بەهۆی گرژییەکانی کەنداو و داخستنی گەرووی هورمز لە ئەنجامی جەنگی نێوان ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیل، نزیکەی ٪٩٠ بۆ ٪٩٥ی توانای هەناردەکردنی نەوتی عێراق پەکیکەوتووە و مەترسیی دروستبوونی قەیرانێکی دارایی گەورە لەسەر بودجەی وڵات هەیە، لەکاتێکدا پەرلەمان داوای ڕوونکردنەوە دەکات، بەڵام حکومەت بێدەنگیی هەڵبژاردووە.
محەممەد بەیاتی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ هەینی (١ی ئایاری ٢٠٢٦) لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند؛ عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین زیانی بەهۆی ڕووداوەکانی کەنداوەوە بەرکەوتووە، چونکە وڵاتەکە بۆ پڕکردنەوەی ٪٩٠ی خەرجییە داراییەکانی پشتی بە داهاتی نەوت بەستووە. ئاماژەی بەوەش کرد، لە ئێستادا توانای هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بەندەرەکانی بەسرەوە بەتەواوی لەکار کەوتووە، هەناردەکردنیش لە ڕێگەی تورکیا و سوریاوە تەنانەت ئەگەر بگاتە بەرزترین ئاست، ناتوانێت جێگەی بەندەرەکانی بەسرە بگرێتەوە.
ئەو پەرلەمانتارە ڕوونیشیکردەوە، لە ڕێگەی چەندین نووسراوی فەرمییەوە داوایان لە حکومەت و وەزارەتی دارایی کردووە بۆ ئەوەی ڕوونکردنەوە لەسەر دۆخی دارایی و کاریگەرییەکانی کەمبوونەوەی هەناردەی نەوت بدەن، بەڵام تا ئێستا هیچ وەڵامێکی ڕوون و تەواویان پێنەگەیشتووە، ئەوەش هەڵسەنگاندنی قەبارەی "شۆکە داراییەکە"ی لەم کاتەدا قورس کردووە. بەیاتی جەختی لەوەش کردەوە، عێراق ڕووبەڕووی کورتهێنانێکی دارایی مسۆگەر بووەتەوە کە کاریگەرییەکانی لە چەند مانگی داهاتوودا بەڕوونی دەردەکەون، بۆیە پێویست دەکات لە بودجەی داهاتوودا پێداچوونەوە بە نرخی نەوتدا بکرێت.
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدان، بەهۆی ئاڵۆزییە ئەمنییەکان و بەئامانجگرتنی ژێرخانی وزە و گواستنەوەی دەریایی، جووڵەی بازرگانی لە کەنداو بەتەواوی ئیفلیج بووە و فشارێکی بێپێشینە کەوتووەتە سەر بەندەرەکانی بەسرە کە بڕبڕەی پشتی ئابووریی عێراقن.
26 جار خوێندراوەتەوە