ئەمریکا ئامادەکاری بۆ گەمارۆیەکی درێژخایەن بەسەر ئێراندا دەکات

KNN : Kurdish News Network
10:17 - 29/04/2026
جیهان
+
-

بەرپرسانی ئەمریکا ئاشکرای دەکەن، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕێنمایی داوەتە تیمەکەی ئامادەکاری بۆ گەمارۆیەکی درێژخایەن بۆ سەر ئێران بکەن، لە بەرامبەریشدا تاران مۆڵەتی چەند ڕۆژێکی بۆ ڕاوێژکردن لەگەڵ ڕێبەری باڵای وڵاتەکەی داواکردووە بۆ پێشکەشکردنی پێشنیازێکی نوێ.

 

ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی لە زاری چەند بەرپرسێکی باڵای واشنتۆنەوە بڵاویکردەوە، ترەمپ گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی کە دەستپێکردنەوەی بۆردومان و هێرشی سەربازی یان کشانەوە، مەترسییەکانی زۆر زیاترە لە هێشتنەوەی گەمارۆکان.

 

بەرپرسێکی ئەمریکیش ئاماژەی بەوە کردووە، گەمارۆدانی گەرووی هورمز ئابووریی ئێران تێکدەشکێنێت و وای لێدەکات ڕووبەڕووی سەختییەکی زۆر ببێتەوە لە عەمبارکردنی نەوتەکەیدا.

 

ڕۆژنامەکە ڕوونیشیکردووەتەوە، سەرۆکی ئەمریکا ئامادە نییە دەستبەرداری مەرجە سەرەکییەکەی ببێت کە بریتییە لە پێویستیی پێدانی بەڵێننامە لەلایەن ئێرانەوە بۆ ڕاگرتنی پڕۆسەی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ماوەی لانی کەم 20 ساڵ.

 

 لە بەرامبەردا، ئێران بە نێوەندگیرەکانی ڕاگەیاندووە کە بۆ پێشکەشکردنی پێشنیازێکی هەموارکراو، پێویستی بە چەند ڕۆژێک مۆڵەتە تاوەکو ڕاوێژ لەگەڵ ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران بکات.

67 جار خوێندراوەتەوە