ھەمووان دەزانین کە سەرچاوە گرنگەکانی پارە پەیداکردن
و دەوڵەمەندبوونی جیھانی، جۆری بازرگانیکردنە بە « چەک، دەرمان، گۆشت، سوتەمەنی،
گواستنەوەی پارە و سپیکردنەوە، ماددەی ھۆشبەر، جگەرە، ماددە کحولییەکان، سێکس، گەشتوگوزار،
گازینۆکانی قومار، و پەیوەندی و گەیاندن»، لەم کارانەشەوە سەرتاسەری دونیایان بە
ناڕاستەوخۆ و بێ ویستی مرۆڤ داگیر و قۆرغکردووە!.
کوردستانیش بێبەش نییە و نابێ لەم بازاڕە سەرتاسەری
و سەپاوەی سەرمایەداری.
سەرەتا لەدەرگای بوونی ڕەوایەتی شۆڕشگێڕی و شۆڕشەوە
ئەم جۆر بازرگانیانەیان ھێنایە ناو بازاڕی کوردستانەوە و بۆ خۆیان قۆرغکرد.
بە پێی ویستی کەسی توانای ھێز و ھەڵکەوتی شوێن
و پێگەی خۆیان بە ناڕەوایەتی و زۆرە ملێیی و دوور لە ڕێساکانی یاسا داگیریانکردن
تا ئێستاش لە ژێر چنگیاندا ماوەتەوە و خۆیانی پێ قەبە و تۆکمەتر دەکەن و میللەتیش
بە کاوەخۆ باجەکەی دەدات.
ئێستا قۆناغەکە گۆڕاوە لە بەکارھێنانی ھێزی چەک
و نفوزی سیاسییەوە گواستراوەتەوە بۆ بەکارھێنانی توانا و دەسەڵاتی ماددی ناڕەوا، کە
تێیدا جێگە ڕەوایەتی و پاڵپشتی یاسایی بۆخۆیان دەستەبەردەکەن و ناویان لێ ناوە پرۆسەی
ئاوەدانکردنەوە و خزمەت!.
ئەوان لە فڕکان فڕکانەکانی سەردەمی ڕاپەڕیندا ڕاو
و ڕووت و تاڵانیانکرد، لەوێشەوە بۆ بازرگانی قاچاغچێتی خۆراک و جگەرە و نەوت گواستیانەوە،
دوایش بۆ کۆمپانیا زەبەلاحەکانی دەرەوەی ھەرێم و بە گرێبەستە نایاساییەکانی خۆیان
وەک دەسەڵات گەیشتن.!
توانییان قۆناغەکان
ببڕن و سەربکەون، گەیشتن بە ئامانجی لوتکە و دەسەڵاتی سیاسی خۆیان، چون لەوە تێگەیشتن
کە دەسەڵاتی ماددی لە دەسەڵاتی سیاسی و کوردایەتی مەزنتر و پێویستترە!.
(بەداخەوە، ئٔەوەی دنیای ئێمە بەڕێوە دەبات
کورد و کوردبوون نیە، بەڵکو بوونی پارە و سەرمایەییە.
ھەر ئەمە بۆتە شەڕی ڕووبەڕووبونەوەی دەسەڵات بۆ
پارە، ھەر بۆیە خەریکی پاکتاوکردنی بازرگانانی دەستی دوو و سێکانن و دەیانەوێ بێ بەرگریکردن
بیانخەن و دووریانخەنەوە، ئەوانیش ھەوڵی مانەوە ئەدەن، بازرگانە گەورەکان ھەوڵی
قوتدانی بازرگانە بچووکەکان دەدەن و دەیانەوێت ئیتر ئەمە بگاتە کۆتا ململانێ و تاکە
دەسەڵاتی ماددی خۆیان بچەسپێنن!.
ئەم پرۆسەی بەرگریکردنە دەمێکە بەرکارە، گەر سەرنج
بدەین، بازرگانە سیاسییەکان خەریکی پەیوەندی ژێر بەژێر و سەنگەر گۆڕینەوەن لەگەڵ حیزبە
خاوەن ھێزو نفوزی ناوچەکانی تردا، کە لە پێناو مانەوەدا تەواوی مێژووی خۆیان ھەڕاجکردووە،
یان خەریکی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیانن لە ناو حیزبەکانی خۆیان و نایانەوێ دەستبەرداری
پلە و پۆستەکانی خۆیانبن!.
لێرەدا جۆرێک یاخی و جۆرێکیش بە ناچاری ملکەچی
زۆرەملێیی دەسەڵات دەبن، بازرگانە بە ناو یاخییەکان بە ھەوڵی کێشەنانەوە و ڕیسکی سیاسی
بۆ بازرگانە گەورەکانی سیاسەت دەجوڵێن و کاردنەوەی گروپ و لیستی ھەڵبژاردن و جوڵەی
شەقام دەکەنە قەڵغانی خۆ پارێزی و دێنە کایە سیاسییەکەی ھەرێمەوە.
