هێزە چەکدارە حزبییەکان
کۆتایی پێبهێنن
رەوەز عەبدوڵا مەحموود
کاری یەکەمی هەموو
دەسەڵات و حکومەتێک دابینکردنی ئەمن و ئاسایشە بۆ خەڵکەکەی. هەر دەسەڵاتێک لەم
ئەرکەدا شکستیهێنا، قورسە بتوانێت بەردەوامی بە شەرعەتی یاسایی خۆی بدات.
عێراق و هەرێمی کوردستان
لە ماوەی ٤٠ ساڵی رابردوودا گۆڕەپانی جەنگ و وێرانکاری بوون. لەو ماوەیەدا دەیان
وڵات خاکی عێراقیان بۆردوومان و تۆپباران و مووشەکباران کردووە. حاڵی حازر هەر دوو
وڵاتی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆردوومان و ئێرانیش مووشەکبارانی دەکات.
دوای رەخنەگرتن لەو
وڵاتانەی کە هێرشیان کردووە و ئیدانەکردنی دەستدرێژیەکانیان، کاتی ئەوەیە رووی
رەخنە لە دەسەڵاتدانی عێراق و هەرێمی کوردستان بێت کە بۆچی نەیانتوانیوە وڵاتەکە والێبکەن
کە هەموو هێزێک نەتوانێت هێرشبکاتە سەری و سەروەریەکەی بپارێزن.
دروستنەکردنی سوپایەکی
نیشتمانیی بەهێز کە شەرعیەت لە پەرلەمان و فەرمان لە سەرۆکوەزیران و وەزارەتی
بەرگری وەربگرێت ، یەکێکە لە بەربەستە سەرەکییەکانی بەردەم ئەم پرۆسەیە.
لە عێراق و هەرێمی
کوردستادا چەندین هێزی چەکداری جیاواز هەن کە لە دەرەوەی دەسەڵاتی حکومەت و
وەزارەتی بەرگری و وەزارەتی پێشمەرگە جووڵە دەکەن.
لە عێراقدا دەیان گرووپی
چەکداری حەشدی شەعبی هەن کە لە دەرەوەی وەزارەتی بەرگریین و فەرمان لە کەس و حزب
وەردەگرن و بەو هۆیەوە بە ئاسانی ئاراستە دەکرێن.
لە هەرێمی کوردستاندا
تاوەکو ئێستاش هێزی پێشمەرگە یەکنەخراوەتە و پارتی یەکەی ٨٠ و یەکێتی یەکەی ٧٠ وەک
حزبی سیاسیی کۆبوونەوەیان پێدەکەن و فەرمانیان پێدەکەن.
جگە لەو هێزانە، چەندین
جۆری دیکە هێزی چەکدار هەن کە ناوی جیاواز بەکاردەهێنن و زۆرینەی جارەکانیش لە
دەرەوەی رێکارە یاسایی و حکومییەکان کاردەکەن و دەجوڵێنەوە.
عێراق و هەرێمی کوردستان
لە ناوچەیەکی جوگرافیدان کە بەردەوام ناکۆکی سیاسیی و جەنگ و ئاڵۆزی تێدایە، بۆیە
دەبێ وڵاتە هێزێکی بەرگری یەکگرتووی هەبێت کە فەرمان لە بکەرە سیاسییەکان
وەرنەگرێت و بەرژەوەندی کەسی و حزبی سیاسیی لەبەرچاونگرێت، بەڵکو تەنیا ئەرکی
پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری وڵات و بەرپەرچدانەوەی هێرشی دەرەکی بێت.
144 جار خوێندراوەتەوە