بڕیارگەی خاتەمولئەنبیا: ئەگەری پێکدادانی نوێ لە نێوان ئێران و ئەمریکا هەیە.

KNN : Kurdish News Network
09:11 - 02/05/2026
جیهان
+
-

فەرماندەیەکی باڵای ئێران هۆشداری دەدات لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی شەڕی نێوان وڵاتەکەی و ئەمریکا و جەختیش لە ئامادەیی تەواوی هێزە چەکدارەکان و خەڵکی وڵاتەکەی دەکاتەوە.

 

محەممەد جەعفەر ئەسەدی، جێگری فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندیی خاتەمولئەنبیای ئێران ڕایدەگەیەنێت؛ ئەگەری دەستپێکردنەوەی پێکدادان لە نێوان تاران و واشنتۆن هەیە و هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەشیان ئامادەیی تەواویان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر سەرکێشییەکی ئەمریکا هەیە.

 

لە لێدوانێکیدا، ئەسەدی ئاماژەی بەوە کرد کە ئاماژە و بەڵگەکان ئەوەیان سەلماندووە ئەمریکا پابەندی هیچ پەیمان و ڕێککەوتنێک نییە و وتی: "هەنگاو و لێدوانەکانی ئەم دواییەی بەرپرسانی ئەمریکا زیاتر ڕەهەندی میدیاییان هەیە، یەکەم بۆ ڕێگریکردنە لە دابەزینی نرخی نەوت و دووەمیش بۆ دەربازبوونە لەو قەیرانەی کە خۆیان دروستیان کردووە."

 

هەروەها جەختی لەوەش کردەوە کە هێزە چەکدارەکانی ئێران بۆ هەر جۆرە سەرکێشی و هەنگاوێکی نوێی ئەمریکییەکان لە ئامادەباشیی تەواودان، هاوکات ڕوونیشیکردەوە کە نەک تەنها هێزە چەکدارەکان و خەڵک، بەڵکو تەنانەت ئەو لایەنە سیاسییانەی کە پێشتر هەندێک ناکۆکییان هەبووە، ئێستا گەیشتوونەتە ئەو تێگەیشتنەی کە دەبێت یەکڕیزیی خۆیان بپارێزن.

44 جار خوێندراوەتەوە