ئێران لە هەفتەیەکدا زیاتر لە 10 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردەکردووە

KNN : Kurdish News Network
12:36 - 27/04/2026
ئابوری
+
-

بەپێی ڕاپۆرتێکی کۆمپانیای شیکاریی (ڤۆرتێکسا)، سەرەڕای ئەو گەمارۆ دەریاییەی کە لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاوە ڕاگەیەندراوە، لە نێوان 13 بۆ 21ـی نیسانی ئەمساڵدا، نزیکەی 10 ملیۆن و 700 هەزار بەرمیل نەوتی خاوی ئێران بە گەرووی هورمزدا تێپەڕیوە.

 

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو بڕە زۆرەی نەوت لە ڕێگەی شەش کەشتیی نەوتهەڵگری زەبەلاحەوە گواستراوەتەوە، کە سەرجەمیان لە کاتی تێپەڕبوونیان بە ناوچەی گەمارۆکەدا، سیستمی ناسینەوەی ئۆتۆماتیکی (AIS)ـیان کوژاندووەتەوە بۆ ئەوەی ئاشکرا نەبن.

 

کۆمپانیای ڤۆرتێکسا ئەوەشی خستووەتەڕوو، گەمارۆکەی ئەمەریکا مەرج نییە تەنها لە دەرووازەی گەرووی هورمزدا جێبەجێ بکرێت، بەڵکو بە شێوەیەکی نەرم لە ناوچەیەکی فراوانتر و بە دووریی نزیکەی 300 میل لە ڕۆژئاوا، لە نێوان سنووری دەریایی ئێران و پاکستان تا کەناراوەکانی عومان سەپێنراوە.

 

لەگەڵ ئەوەی هەناردەکردنی نەوت بەردەوامە، بەڵام هاتووچۆی کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی پەیوەست بە ئێرانەوە لە دوای دەستپێکردنی گەمارۆکەوە لە 13ـی نیسان، لە دوو بۆ سێ کەشتیی ڕۆژانەوە بۆ تەنها یەک بۆ دوو کەشتی کەمیکردووە.

 

هاوکات لەگەڵ تێپەڕبوونی ئەو کەشتییانە، ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە هێزەکانی ئەمەریکا لە ئاوەکانی ئاسیادا، دەستیان بەسەر لانی کەم سێ کەشتیی نەوتهەڵگردا گرتووە یان ئاڕاستەیان گۆڕیوە کە ئاڵای ئێرانیان هەڵکردووە.

657 جار خوێندراوەتەوە