیاوە رەوایەتی لە پێناوی بەرژوەندی سیاسی و ئابووری کاتیدا پێبەخشراوە. لەم پێناوەدا، پێشێلکردنی بەها و بوون و ژیانی گروپە ئەتەنییەکانی دیکە بە ئاشکرا دیارە. واتە بە راشکاوی و بە ئاشکرا ستەمکاری دەکات.


ستەمکاری لە سیستمی سیاسی رۆژهەڵات لە نێو بازنەیەکی داخراوی کۆمەڵە بەهایەکی ئایینی و کەلتووریدا دەسۆڕێتەوە، لە نێو شورا و قەڵایەکی ئەستووردایە و لە سەر ئاستی کۆمەڵگە بەئاگانایەت، بەداخەوە، رۆژەهەڵات جورئەتی روبەرووبوونەوەی لەگەڵ کۆڵەکەکانی کۆمەڵگەی خۆی نییە، بۆ نموونە تا ئێستا ساغ نەکراوەتەوە رۆڵی ئایین لە کۆمەڵگەدا چییە؟ بەمانایەکی دیکە یاساکان بابەتییانە چەمکەکانی ئایینیان لە نێو چوارچێوەی یاسادا و دادپەروەرانە بەرجەستە نەکردوون و پیادە نەکراون. هەر بۆیە ئەو پرسیارانەی ئاراستەی ئایین دەکرێن هەر کۆنەکانن، بە بەڵگەی ئەوەی هەر گروپێکی ئایینی خۆی بەراست دەزانێت و خۆی بە قوربانی دەزانێت. گروپە دینییەکان نوکی تیرەکانیان بۆ دونیای دەرەوەی خۆیان نییە، بەڵکو بۆ ناوەوەیە، هەر بۆیە جەنگە دینییەکان لە ئەنجامدا وەهمی سیاسی و غەیبانیەتی رۆحی و ئەفسانەی گێرانەوەیەکی مێژوویەکی دروستکراو لە پاش خۆیان بۆ ئاییندە بەجێ دەهێڵن. ئەمان، لە گواستنەوەی ستەمکاری سیاسی بۆ هەموو نەوەکان وەستان بۆ ئەوەی کەس بێبەش نەبێت!


بێگومان هەندێ هەوڵی نایابی وەک پرۆژەەکەی ئەدۆنیس، شاعیر و بیرمەندی سوری بەناوبانگ،  هەیە کە دەخوازێت قورئان وەک تێکستێکی دەوڵەمەند و بەهێز لە ئیجتیهادی لاوازی مرۆڤ جیا بکاتەوە، ئەو دەڵێت تێکستی گەورە، بچوک دەبێتەوە ئەگەر عەقلێکی بچووک بیخوێنێتەوە. ئەدۆنیس، هەروەها، سەردەمەکانی ستەمکاری لە مێژووی ئیسلامدا پۆلین کردووە؛ لە سەردەمی پەیامبەری و دەعوەت جیایان دەکاتەوە، ئەوەی من لێرە مەبەستمە ئەوەیە کە بیسەلمێنم ئەم پرۆژانە تاقانە بوون و رۆنەچوونە نێو هۆشمەندی و رەفتاری سیاسی کە رێ لە ستەمکاری بگرێت. بەداخەوە، مێژوویەکە وەک خۆی هەر درێژ دەبێتەوە و هەر درێژ دەبێتەوە و کۆتایی نییە.


