لەگەڵ کۆتاییهاتنی وادەی یاسایی ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەی ئەمریکا لە دژی ئێران دەستیپێکردبوو، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پلانێکی سەربازیی نوێی بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز و بەردەوامیدان بە گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێران خستەڕوو.
بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەی پۆلەتیکۆ، پلانە نوێیەکەی ترەمپ جەخت لەسەر بەردەوامیی گەمارۆدانی بەندەرەکانی ئێران دەکاتەوە، ئەوەش بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانەکانی واشنتۆن بۆ ئەوەی تێچوویەکی زیاتر بە تاران بدەن لە بەرامبەر تێکدانی ڕەوتی ئازادیی وزەدا. هاوکات، ڕۆژنامەکە قەبارەی زیانەکانی ئێران بەهۆی ئەو گەمارۆیانەوە بە نزیکەی ٥٠٠ ملیۆن دۆلار ڕۆژانە دەخەمڵێنێت.
لە لایەکی دیکەوە، پێگەی ئاکسیۆس لە زاری دوو بەرپرسی ئەمریکییەوە بڵاویکردووەتەوە؛ سەرۆکی ئەمریکا بۆ ماوەی ٤٥ خولەک لەلایەن براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا، و سەرۆکی دەستەی ئەرکانەوە زانیاریی وردی پێدراوە سەبارەت بە پلانە سەربازییە نوێیەکان بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن لە ناوخۆی ئێراندا.
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدان، بەگوێرەی یاسای دەسەڵاتەکانی جەنگ، ئەمڕۆ هەینی وادەی ٦٠ ڕۆژەی ئەو ئۆپەراسیۆنە کۆتایی دێت کە لە ٢٨ی شوباتی ڕابردوودا دەستیپێکرد. بۆ تێپەڕاندنی ئەو کۆتوبەندە یاساییانەش، ڕیچارد گۆڵدبێرگ، بەرپرسی پێشووی نەهێشتنی چەکی کۆمەڵکوژیی ئێران لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی، پێشنیاری کردووە ئۆپەراسیۆنێکی نوێ بە ناوێکی نوێوە ڕابگەیەنرێت بۆ تەواوکردنی ئۆپەراسیۆنی پێشوو کە ناوی "توڕەیی داستانئامێز" بوو. ئامانجی ئۆپەراسیۆنە نوێیەکەش "بەرگرییکردنە لە خۆ" بە مەبەستی کردنەوەی گەرووی هورمز و پاراستنی ئازادیی کەشتیوانی و هێشتنەوەی مافی هێرشبردن لە کاتی پێویستدا.
لە پەراوێزی ئەم مشتومڕانەدا، دۆناڵد ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی "نیوز ماکس" ڕایگەیاند؛ ئەوەی ڕوودەدات "ئۆپەراسیۆنێکی سەربازییە" نەک جەنگ، و تارانیش زۆر پەرۆشە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن. ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەمریکا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، بەڵام دەیانەوێت جیاوازیی سەرکەوتنەکە گەورەتر بێت، جەختیشیکردووەتەوە کە دەستکەوتی سەربازی بەتەنها بەس نییە و دەبێت گرەنتی وەربگرن کە تاران هەرگیز نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
ترەمپ دووپاتیشیکردەوە، ئێران لە ڕووی سەربازی و ئابوورییەوە زۆر لاواز بووە و پێویستی بە ٢٠ ساڵە بۆ ئەوەی خۆی بنیاد بنێتەوە.
28 جار خوێندراوەتەوە