گۆڕان، بە پێوەری زاڵم و مەزڵوم

بە گشتی باسکردن لە فۆڕم و ناوەرۆکی ڕێگا زانستییەکانی ھەڵکشان و داکشان، تێگەیشتن بە فراوانی لە بیرکردنەوەی سیاسی گۆڕان، وجودێکی کرداری بزوتنەوەی گۆڕان وون و کەمە!.

تائێستاش جیاوازیەکانی مانادار، لە دەربڕینی ئامانجی ھزری بزوتنەوەکە و خواستی ھاونیشتیمانی و بەرکەوتنی کردارەکی خەڵک و، ئاڕاستەی بیرکردنەوەی زۆرینەی کۆمەڵگە بۆ گەیشتین بە خواستی خێرای بەرھەمە لۆکاڵی و ھەنوکەییەکان، بزوتنەوەکە دەکات بە دوو بەشی دابڕاو و جیاوازەوە!

بزوتنەوەی گۆڕان لە گەشەی ھزریی و بزاوتی گۆڕانکاریەکانی زانست و تێگەیشتنی خەڵکی کوردستانەوە سەرچاوە دەگرێ و دەجوڵێ، نەک لە خواستی ئارەزووەکانی کەسی، ئەرکی گواستنەوەی باری گران و، ویستی پێویستیەکانی ڕۆژ نییە، بۆ سەرکەوتن و بردنەوەی بەرەو سیاسی مەزڵوم لە زاڵمی دروستکراو.

بزوێنەری داھێنان و کۆبەرھەمی نوێکارییەکانی خەڵکەکەیە دەبێتەوە بە بنەما و کەرەستەی ھەنگاونان و سەرکەوتنی بزوتنەوەی گۆڕان، ھەر ئەوەشە دەبێتە گوڕ و وزەی دەستپێکی ھەنگاوەکانی چاکردنیشە بۆ نەھێشتنی سیستمی زوڵم و بێدادی، چەسپاندن و تۆکمەکردنی دادپەروەری و یەکسانی بۆ ھەموان.

گەر بەو جۆرە خوێندنەوە و ھەنگاوە سیستماتیکییە سەیری گۆڕان بکەین، تێدەگەین کە گۆڕان ھێزێک نییە بۆ ململانێی شەڕی بەرەیی و سیاسی، بەڵکو ئاوەزێکی دینامیکییە بۆ پێشکەوتن و نوێبوونەوەی کۆمەڵگە، واتە مەرجێک نییە بۆ تێوەگلانی دۆخی بەرکەوتە و شەڕە سیاسییەکانی ئێستامان، بەڵکو چاوەڕوانییەکی پشوو درێژانەیە بۆ سەرکەوتن و ئاسودەیی گشتی داھاتوو.

لەم دۆخە ئاڵۆزکاو و گێژاوەی ئەمڕۆماندا کە خەڵک لە ژێر سێبەر و چەپۆکی دەسەڵاتی سەپاوی حیزبیدا دەژی، زۆرینە ڕاپێچی جۆرەھا ململانێی نەخوازراو و نابەجێکراوە ئاوەز تێیدا ونە!

ئومێدی گۆڕانکاری زۆرینە لە  تەنگەژە و گۆمێکی لیخن و قوڵی دەسەڵاتدا وەستاوە و بە ئەستەم دەجوڵێ؛ بۆیە ناکرێ لەم جۆرە پانتایی تێگەیشتنە تاریکەدا بگەڕێین بە دوای ناولێنانێکی پێناسەیی پڕاوپڕی دۆزراوەی مانادار کە گشت پڕۆژە و کار و بەرنامەکانی بزوتنەوەی گۆڕان و ئاست و پایە زانستییەکەی لە شوێن و پێگەی خۆیدا پێبناسرێتەوە، کەتێیدا بۆتە ھەڵگری بەیداخی چاکسازی گشتی بۆ تەواوی خواستەکانی خەڵکی کوردستان.

بەدڵنیایی گۆڕان و گۆڕانکارییە بەردەوامەکانە دەتوانێت گۆڕانی زانستی لە ژیانی سیاسی خەڵکدا بخوڵقێنێ و شێوازێکی نوێترمان پیشانبدات و بمانگەێنێت بە ئامانجی کۆتایی، نەک شەپۆلە گۆڕانێکی کورت بۆ خواستی گۆڕانکاری گۆڕینەوە و ئاڵوگۆڕێکی کەم و کاتی جوڵاوی گرژ و توند، کە تێیدا تەنھا دڵداکەوتنی تۆڵەکردنەوە و ھێوربونەوەیەکی کورتی ئۆقرەگر ببێتە بەشێک لە دەستکەوتی مەزڵومیەت و بەس!

بێگومان بۆ سەرخستنی پرۆسەکە و بەردەوامی لە گۆڕاندا؛ دەبێت ڕێگە دوورەکە ھەڵبژێرین و پشوو درێژبین، ئەوکات لە ڕێگای جێبەجێکردنی یاسا و سەروەرکردنییەوە دەتوانین دەستی زاڵمیەتیش کۆتایی پێبنین و ڕێگە لە دروست بوونی مەزڵومیش بگرین.

810 جار خوێندراوەتەوە