لە چەند رۆژی رابردو وەفدێکی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران بە جیا لەگەڵ
یەکێتی نیشتمانى کوردستان و پارتی دیموکراتى کوردستان کۆبونەتەوە، لە
کۆبونەوەکە ئێران باسی بەرنامەی دوای تەواوبونی چلەی ئیمام حسێنی بۆ پارتی و
یەکێتی کردوە کە پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق بوە.
بەپێی زانیارییەکانی کەی ئێن ئێن، یەکێتی و پارتی ئامادەیی خۆیان بۆ
رێککەوتن لەسەر پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق بە وەفدەکەی ئێران راگەیاندوە، کەی ئێن
ئێن دەستی گەیشتوە بە ناوەڕۆکی ئەو رێککەوتنەی کە ئێستا تەنها راگەیاندنی ماوە.
بەپێی زانیارییەکانی کەی ئێن ئێن، پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق لەنێوان
د.لەتیف رەشید و حاکم رزگاردا ماوە، ئەگەر ئەم حکومەتە، حکومەتێکی کاتی بێت و
هەڵبژاردنی پێشوەختە بکرێت، ئەوا یەکێتی حاکم رزگار دەکاتە سەرۆک کۆمار چونکە
بەوتەی سەرچاوەکە "لەتیف رەشید لەکۆبونەوەیەکدا بە مەکتەبی سیاسیی وتوە، بۆ
ساڵێک نابمە سەرۆک کۆمار".
هاوکات پەیامێک گەیەندراوە بە بافڵ تاڵەبانی کە یەکێتی ناکرێت سەرۆکەکەی لە
ماڵی مام جەلال بێت و جێگری سەرۆکی حکومەت هەر لە پشکی ماڵی مام جەلال بێت، هاوکات
سەرۆک کۆماریش نزیکی ئەوان بێت، بۆیە ئەم هۆکارانە وادەکات چانسی حاکم رزگار ئەمین
بۆ بون بە سەرۆک کۆمار زیاتر بێت.
لەلایەکی دیکەوە قسەکەی چەند رۆژی رابردوی جەعفەر ئیمینکی، ئەندامی مەکتەبی
سیاسیی پارتی کە وتی: کاندیدی ئەمجارەی سەرۆک کۆمار، کاندیدی هەمو کوردە، مەبەست
لێی حاکم رزگار ئەمین بوە.
کەی ئێن ئێن زانیویەتی، وەفدی ئێران دوای پشتیوانیکردنی لەم بەرەوپێشچونەی
یەکێتی و پارتی، بەڵێنی ئەوەشی پێداون ئەگەر لەنێوان حاکم رزگار و لەتیف رەیشددا
رێکنەکەوتن، ئامادەیە بۆ 72 کاتژمێر کارئاسانیان بۆ بکات بۆ دوبارە کردنەوەی
دەرگای خۆ پاڵاوتن، بۆ ئەوەی کاندیدێکی هاوبەش پێشکەش بکەن.
هەر بەپێی زانیارییەکانی کەی ئێن ئێن، یەکێتی و پارتی لەسەر ناکۆکییە سیاسییەکانی
بەڕێوەچونی حکومڕانی لە هەرێمی کوردستان، رێککەوتنێکی نوێیان بۆ چوار ساڵی داهاتوی
دوای ئەم خولەی پەرلەمان کردوە، ئەویش گەڕانەوەیە بۆ سیستمی پەنجا بە پەنجا و
بەشداری پێنەکردنی هیچ هێزێکی سیاسیی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، تەنانەت لەو
کۆبونەوەیەشدا باسی بزوتنەوەی گۆڕانیان کردوە کە یەکێتی پێیوایە بەشداریی
بزوتنەوەی گۆڕان ناهاوسەنگی خستە ناو پشک و بەرکەوتی نێوان یەکێتی و پارتی، ئەوەش
هۆکار بوە لەبەرامبەر ئەو پەرتبونەى ئێستا رویداوە، بۆیە بەباشیان زانیوە، جارێکی
تر بگەڕێنەوە سەر سیستمەکەی پێش ساڵی 2009، کە دابەشکردنی پۆست و دەسەڵات بو
لەنێوان یەکێتی و پارتی خۆیاندا.
هەر لەو کۆبونەوەیەدا پارتی بە راشکاوی باسی لە مەرجی بەشداریکردن لە حکومەتی نوێی
عێراقدا کردەوە و بە وەفدەکەی ئێرانی وتوە:"لە چەند رۆژی رابردودا مەسعود
بارزانی، چاوی بە محەمەد شیاع سودانی کەوتوە و ناوبراو بەڵێنی ئەوەی پێداون کە
لەکابینەکەی ئەودا رێککەوتنی کۆنکرێتی و یەکلاکەرەوە بکرێت لەسەر دۆسییەی نەوت و
غاز، تەنانەت سودانی بە بارزانی وتوە:"من تێدەگەم ئەو نەوتەی ئێوە دەیفرۆشتن
پارەکەی ناچێتە دەرەوەی عێراق و هەر بۆ هاوڵاتیانی عێراقی خەرج دەکرێتەوە، بۆیە من
پشتیوانی رێککەوتن دەکەم کاریش بەو بڕیارانەی دادگای فیدراڵی عێراق ناکەین.
وەفدەکەی پارتی بە ئێرانیان راگەیاندوە؛ ئەگەر ئێوە پشتیوانی بەڵێنەکەی
محەمەد شیاع سودانی دەکەن، ئەوا ئێمە پشتیوانی دەبین بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکى حکومەت.
ئەمە ناوەرۆکی بەشێک بو لەو خاڵە گرنگانەی نێوان یەکێتی و پارتی، کە لە
چەند رۆژی داهاتودا بە رەسمی لەنێوان هەردولادا رادەگەیەندرێت.
ئەم رێککەوتنەکە، دەبێتە جێگرەوەی رێککەوتنی ستراتیژی نێوان یەکێتی و پارتی
کەلەسەر دەستی جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانی، نوسرایەوە و ئیمزاکرا.
ناوەڕۆکی ئەم رێککەوتنە باس لە دابەشکاریی داهات دەکات بەپێی سنوری
جوگرافیی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ دابەشکاریی دەسەڵات و تەنانەت
رێککەوتنەکە شۆڕبوەتەوە بۆ وردەکاریی راگەیاندنەکانی هەردولا.
سلێمانى؛ بڕیار نامیق
4991 جار خوێندراوەتەوە