سەرۆکی ئەمریکا
دەڵێت، هەر رێککەوتنێک بکرێت دەبێت لە دژی ئێران بێت، یان واباشترە هیچ رێککەوتنێک
نەکرێت، جەختیش دەکاتەوە کە چەکی گەرووی هورمزی لە ژێر دەستی ئێران دەرهێناوە،
هاوکات پلانی داهاتووشی لە دژی وڵاتێکی دیکە ئاشکرا دەکات.
دۆناڵد ترەمپ، وێرانبوونی
تەواوەتی تواناکانی سەربازیی ئێران و لەناوچوونی هێزی ئاسمانی و دەریایی ئەو
وڵاتەی ڕاگەیاند، هاوکات ئاماژەی بە داڕمانی سەرکردایەتیی باڵای وڵاتەکە کرد.
ترەمپ جەختی لەوە کردەوە کە ئەوەی لە ئێران ڕوویداوە "گۆڕینی ڕاستەقینەی
ڕژێمە" و ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی پێویست بوو بۆ ڕێگریکردن لە بەدەستهێنانی
چەکی ئەتۆمی لەلایەن تارانەوە کە مەترسییە بۆ سەر ئیسرائیل، ئەوروپا، و ئەمریکا.
لە درێژەی
قسەکانیدا، ترەمپ ڕایگەیاند کە 159 کەشتیی دەریایی ئێران نوقمکراون و بەوەش هێزی
دەریاییان کە بەهێزترین بوو لە ناوچەکەدا، بەتەواوی وێران بووە. هەروەها ئاشکرای
کرد کە سیستەمی بەرگریی ئاسمانی، ڕادار و هێزی ئاسمانیی ئێران بەتەواوی
لەکارکەوتوون. لەبارەی توانا موشەکییەکانەوە، باسی لەوە کرد کە 82٪ی دامەزراوەکانی
موشەک و 85٪ی توانای دروستکردنی موشەکی نوێ و زۆربەی کارگەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان
خاپوور کراون، هەرچەندە هێشتا بڕێک کۆگای چەکیان ماوە.
سەبارەت بە
سەرکردایەتیی ئێران، ترەمپ ڕایگەیاند کە عەلی خامنەیی و سەرکردەکانی ڕیزی یەکەم و
دووەم نەماون و نیوەی سەرکردەکانی ڕیزی سێیەمیش بێسەروشوێنن. ئەو باسی لەوەش کرد
کە پەیوەندییان لەلایەن کەسایەتییە جیاوازەکانی ئێرانەوە پێدەگات بۆ ئەنجامدانی
ڕێککەوتن، بەڵام ئیدارەکەی لە پرۆسەی دۆزینەوەی کەسێکی گونجاوی ئێرانیدان بۆ
دانوستان. لەهەمان کاتدا جەختیکردەوە، کە هەر ڕێککەوتنێک بکرێت دەبێت لە زیانی
ئێران بێت، یان لەوانەیە باشتر بێت کە هیچ ڕێککەوتنێک نەکرێت.
لەلایەکی
دیکەوە، ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە ڕێگەیان نەداوە گەرووی هورمز وەک چەکێک لەلایەن
ئێرانەوە بەکاربهێنرێت و دایانخستووە لێیان. هەروەها وێرانکردنی ئێرانی گەڕاندەوە
بۆ ڕۆڵی ئیسرائیلی هاوپەیمانیان و ئەو گەمارۆ توندەی خستبوویانە سەر وڵاتەکە.
هاوکات مژدەی ئەوەی دا کە لەگەڵ کۆتاییهاتنی دۆخی ئێران، نرخی بەنزین بەخێرایی
دادەبەزێت و لەوانەیە لە جاران هەرزانتریش بێت.
لە کۆتاییدا،
ترەمپ پلانی داهاتووی ئاشکرا کرد و وتی کە دوای ئێران، دەستبەجێ ڕوو لە کێشەی کوبا
دەکەن و چاوەڕوان دەکات بە بینینی فڕۆکەهەڵگرە زەبەلاحەکانی ئەمریکا لە کاتی
گەڕانەوەیاندا، کوبا خۆی بەدەستەوە بدات، هەروەها ئاماژەی بە گەشتێکی زۆر گرنگ کرد
بۆ چین لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا.
14 جار خوێندراوەتەوە