لاریجانی: ئەنجومەنی کاتیی ڕێبەری پێکدەهێنرێت و بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دەکرێنە ئامانج

KNN : Kurdish News Network
09:41 - 01/03/2026
جیهان
+
-

عەلی لاریجانی دەڵێت ئەنجومەنی کاتیی ڕێبەری پێکدەهێنرێت و بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دەکرێنە ئامانج و لەگەڵ ئەوەشدا ئەمەریکا و ئیسرائیل بەوەی کردیان دڵی گەلی ئێرانیان سوتاند.

 

هەواڵ:KNNC

 

عەلی لاریجانی، یەکێک لە بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند، ئەمریکا و ئیسرائیل پلانی دابەشکردنی ئێران و تاڵانکردنی سەرچاوە سروشتییەکانیان هەیە و جەختیشی کردەوە کە وڵاتەکەی لە نێوان "تەسلیمبوون" و "بەرگری"دا، ڕێگەی دووەمی هەڵبژاردووە. ئاماژەی بەوەش کرد کە بەمزووانە "ئەنجومەنی کاتیی ڕێبەری" پێکدەهێنرێت بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری وڵات تا ئەو کاتەی ڕێبەری نوێ هەڵدەبژێردرێت.

 

لاریجانی هۆشداریدایە وڵاتانی دراوسێ و ڕایگەیاند، بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا وەک "خاکی ئەمریکا" مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و ئەگەر بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکاربهێنرێن، دەبنە ئامانجی سوپای وڵاتەکەی. ئاشکراشی کرد کە لە ڕێگەی باڵیۆزخانەی سویسراوە پەیامی توندیان ئاڕاستەی واشنتۆن کردووە کە هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر ئێران، وەڵامەکەی لێدانی ڕاستەوخۆی بنکە ئەمریکییەکان دەبێت.

سەبارەت بە دۆخی ناوخۆیی و ئامادەکارییەکانی جەنگ، لاریجانی دڵنیایی دایە هاوڵاتیانی وڵاتەکەی کە تەواوی پێداویستییە سەرەتاییەکان و مایەتاجی ژیان دابینکراوە و هۆکارەکانی گواستنەوەش لە نێوان شارەکاندا بەردەوام دەبن. وتیشی: "نێردراوەیەک بۆ واشنتۆن نیشانەی غارتکردنە و ئیسرائیلیش بۆ مانەوەی خۆی چارەی نییە جگە لە هەوڵدان بۆ پارچەپارچەکردنی وڵاتە گەورەکانی ناوچەکە".

 

لە کۆتایی لێدوانەکانیدا، ئەو بەرپرسە ئێرانییە ئاماژەی بە توانای سەربازیی وڵاتەکەی کرد و ڕایگەیاند، ئەزموونی شەڕەکانی ڕابردوو وایکردووە هێزە چەکدارەکانیان بە کەمترین زیانی گیانی چالاکییەکان ئەنجام بدەن و هۆشداریشی دایە ئەو گرووپانەی کە بە وتەی ئەو "قەستی دابەشکردنی ئێران"یان هەیە، کە وەڵامی توندیان چاوەڕوان دەکات.

22 جار خوێندراوەتەوە