وەزارەتی
ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارێکی نوێی تایبەت بە لێخۆشبوون لە سزای
دواکەوتنی ڤیزە و نشینگەی بیانییان دەرکرد و ڕایدەگەیەنێت، بۆ مامەڵەی نوێکردنەوە
یان ڕۆیشتنەوە، تەنها سەدا 25ی سزاکانیان لێ وەردەگیرێت.
وەزارەتی ناوخۆ
لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بە مەبەستی هاوکاریکردنی ئەو بیانییانەی بە فەرمی
و لە ڕێگەی ڤیزەوە هاتوونەتە هەرێمی کوردستان و نەیانتوانیوە ڤیزەکانیان درێژ
بکەنەوە یان نشینگەکانیان بەسەرچووە، دەتوانن لە ماوەی 90 ڕۆژی کارکردندا سەردانی
بەڕێوەبەرایەتییەکانی نشینگە بکەن بۆ ڕێکخستنەوەی کارەکانیان.
بەپێی
بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆ، ئەو کەسانەی دەیانەوێت لە هەرێمی کوردستان بمێننەوە یان
بگەڕێنەوە وڵاتەکانیان، تەنها بڕی 25٪ی کۆی گشتیی سزاکانی دواکەوتنیان لێ
وەردەگیرێت، ئەو کەسانەشی دەگەڕێنەوە مۆری دەرچوون لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی نشینگە
وەردەگرن.
وەزارەتەکە
هۆشداریش دەدات کە ئەم فەرمانە لە ڕۆژی دەرچوونیەوە جێبەجێ دەکرێت و تەنها بۆ
ماوەی 90 ڕۆژ کاری پێ دەکرێت، لە دوای تێپەڕبوونی ئەو ماوەیەش، هەر جۆرە
سەرپێچییەکی مانەوە بەپێی ڕێنماییەکانی وەزارەتەکە بە تەواوی سزاکانەوە مامەڵەی
لەگەڵ دەکرێت.
260 جار خوێندراوەتەوە