بێگومان، هاتنەوەی سیستمی سیاسی ستەمکار لە رۆژئاوا و رۆژهەڵات، سنوردارنییە بۆ نێو مێژووە تاریک و کارەساتە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست و سەرکێشیە سیاسییەکانی رۆژئاوا. ستەمکاری لە هاتنە سەرحوکمی ناسیۆنالیستە نوێکانی رۆژئاواوە کە ترەمپ نوێنەرێکییانە و پارتی "ریفۆرم" بە نوێنەرایەتی "نایجل فراج" لە بریتانیا نوێنەرێکی دیکەیانە بۆ ماوەی زیاتر لە ٢٠ ساڵێک دەبێت درزی لە سیستمی دیموکراسی رۆژئاوا کردووە، لە بریتانیا، ژیانی سیاسی لە ژێر هەرەشەیەکی سەختدایە، رەنگە هەڵبژاردنی داهاتوو پارتی سیاسی"ریفۆرم" دەنگی زۆرینە بێنێت و یاسا و دامەزراوەکان ریشەکێش بکات و گۆڕانکاری رادیکال بێنێتە نێو ژیانی سیاسی بریتانیاوە کە هەرگیز بەخۆیەوە نەدیووە.


ئەمەشیان لە بەشێکیدا دەگەرێتەوە بۆ ئەوە هەڵە کوشندە سیاسیانەی کە هەردوو پارتی سیاسی کرێکاران و پارێزگاران لە بریتانیا لە ماوەی حکومڕانیاندا کردیان، بۆ نموونە پارتی پارێزێگارن لە پاش "جۆنی مێچەر"ەوە بەدەست نەبوونی سەرکردایەتییەکی پارێزگارانەوە دەناڵێنێت کە بتوانێت مانفێستی سیاسی پارێزگاران پیادە بکات، تاتشەر و جۆن مێچەر دوا سەرکردەی ئەم پارتە بوون کە کۆدەنگی سیاسیان بەدەست دەهێنا، بەهەمان شێوە، بڕوانە پارتی کرێکاران، پاش تۆنی بلێر چۆن بەدەست نەبوونی سەرکردایەتی سیاسییەوە دەناڵێنێت. هەموو هەوڵەکانی ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بریتانیا، لە ئێستادا  وەدەستهێنانەوەی متمانەی سیاسییە بە پارتەکەی و بە ئەندامانی پەرلەمانەکەی لەلایەن خەڵکەوە. ئەوەی لە ئێستادا لە دونیای دیموکراسی رۆژئاوادا روودەدات ئەو شەپۆلە سیاسییە ستەمکارەیە کە دەخوازێت هەموو عورف و دامەزراوە سیاسییەکان لاواز بکات بە پاساوی ئەوەی ئەو سیستمە سیاسییەی کە هەیە نەزۆکە و گەندەڵە و ئیش ناکات.


لە ئەمریکادا، ترەمپ، لەسەر هیچ ئەدەبیاتێک یان فەلسەفەیەکی ئابووری و سیاسی کار ناکات، ئەو کار لەسەر بازاڕی سیاسی دەکات و دەخوازێت هەمیشە براوە بێت، بێ گوێدانە ئەوەی ئەنجامەکەی چۆن دەبێت، چوار ساڵ لەسەر حکوم دەمێنێتەوە و دنیا بە ئاقاری توندرەوی سیاسی دەبات و دواتر هیچ جۆرە متمانەیەکی سیاسی بە دامەزراوە سیاسییە نێودەوڵەتییەکان ناهێڵێت. ترەمپ نەوەک کار لەسەر پەرەسەندنی ئەم دامەزراوانە ناکات ،بەڵکو گاڵتەیان پێدەکات و بە هیچیان نازانێت و پەلاماریان دەدات.
لە رۆژئاوا،  ئەکتەرەکانی نێو پانتایی سیاسەت شەکەتن، لە ململانێی نێوان بەها ئەخلاقییەکانی مرۆڤایەتی و بەها سیاسییە کاتییەکان ون وێڵن، لە مێژە، بۆ نموونە، کلنتۆن، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا، ئەو "وێنا"نەی نەماوە کە ساڵانی یەکەمی حکومڕانی هەیبوو. وێنای کاریزمای سیاسەتمەدار لە دونیادا شێواوە، لەگەڵیشیدا متمانە بەو دامەزراوانە نەماوە کە ئەوان بەڕێوەیان دەبرد. نموونەیەکی دیاری ئەم قسەیە سکاندڵی "جێفری ئیپسیم"ە کە باڵاترین سیاستمەدارە دەست رۆیشتووەکانی رۆژئاوا تێوەی گلابوون. ئەمە خۆی لە خۆیدا فۆرمێکی سەخت و ساختەیە لە بوونی ستەمکاری کە بە ئاسانی ناهێڵت بەهاکان بچنەوە پێگەی خۆیان.


