بڕیارەکەی وەزارەتی پەروەردە چۆن کاریگەری خراپ جێ دەهێڵێت؟
هێرۆ سەعید
راویژکاری پەروردەیی و دەروونی
پەروەردە و خوێندن یەکێکن لە گرنگترین ستوونەکانی بنیاتنانی داهاتووی هەر کۆمەڵگەیەک. هەر بڕیارێک کە لەم بوارەدا دەدرێت، کاریگەرییەکی درێژخایەنی دەبێت لەسەر گەشەی مێشک، کەسایەتی و تواناکانی منداڵان. بۆیە پێویستە حکومەت بڕیارەکانی بە شێوەیەکی حاسم ڕوون و یەکلاکەرەوە دەربکات، نەک بە شێوەیەکی گوماناوی و نادیار.
لە بڕیارێکی وەک ئەوەی وەزارەتی پەروەردەی هەرێم کە سەرپشکی ناردنەوەی منداڵان دەدات بە دەستی دایک و باوک، لە ڕووی زانستی و پەروەردەییەوە چەندین کێشە دروست دەبێت وەک:
١. زیادبوونی دڵەڕاوکێ و سترێس لە دایک و باوک
کاتێک بڕیارەکان ڕوون نەبن، دایک و باوک دەکەونە ناو دوودڵییەوە. لە روانناسییەوە، ئەم دۆخە دەبێتە هۆی زیادبوونی سترێس و ناتوانن بڕیارێکی ئارام و ژیرانە بدەن. ئەمەش ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ژیانی خێزانی و ئارامی منداڵ دەکات.
٢. دروستبوونی نایەکسانی لەنێوان قوتابخانەکان و خوێندکاران
کاتێک بڕیارەکە تاکەکەسی بێت، هەندێک دایک و باوک منداڵەکانیان دەنێرن و هەندێک نا. ئەمە دەبێتە هۆی نایەکسانی لە خوێندن، چونکە هەندێک منداڵ بەردەوام دەبن و هەندێک دوا دەکەون. لە پەروەردەی نوێدا، دادپەروەری (educational equity) یەکێکە لە بنەما سەرەکییەکان.
٣. تێکچوونی سیستەمی ڕێکخستن و پلاندانان
سیستەمی پەروەردە پێویستی بە ڕێکخستنی دروست هەیە. کاتێک بڕیارەکان نادیار بن، قوتابخانەکان ناتوانن پلانی وانەدانان، هەڵسەنگاندن و چاودێرییەکان بە شێوەیەکی کارا جێبەجێ بکەن.
٤. کاریگەرییە نەرێنییەکان لەسەر مێشکی منداڵ
لە ڕووی زانستی، منداڵان پێویستیان بە ڕێژە و سیستەمی جێگیر هەیە. گۆڕانکارییە بەردەوامەکان و نادیاری، دەبێتە هۆی کەمبوونی سەرنج (attention) و لاوازی لە فێربوون. هەروەها، ئەمە دەکرێت کاریگەری لەسەر گەشەی هەست و سۆز (emotional regulation) هەبێت.
٥. کەمبوونی متمانە بە دامەزراوە فەرمییەکان
کاتێک حکومەت بڕیارێکی یەکلاکەرەوە نادات، خەڵک هەست بە نائاسایی و نەبوونی ڕێنمایی دەکەن. ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونی متمانە بە سیستەمی پەروەردە و حکومەت بە گشتی.
123 جار خوێندراوەتەوە