هەپەگە: ئێمە درۆنەکەى تورکیامان خستەخوارەوە

KNN : Kurdish News Network
02:33 - 17/03/2025
کوردستان
+
-

هێزەکانى پاراستنى گەل، خستەخوارەوەى درۆنى ئاکنجى تورکیاى راگەیاند و دەڵێت: یەکێکە لە بەهێزترین درۆنەکان و تورکیا پێی وایە بەهیچ جۆرێک ناخرێتە خوارەوە، بەڵام بەمەوە ئەوان سێ دانەیان لێ خستوەتە خوارەوە.


هەواڵ:KNNC


هەپەگە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند؛ دوای بانگەوازی مێژویی ئۆجەلان، بڕیاری ئاگربەستى (پەکەکە) بە تەواوی لەلایەن هێزەکانیانەوە جێبەجێ دەکرێت، بەڵام سەرەڕای ئەوە، چالاکییەکانی هەواڵگری هێزەکانی سوپای تورک بەرەو ناوچەکانمان چڕتر بونەتەوە، هێرشەکانی ئاسمانی و تۆپبارانەکان بەردەوام بون.

 

ئاماژە بۆ ئەوەکراوە کە کاتژمێر 7:20 خولەکى ئێوارەى دوێنی، لەلایەن یەکینەیەکی سەر بە هێزەکانی بەرگری ئاسمانی شەهید دەلال، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لە جۆری ئاکینجی کە بە بەرزی لە ئاسمانی قەندیل فڕیوە و تورک پێی وابوە ناخرێتەخوارەوە، خراوەتە  خوارەوە.

 

جەختیش دەکەنەوە کە  ئەگەر ئەم هێرشانە بەردەوام بن، ئەوانیش بەردەوام دەبن وەک بەرگریی لە خۆیان بیانخەنە خوارەوە و ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن.



ئەوەشخراوەتەڕو کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی چەکهەڵگری جۆری ئاکنجی لەلایەن تورکیاوە بە بەهێزترین فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە قەڵەمدراوە و پێیان وایە بەهیچ جۆرێک ناخرێتەخوارەوە، بەڵام تا ئێستا لەلایەن گەریلاکانەوە بەمەوە سێ دانەیان لێ خراوەتەخوارەوە.

 

رۆژى رابردو لە گوندى سۆفیانى ناحیەى بنگرد، فڕۆکەیەکى بێ فڕۆکەوان خرایەخوارەوە و بەڕێوەبەرى ناحیەکەش بە کەى ئێن ئێنى وت: فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکە کەوتوەتە ناو شوێنى نیشتەجێبونەوە و زیانى ماددى بە ماڵ و ئۆتۆمبێلى هاوڵاتییان گەیاندوە.

481 جار خوێندراوەتەوە