دەیڤید بارنیا،
سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد)، ڕایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکانیان لە ئێران
و لوبنان سنوورەکانیان بەزاندووە و دەستیان بە زانیاریی هەواڵگریی زۆر گرنگ و
ستراتیژی گەیشتووە لە ناو هەستیارترین دامەزراوەکانی ئەو دوو وڵاتەدا.
سەرۆکی مۆساد،
ئەمڕۆ سێشەممە، لە لێدوانێکدا ئاشکرایکرد کە دەزگاکەیان لە دامەزراوەیەکی تەرکیزخراو
بۆ ئۆپەراسیۆنی نهێنیی نێوان جەنگەکان، گۆڕاوە بۆ ڕێکخراوێکی "هێرشبەر و
چالاک لە کاتی جەنگدا".
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم گۆڕانکارییە بەڕوونی لەو
ئۆپەراسیۆنانەدا دەرکەوتووە کە دژی ئێران و لوبنان ئەنجامدراون و توانایەکی نوێ و
بێپێشینەیان لە ناوخۆی ئەو وڵاتانەدا نیشانداوە.
بارنیا ئەوەشی
خستەڕوو، گۆڕانکارییەکانی ناو مۆساد پشتیان بەستووە بە دروستکردنی یەکەی نوێ،
توانا تایبەتەکان، تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو و داهێنان لە ئاستە جیاوازەکاندا.
هاوکات جەختیشی لەوە کردەوە کە سەرەڕای بەکارهێنانی
تەکنەلۆژیا، پاراستنی توانای ئۆپەراسیۆنی لەسەر بنەمای هێزی مرۆیی بۆ جێبەجێکردنی
ئەرکە تایبەتەکان پێویستییەکی حەتمییە و ناتوانرێت پشتگوێ بخرێت.
480 جار خوێندراوەتەوە