وەزارەتی نەوتی
عێراق ڕایدەگەیەنێت، کارەکانی نۆژەنکردنەوە و خستنەوەگەڕی بۆری هەناردەکردنی نەوتی
خاوی فیشخابوور - جەیهان گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی، کە توانای هەناردەکردنی لە 600
هەزار بەرمیلەوە دەستپێدەکات و تا یەک ملیۆن و 600 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا
بەرز دەبێتەوە.
ساحیب بەزون،
وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە ڕۆژنامەی فەرمی وڵاتەکەی ڕاگەیاندووە، ئامانجی
پڕۆژەکە بەرزکردنەوەی توانای هەناردەکردنی نەوتی عێراقە و هۆکاری دواکەوتنی
کارەکانیش بۆ ڕێکارە تەکنیکییەکان دەگەڕێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بۆرییەکە هیچ کێشەیەکی
جەوهەری نییە، بەڵام بەهۆی ئەوەی بۆ ماوەیەکی زۆر پشتگوێخراوە و لە کاتی
کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەکان لەلایەن چەکدارانی داعشەوە زیانی بەرکەوتووە، پێویستی بە
پشکنینی گشتگیر و چاککردنەوە هەبووە.
وتەبێژەکەی
وەزارەتی نەوت ڕوونیکردووەتەوە، لە ئێستادا کارەکان تایبەتن بە پشکنینی
هایدرۆستاتیکی بۆ بەشی کۆتایی بۆرییەکە و گۆڕینی پەمپەکان بۆ دڵنیابوون لە
کارکردنی بە سەلامەتی.
جەختیشی لەوە
کردووەتەوە کە بەگەڕخستنەوەی ئەم بۆرییە، دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی قەبارەی
هەناردەکردن و سەقامگیرکردنی پرۆسەی دابینکردنی نەوت.
86 جار خوێندراوەتەوە