شەپۆلێکی سەرمای وشک بەڕێوەیە

KNN : Kurdish News Network
11:51 - 23/09/2022
کوردستان
+
-

بەپێی پێشبینییە كەشناسییەكان، لە ئەمشەوەوە و بەهۆی ھاتنی بارستەھەوایەکی وشک و سارد بۆ ناوچەكانی هەرێمی كوردستان، پلەكانی گەرما بەشێوەیەكی بەرچاو دادەبەزێت و هاوڵاتیانی ناوچە شاخاوییەكان ناچار دەبن ئامێرەكانی گەرمگەرەوە بەكاربهێنن.

ئاراس جەبار، شارەزای بواری كەشناسی لە رونكردنەوەیەكدا دەڵێت، ”لە کاتەکانی ئەمشەو بەدواوە لە ئەنجامی ھاتنی بارستەھەوایەکی وشک و سارد لە وڵاتی تورکیاوە کاریگەری ئەم شێ و نزمە پاڵەپەستۆی لەماوەی دو رۆژی ڕابردو کاریگەری ھەبو لەسەر کەشی ناوچەکانمان نامێنێت و بە کەمبونەوەی شێ و بەرزبونەوەی پەستان لەناوچەکەدا کاریگەری گەرما زیاتر کەم ئەبێتەوە و ئەمشەو کەشێکی سارد ناوچەکە دەگرێتەوە و لەناوچە شاخاویەکان پێویست بە بەکارھێنانی ئامێرە گەرمکەرەوەکان دەکات.”

دەشڵێت، سبەینێ شەممە پلەکانی گەرما بەرێژەی یەك پلە نزمتر ئەبێتەوە و بەم شێوەیە ئەبێت لەسەنتەری پارێزگاکانی ھەرێم (سلێمانی 32 بە 18 ، ھەولێر 23 بە 21 پلە ، دھۆک 32 بە 19 پلە ، ھەڵەبجە 34 بە 20 پلە ، کەرکوک 34 بە 23 پلە).

ئاماژەی بەوەشکردوە ”دو سبەی کاریگەری ئەم بارستە ھەوایە زیاتر ئەبێت و پلەکانی گەرما نزمبونەوەیەکی زیاتر بەخۆیەوە ئەبینێت و لەشەواندا کەش زیاتر سارد ئەبێت کە بەھۆی جیاوازی زۆری پلەی گەرمی شەو رۆژەوە ئەم ماوەیە ئەگەری بڵاوبونەوەی پەتای وەرزی لە ئارادا ھەیە و خۆتان بپارێزن.”

دەشڵێت:"ڕۆژی دوشەممەوە کاریگەری ئەم بارستە ھەوایە نامێنێت و پلەکانی گەرما بەرەو بەرزبونەوە بۆ سەرو تێکرای ئاسایی دەچێتەوە".

750 جار خوێندراوەتەوە