فۆتۆگرافەرێک چرکەساتی پڕ ئازار لە کۆڕەی 1991 تۆمار دەکات

KNN : Kurdish News Network
12:22 - 04/04/2022
ڕاپۆرت
+
-

یانیس بەهراکیس، بە کامێراکەی یەکێک لە گەورەترین ئازارە مێژوییەکانی کوردی تۆمار کرد ئەو تاساڵی 2019 بەردەوامبو لە تۆمارکردنی نەهامەتیی مرۆڤەکانی سەر گۆی زەوی تا دواجار خۆیشی بەهۆی ئازاری شێرپەنجەوە گیانی لەدەستدا.

کورد لە پێناو پاراستنی ناسنامەکەیدا روبەڕوی نەهامەتی و نسکۆ بوەتەوە مانگی ئازاریش بیرهێنەرەوەی یەکێکە لەو نەهامەتیانە کە رۆژنامەنوسێکی یۆنانی رۆڵی گرنگی هەبوە لە تۆمارکردنی چرکەساتە ناخهەژێنەکانیدا.

کۆڕەوی کورد لە ساڵی 1991 یەکێکە لەو نەهامەتییانەی کە بەتۆمارکردنی وێنەکانی-- ئەو نەهامەتییە بوە پرسێکی جیهانی، یەکێک لەو فۆتۆگرافانەی کە بە کامێراکەی چرکە ساتەکانی ئەو مێژوەی تۆمار کرد یانیس بەهراکیس بو، ئەو رۆلێکی گەورەی هەبو لە پیشاندانی برینی قوڵی کورد لەو رۆژگارە پڕ لە مەینەتی و مەرگەساتە.

بەهراکیس تا کۆچی دواییشی وەک فۆتۆگرافەر و میدیاکارێک بەردەوامبو لە تۆمارکردنی ئەو کارەسات و نەهامەتییانەی کە بەهۆی جەنگ و کۆچ روبەڕوی مرۆڤەکان دەبوە.

ئاستی بەرپرسیارێتی و مرۆڤدۆستیی وای لەو فۆتۆگرافەرە کردبو، لە ساڵی 1989وە دەست بە تۆمارکردنی چرکەساتە مێژوییەکانی ئەو مرۆڤانە بکات کە بەهۆی جەنگ و ئاوارەبونەوە روبەڕوی نەهامەتی دەبونەوە.

ساڵی 1991 وەک فۆتۆگرافەری ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز خۆی دەگەیەنێتە سنورەکانی باکوری کوردستان و ئەو نەهامەتییانە تۆمار دەکات کە بەهۆی کۆڕەوەکەوە بەسەر کورد دا دێت.

 

ئەگەرچی زۆربەی وێنە تۆمارکراوەکانی بەهراکیس لەو کۆڕەوە کاریگەر و ناخهەژێن بو، بەڵام  ئەم دو وێنەیە سنورەکانی جیهانی تێپەڕاند ئاستی گەورەی ئەو نەهامەتییەی گەیاندە دەرەوەی ئەو سنورانەی کە کوردی تێدا ئازار دەدرا.

ئەو توانی بە بڵاوکردنەوەی وێنەکانی کۆڕەو لە مۆزەخانە و پێشانگاکانی زۆبەی وڵاتانی جیهان، بارگرانیی پرسی کورد لە هەرێمی کوردستان بەجیهانیی بکات و ئەو پرسە تەنها لە نەخشە و سنورێکی دەستکردا نە‌مێنێتەوە.

بەهراکیس ساڵی 1960 لە ئەسینای پایتەختی یۆنان لەدایکبو و بۆ ماوەی زیاتر لە 30 ساڵ بە فۆتۆکانی قوڵایی ئازار و نەهامەتییەکانی مرۆڤەکانی لە جیهان تۆمارکرد و هەموانی کردە لاپەڕەیەکی گرنگ لە مێژو.

ئەو بە کامێراکەی زۆربەی چرکە ساتە ناخۆش و ئازار بەخشەکانی روداوەکانی ئەوروپا و ئەفریقا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تا دەگاتە ئەو پەڕی کیشوەری ئاسیای تۆمار کرد ئەوەش وای کرد دەیان خەڵاتی گەورەی وەک پولیتیزەر و فوجی پێ ببەخشرێت.

دوایین فۆتۆی ناخهەژێنی بەهراکیس باوکێکی کۆچبەر لە سنوری یۆنان بو کە لە ژێر باراندا کیژۆڵەکەی توند لە ئامێز گرتوە و ماچی دەکات، ئەو وێنەیەش کاریگەریی زۆری لەسەر وڵاتانی جیهان بۆ پرسی کۆچ هەبو.


بەهراکیس لەسەر وێنە وتی ئەو ماچ و ئامێزە ئەوپەڕی سۆزی بێسنوری باوکێکە بۆ کیژۆڵەکەی.

دواجار ساڵی 2019 بەهراکیس کە 30 ساڵ ئازارەکانی مرۆڤەکان لە ناویشیاندا کوردی تۆمار کرد بە ئازاری نەخۆشی شێرپەنجە لە تەمەنی 58 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

 

یانیس بەهراکیس

514 جار خوێندراوەتەوە