ئەمریکا ناچار دەبێت مەرجەکانی ئێران قبوڵ بکات؟

KNN : Kurdish News Network
08:58 - 28/04/2026
جیهان
+
-

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، نیگەرانە لە نوێترین پێشنیازی ئێران بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگەی ماوەی دوو مانگە بەردەوامە. بەرپرسێکی ئەمریکی ئاشکرایکرد، ئەم پێشنیازەی تاران هیواکانی بۆ چارەسەرکردنی ململانێکان کەمکردووەتەوە کە بووەتە هۆی تێکدانی دابینکردنی وزە، بەرزبوونەوەی هەڵاوسان و گیانلەدەستدانی هەزاران کەس.


بەپێی نوێترین پێشنیازی ئێران، پرسی بەرنامە ئەتۆمییەکەی وەلا دەنرێت تاوەکو جەنگ کۆتایی دێت و کێشەکانی کەشتیوانی لە کەنداو چارەسەر دەکرێن. بەرپرسێکی ئەمریکی کە ئاگاداری کۆبوونەوەی ڕۆژی دووشەممەی سەرۆکی ئەمریکا و ڕاوێژکارەکانییەتی، بە مەرجی نهێنیبوونی ناوەکەی ڕایگەیاندووە؛ ئەم پێشنیازە جێی ڕەزامەندیی واشنتن نییە، چونکە ئەمریکا سوورە لەسەر ئەوەی پرسی ئەتۆمی دەبێت لە سەرەتاوە و وەک بنەمایەک چارەسەر بکرێت، هەر ئەوەش هۆکاری نیگەرانییەکەی ترەمپە لە پێشنیازەکەی تاران.
لەوبارەیەوە، ئۆلیڤیا وێڵز، وتەبێژی کۆشکی سپی ڕایگەیاند: "ئەمریکا لە ڕێگەی میدیاوە دانوستان ناکات و هێڵە سوورەکانمان ڕوونن". ئەمەش لە کاتێکدایە ئیدارەی ترەمپ لە هەوڵی کۆتاییهێنان بەو جەنگەدایە کە لە مانگی شوباتی ڕابردوودا شانبەشانی ئیسرائیل دژی ئێران دەستی پێکرد.


هیواکان بۆ بوژانەوەی هەوڵەکانی ئاشتی کەمبوونەتەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا سەردانی بڕیاردراوی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی و جارید کوشنەری زاوای بۆ ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان هەڵوەشاندەوە. لە بەرامبەردا، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دوای دوو سەردان بۆ پاکستان و سەردانێک بۆ عومان، ڕۆژی دووشەممە گەیشتە ڕووسیا و لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین کۆبووەوە و پشتیوانیی مۆسکۆی بەدەستهێنا. هاوکات لەگەڵ دووریی بۆچوونی لایەنە ناکۆکەکان لە یەکترییەوە، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی ئاسیادا بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی.


فوئاد ڕەزاقزادە، شیکەرەوەی بازاڕەکان ڕایگەیاند: "بۆ بازرگانانی نەوت، چیتر لێدوانەکان گرنگ نین، بەڵکو ئەوەی گرنگە ڕۆیشتنی کرداریی نەوتی خاوە بە گەرووی هورمزدا، کە لە ئێستادا ئەو جووڵەیە سنووردار کراوە".
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەهۆی گەمارۆکانی ئەمریکاوە، لانیکەم شەش کەشتیی نەوتهەڵگری ئێرانی ناچارکراون بگەڕێنەوە بۆ ئێران. وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکانی لەلایەن ئەمریکاوە بە "بەیاساییکردنی ئاشکرای چەتەیی دەریایی و تاڵانیی چەکداری" وەسف کرد. داتاکانی کەشتیوانی دەریدەخەن، هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز کە پێشتر ڕۆژانە ١٢٥ بۆ ١٤٠ کەشتی بووە، لە ڕۆژی ڕابردوودا بۆ تەنها حەوت کەشتی دابەزیوە، کە هیچ کامیان نەوتیان بۆ بازاڕەکانی جیهان هەڵنەگرتبوو.


لەلایەکی دیکەوە، بەهۆی دابەزینی ئاستی جەماوەرییەوە، ترەمپ ڕووبەڕووی فشاری ناوخۆیی بووەتەوە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە. هەر لەم چوارچێوەیەدا، عەباس عێراقچی لە ڕووسیا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، ترەمپ داوای دانوستانی کردووە چونکە ئەمریکا نەگەیشتووەتە هیچ کام لە ئامانجەکانی.


بەرپرسانی باڵای ئێران بە مەرجی نهێنیبوونی ناوەکانیان بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ئاشکرا کردووە، ئەو پێشنیازەی عێراقچی بردبوویە پاکستان، دانوستانی قۆناغ بە قۆناغ لەخۆدەگرێت. هەنگاوی یەکەم بریتییە لە کۆتاییهێنان بە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و پێدانی زەمانەت کە ئەمریکا جەنگەکە دەستپێناکاتەوە. دواتر هەڵگرتنی گەمارۆ دەریاییەکان و یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی گەرووی هورمزە، کە ئێران دەیەوێت لەژێر کۆنتڕۆڵی خۆیدا بیکاتەوە. پاشان لە قۆناغی کۆتاییدا گفتوگۆ لەسەر پرسەکانی دیکە و بەرنامە ئەتۆمییەکە دەکرێت، بە مەرجێک ئەمریکا مافی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ئێران بە فەرمی بناسێنێت.

72 جار خوێندراوەتەوە