سەرباری ئەوەی کە سیاسەت لە رۆژئاوادا، وەک پانتایی موختەبەری وایە هەموو بەهاکان لە جووڵەی جیوەدان و ناجێگرن و هیچ شتێک پیرۆز نییە، هاوکێشەی نێوان ستراتیژیەت و تەکتیک گۆڕاوە و جێگۆڕکێ دەکات، ئەم گۆرانە، کە ستراتیژیەت دەکاتە بەشێک لە تەکتیک نەوەک بە پێچەوانەوە، هۆکاری سەرهەڵدانی ستەمکارییەکی راشکاوانەیە کە شەرمی لا نییە، بۆ نموونە هەڵسوکەوتی ترەمپ یاخود گواستنەوەی هەوار و سەنگەری سیاسی زیاتر لە ٢٠ ئەندامی باڵای  پارتی پارێزگاران بۆ ناو پارتێکی وەک ریفۆرم لە بریتانیا کە بێ بونیاد و عورف و پەیکەری سیاسییە.


ئەم قسانە بۆ ئەو مەبەستە نییە کە ئایدیۆلۆژییانە بڕوانینە رۆژئاوا، نا، نەخێر، ئەم قسانە بۆ دامەزراندنی پرۆسەیەکی رەخنەگرانەی سیاسیە لەسەر ئەو هەڵوێستانەی کە رۆژئاوا، بۆ نموونە، دامەزراوە فەرمییەکانی ئەمریکا بەرجەستەی دەکەن، بێگومان دونیایەک دامەزراوەی دیکە هەن کە رەنگە لەگەڵ ئامانجەکانی ترەمپدا کۆکبن بەڵام لە پیادەکردن و میکانیزمادا جیاوازبن. لێرەدا سەر‌‌هەڵدانی ئەم جۆرە لە ستەمکاری سیاسی ئەنجامی شکستی چەمکە سیاسییەکانی هەردوو بەرەی راست و چەپە، نە کۆمارییەکان و نە دیموکراتەکان سەرکەوتوو بوون لە ئیدارەدانی دۆسییەکانی کاروباری دەرەوە، بە شێوەیەک کە دوورمەودا دەرهاویشتەی نەرێنی نەبێت.


پوختەی قسە: ململانێ سیاسییەکان و بەرژوەندییە ئابوورییە جیاوازەکان بە تۆپ و فرۆکە جەنگییەکان بنبڕ ناکرێن، بەڵکو بە دایالۆگی سیاسی بەردەوام چاودێری دەکرێن. لە بوونی بۆشایی سیاسی لە سەرکردایەتی سیاسیدا، توندوتیژی سیاسی بەئاسانی جێگای دەگرێتەوە و کاردانەوەی توندوتیژی دەبێت کە بەهانە و پاساو بۆ رەفتاری ستەمکارییان دەهێننەوە. ئەگەر لە رۆژئاوادا هەمیشە وزەیەک و هەناسەیەک هەبێت بۆ چاکردن و ریفۆرم کردنی سیستمی سیاسی، ئەوا لە رژێمە ئۆتۆکراسییەکانی رۆژهەڵاتدا  کە لە ئەوپەری ستەمکاری مەرکەزیدان، رەفتاری سیاسییان دەبێتە مایەی پشێویی سیاسی و گەڕانەوە بۆ خاڵی سفر. وانەیەک لە مێژووەوە: سیستمە ستەمکارەکان بە مەرگی ستەمکار کۆتایی دێت پاش ئەوەی نیشتمان دەکاتە وێرانە.

102 جار خوێندراوەتەوە