دوای گیان لە دەستدانی بەتەمەنترین ژن كە (117) ساڵ بو، بەتەمەنترین كەسی
جیهان بناسە، وردەكاری ژیان و خواردنە دڵخوازەكانی بزانە.
هەمەڕەنگ: (KNNC)
بەپێی ئەو زانیارییانەی ئەسۆشێیتد پرێس لە كتێبی گینسەوە بڵاویكردوەتەوە، دوای گیان
لە دەستدانی ماریا براناس مۆریرای ئیسپانی لە تەمەنی (117) ساڵیدا، تۆمیکۆ
ئیتۆکای، كە ژنێكی ژاپۆنییە ئێستا كە تەمەنی (116) ساڵە بوە بەتەمەنترین کەس لە جیهاندا.
تۆمیکۆ ئیتۆکای لە (23ـی ئایاری 1908) لە ئۆساكای ژاپۆن دایک بوە، بەرواری
لەدایكبونەكەشی لەلایەن گروپی توێژینەوەی پیرەوە پشتڕاستکراوەتەوە، ئێستا لە شاری
ئاشیا لە پارێزگای هیۆگۆ لە ژاپۆن نیشتەجێیە و نازناوی بەتەمەنترین کەسی جیهانی پێبەخشراوە.
سێ مانگ پێش ئێستا ئیتوکا، یادی لەدایک بونی خۆی کردەوە و لەلایەن سەرۆكی شارەوانی
ئەو شارەی لێی نیشتەجێییە، گوڵ و کێک و کارتی پیرۆزبایی پێگەیشت، کاتێکیش
ئاگادارکرایەوە کە بوەتە بەتەمەنترین کەس لە جیهانندا، وتی: "سوپاس".
لە قوناغی خوێندن بەگشتی و بەتایبەتی لە ئامادەیی یاریزانی بالەی خوێندنگاكەی
بوە، لە تەمەنی (20) ساڵیدا هاوسەرگیری کردوە و خاوەنی دو کچ و دو کوڕە، هەمو بەیانیەک
خواردنەوەیەکی بەناوبانگی ژاپۆنی بەتامی ماست بە ناوی "کەلبیس" دەخواتەوە
و خۆشترین تامی میوە بەلای ئەو خانمە ژاپۆنییەوە مۆزە.
لە کاتی جەنگی دوەمی جیهانیدا، کارگەی قوماشی هاوسەرەکەی بەڕێوەبردوە، دوای
گیان لە دەستدانی هاوسەرەکەی لە ساڵی (1979) و پێش ئەوەی بچێتە ناو خانەی بەساڵاچوان
لە شارۆچکەی نارا بە تەنیا ژیاوە، تۆمیکۆ ئیتۆکای ژاپۆنی كەسێكی وەرزش دۆستە و تا
ئێستا توانیویەتی دو جار بەسەر چیای ئۆنتاکی کە بەرزییەکەی سێ هەزار و (67) مەترە
سەربكەوێت، هەروەها وتویەتی؛ دوای تەمەنی (100) ساڵی چێژی لە رۆیشتن بە پێ وەرگرتوە.
244 جار خوێندراوەتەوە