کۆماری ئیسلامی ئێران داوا لە حکومەتی عێراق دەکات ڕێکاری پێویست بگرێتەبەر بۆ ڕێگریکردن لە دزەکردنی گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران لە سنوورەکانەوە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ چڕبوونەوەی گرژییە سەربازییەکان لە ناوچەکەدا.
عەلی باقری، جێگری ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق ڕایگەیاند: تاران وڵاتانی کەنداوی ئاگادار کردووەتەوە کە لە کردەوە سەربازییەکانیدا باڵیۆزخانەکان، کێڵگە نەوتییەکان و شوێنە مەدەنییەکان ناکاتە ئامانج و هێرشەکانیان تەنها بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکایە.
باقری داواشی لە عێراق کرد، بەپێی ڕێککەوتنامە ئەمنییەکەی نێوان هەردوو وڵات، ڕێگری بکەن لە هەر گروپێکی ئۆپۆزسیۆن کە بیەوێت سنوورەکان ببەزێنێت.
لای خۆیەوە، قاسم ئەعرەجی جەختی لەوە کردەوە کە عێراق پابەندە بە ڕێنماییەکانی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیران بۆ جێبەجێکردنی تەواوی ڕێککەوتنامە ئەمنییەکە و ڕێگە نادەن هیچ گروپێک خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکاربهێنێت.
ئەعرەجی ئاماژەی بەوەش کرد، حکومەتی هەرێمی کوردستان هێزی زیادەی پێشمەرگەی ڕەوانەی ناوچە سنورییەکان کردووە بە مەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەکان.
ئەم داواکارییەی ئێران لە کاتێکدایە، ئاژانسی "ڕۆیتەرز" لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردووەتەوە، کە گروپە چەکدارە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕاوێژیان کردووە سەبارەت بە ئەگەری هێرشکردنە سەر هێزە ئەمنییەکانی ئێران.
عێراق لە کۆتایی ساڵی 2023دا ڕایگەیاندبوو کە بارەگای پارتە ئۆپۆزسیۆنە کوردییەکانی ئێرانی لە خاکی هەرێم چۆڵ کراوە و وەک پەنابەر مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت، ئەوەش لە چوارچێوەی ڕێککەوتنامە ئەمنییەکەی تاران و بەغداد.
778 جار خوێندراوەتەوە