دوو مامۆستاكەی زانکۆى سەڵاحەدین بۆچی کوژران؟... کەى ئێن ئێن هۆکارەکەى ئاشکرا دەکات

KNN : Kurdish News Network
10:43 - 28/06/2022
کوردستان
+
-

خوێندکارێکى تەقەکەر لە زانکۆى سەڵاحەدین، دو مامۆستاى کوشت و فەرمانبەرێکى بریندارکرد.

بەپێى زانیارییەکانى کەى ئێن ئێن، خوێندکارە تەقەکەرەکە لە زانکۆى سۆران خوێندکار بووە و لەلایەن مامۆستایەکى ژنەوە فەسڵکراوە، دواتر خوێندکارەکە داواى وەرگرتنى لە بەشى یاساى زانکۆى سەڵاحەدین پێشکەش کردووە، بەڵام بە پاساوى نایاسایى بونى لەلایەن راگرى کۆلێژى یاساوە داواکەى رەتکراوەتەوە.

دواى رەتکردنەوەى داواکەرییەکەى لەلایەن راگرى کۆلێژى یاساوە، خوێندکارەکە هەڕەشەى لێدەکات و د. کاوان ئیسماعیل راگرى کۆلێژى یاسا سکاڵاى یاسایى لەسەر تۆمار دەکات و خوێندکارەکە بۆ ماوەى هەفتەیەک دەستگیر دەکرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە، خوێندکارەکە بەچەکەوە دەچێتە ناو زانکۆى سەڵاحەدین و سەرەتا فەرمانبەرێکى پرسگە بریندار دەکات و دواتر دەچێتە نوسینگەى د. کاوان و بە پێنج گولـلە بەسەختى بریندارى دەکات و دواى گەیاندنى بە نەخۆشخانە گیان لەدەستدەدات، دواتر خوێندکارەکە مامۆستایەکى دیکەى کۆلێژى ئەندازیارى بەناوى د. ئیدریس عیزەت حەمەخان دەکوژێت.

بەپێى زانیارییەکانى کەى ئێن ئێن، د. ئیدریس عیزەت حەمەخان هاوسەرى ئەو مامۆستا ژنەى زانکۆى سۆرانە کە خوێندکارەکەى فەسڵ کردووە.

دواتریش لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا، ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر، وێڕاى پشتڕاستکردنەوەى ئەو زانیارییانەى لە هەواڵەکەى کەى ئێن ئێن،دا، خراونەتەڕو، کوژرانى هەردو مامۆستاکەى پشتڕاستکردەوە  و داواشى کرد تەقەکەرەکە خۆى رادەستى یاسا بکات.

 

هەولێر؛ عەبدولوەهاب ئەحمەد

3441 جار خوێندراوەتەوە