وردەکاریی چۆڵکردنى بارەگاکانى کۆمەڵە بۆ کامپەکانى سورداش

KNN : Kurdish News Network
12:50 - 05/09/2024
کوردستان
+
-

سەرچاوەیەكی باڵا لە هەردو حیزبى کۆمەڵەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان ڕایگەیاند: ئاسایشی سلێمانی ئاگاداری کردونەتەوە تا کۆتایی ئەم مانگە مۆڵەتیان هەیە بۆ چۆڵکردنی بارەگاکانیان و پێویستە بە زوترین کات، بچنە کەمپە نوێکانیان لە سورداش.

 

هەواڵ:KNNC

 

بەپێی ئەو زانیارییانەى کەى ئێن ئێن لەبارەى گواستنەوەى بارەگا و ئەندامانى کۆمەڵە دەستیکەوتوە: دوێنی هێزێکی سەر بە ئاسایشی سلێمانی، سەردانی هەریەك لە بارەگاکانی زڕگوێز و زڕگوێزەڵە و بانە گەورەیان  کردوە و دوا ئاگادارکردنەوەیان داونەتێ.

 

ئاماژەی بەوەش کردوە: سەردانی هێزەکەی ئاسایش، بە مەبەستی ئاگادارکردنەوە بوە کە تا کۆتایی ئەم مانگە، مۆڵەتیان پێ دراوە بۆ چۆڵکردنی بارەگاکانیان لەو سنورانە، بۆئەوەى بە زویی بچنە کەمپە نوێکانیان لە سورداش و ئەو خێزانانەش سەربە کۆمەڵەن و خانویان لە زڕگوزێز بەکرێ گرتوە پێویستە چۆڵى بکەن و بچنە کامپەکانەوە.

 

سەرچاوەکە ئاشکراشى کردوە: بەر لە چەند رۆژێك، سەردانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی کوردستانیان کردوە بە مەبەستی مانەوەیان لە بارەگاکانیان، بەڵام هەوڵەکانیان بێ ئاکام کۆتاییان هاتوە.

 

رۆژی 19ی مانگی رابردو، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، داواى لە وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق کرد، رەزامەندی دەرببڕێت بۆ بەکارهێنانی کەمپی سورداش بۆ جێگیرکردنی ئەو هێزانە، ئەویش رەزامەندیی دا.


421 جار خوێندراوەتەوە