بە واتایەکی تر دەیانەوەێ لەڕێگای بازرگانی گشتییەوە
سیاسەت بکەن و لانیکەم لە بەرامبەرەکانیان کە سیاسییە بازرگانەکانن سەنگەر بگرن و
بڵێن ئێمەش لەو قۆرخکارییە خاوەن بەش و ھەقین.
بازرگانە وورد و ملەکەچەکانیش کە دوو جۆرن؛ جۆرێکیان
بازرگانە ڕاستەقینە بە مۆڕاڵەکانن کە شایستەی پشگیرکردن و بەرگریلێکردنن و ھیچ چارەیەکیان
نییە و دەبێت قبوڵی ئەم زوڵمەی ھێز "دەسەڵات" بکەن، دووھەمیشیان ئەوانەن
کە خۆیان بەپێی پێویست بەکاریانھێناون و ئێستا دەڵێن دەبێ بوەستن و بەشەکەی خۆشتانمان
بەدەنێ و قسەش نەکەن.
ئەوانیش ڕێگاکانی باج و سەرانەی زوڵم و بەجێھێشتنی
وڵات و دەستھەڵگرتن لە موڵک و سامانی خۆیان بۆ دەخرێتە بەردەم.
بەشی دووھەمی باسەکە جێگەی سەرنجە کە ھۆکاری درێژکردنەوە
و دووبارە بوونەوەی قۆرغکاری بەشی یەکەمە بە داڕێژراوی و لە داهاتووشدا نەگەڕانەوەی
مافەکانی خەڵکیشە.
لێرەدا
دوو دەسەڵاتی گۆڕدراو و سەپاوی دروستبوو ( سیاسی بوو بە بازرگان ) و ( بازرگانی
بوو بە سیاسی) بەر یەکتردەکەون.
شەڕەکەیان بەرەو پێش دەچێ، یەکێکیان داکۆکی دەکات
بمێنێتەوە و گەورەتربێ، یەکێکیان دەیەوێت خۆی بپارێزێ و بمێنێتەوە. ئاشکرایە کە ئێمە
ئێستا لەگەڵ جۆری یەکەمدا دەژین و شەڕی ناھەقییەکانی دەکەین، بەڵام ئەوەی گرنگە و
پێویستە بتوانین ڕێگربین لە دوورستکردن و سەرنەکەوتنی بەشی دووھەمە کە بازرگانی سیاسییە،
کە جۆرێکی تر لە نوێبونەوی قۆرخکاری.
دەبێت
جیاکردنەوە و دیاریکردنی ناو و لیستی ھەڵبژاردن و قۆرغکردنی بازاڕ و بازرگانییەکانی
وڵات بەیاسایی تر و ژیرانەتر ھەڵسوکەوتی لەگەڵدا بکەین و نەھێڵین زەمینەی گرتنە دەستی
دەسەڵاتیان بۆ دروست ببێ، کە بێگومان ئەمە کارێکی قورسە، چونکە ئەوان لە بۆشایی
بوونی بەشی سیاسییە بازرگانەکانەوە دزە دەکەن و دێنەوە ناو گۆڕپانە سیاسیەکە.
وەک دەبینی نەبوونی پێداویستییەکانی خەڵکە ڕەوایەتی
بە ناڕەوایی دەسەڵاتی بازرگانی دەدات و جێگەی خۆی دەکاتەوە، پێداویستی و ھەرزانی بەنزینی
پێنج سەت دینارییەکە دەبێتە کاری نەکردە و لەو بۆشاییە بچووکەکەوە جێگەکەی دەبێتە
جێگەی بەنزینخانەیەکی گەورە و لەوێوە دەبێتە بازرگانی سوتەمەنی گشتی و لەگەڵ دۆخە ئاساییەکەدا
تێکەڵی پێداویستی ڕۆژانەمان دەبێت و دەچێتەوە دۆخی ئاسایی نەبینراو.
لێرەوە بازرگانیەکی نوێ دەستپێدەکات و لێشمان دەبێت
بە سیاسییەکی نیشتیمانی و ھونەری فێڵکردنەکەشی دەبێتە ژیری بۆ بەڕێوەبردنی ووڵات.
بازرگان بۆ ئەوەی کارەکەی سەربگرێ دەبێ ڕیسک بە
پارەوە بکات تا سەرکەوێ، بۆجێکردنەوەی کاڵاکەی دەبێت بڕێک پارە خەرج بکات کە لە دەستکەوتی
کۆتایی و گشتیدا بۆی ببێت بە قازانجێکی بێ کۆتایی، وەک ئەو نرخە دڵخۆشکەرەی ئێستا
نرخی بەنزینی پێ کراوە بە پێنج سەت دینار و خەڵکیش بۆتەوە بە خاوەن ئومێدێکی نوێ.
934 جار خوێندراوەتەوە