لەبارەى مەترسى داڕمانى تونێلێکەوە رونکردنەوە دەدرێت

KNN : Kurdish News Network
04:43 - 21/01/2022
کوردستان
+
-

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە رایدەگەیەنێت، چەند گرفتێک لە پۆڕتاڵی دیواری دەرەوەی تونێلی ماوەران دروست بووە و پەیوەندیی بە تونێلەکەوە نییە و مەترسی داڕمانیشی لەسەر نییە.

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیاندراوێک بڵاویکردەوە، دوای بەدواداچوونی وردی تەکنیکی بۆ تونێلى ماوەران لە نزیک قەزاى شەقڵاوە لە پارێزگای هەولێر، تونێلەکە درزی نەبردووە و ستراکچەری تونێلەکە سەلامەتە و هیچ مەترسییەک لەسەر داڕمانی نییە.

باس لەوەش کراوە كە دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی ئەوەی گوایە درزێک لە تونێلى ماوەران لە نزیک قەزاى شەقڵاوە دروست بووە، دوای بەدواداچوونی وردی تەکنیکی، دەرکەوت کە بابەتەکە بەو شێوازە نییە و ئەوەی هەیە دروستبوونی چەند گرفتێکە لە پۆڕتاڵی دیواری دەرەوە، وەکو کەوتنی چەند شوێنێک لە لاشانەکان یاخود بوونی چەند درزێک لە دیوارەکە، ئەویش تەنها چینی ڕووپۆشی دیوارەکەی دەرەوەیە، هیچ پەیوەندییەکی بە تونێلەکەوە نییە.

وەک لە روونکردنەوەکەدا هاتووە، ئەو کەموکورتیانەی دروست بوون لە ئەنجامی ڕاوەستان و کارنەکردنە لە پرۆژەکەدا کە بەهۆی قەیرانی دارایی و خەرج نەکردنی شایستە داراییەکانی بەڵێندەر، ماوەی شەش ساڵە ڕاوەستاوە.

تونێلی ماوەران بەشێکە لە پڕۆژەی دروستکردنی جووتسایدی کۆڕێ- شەقڵاوە- قەندیل، بە درێژی (935)مەتر، پێکهاتووە لە دووسایدی چوون و هاتن، گشت بڕگەکانی شارستانی لەناو تونێڵەکە تەواو بوە، ئەوەی ماوە تەنها بڕگەکانی ئیلیکترۆمیکانیکی و کارەبایی ناوەوەیە، پڕۆژەکە بە گشتی لە (86%)ی کارەکانی تەواو بووە.

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن ده‌ڵێت، "بەرپرسیارییەتی پڕۆژەکە لە تەواوکردن و چاککردنەوەی هەر کەموکورتییەک لە ئەستۆی کۆمپانیای جێبەجێکارە لە داهاتوودا".

ئاماژەی بەوەش کردووە؛ لەسەر داوای هاتوچۆی هەولێر و لەسەر فەرمانی پارێزگای هەولێر بە مەبەستی کەمکردنەوەی بەشێک لە تڕافیکی سەر رێگای قەزای شەقڵاوە بەتایبەتی ڕۆژانی پێنجشەممە و هەینی کە خەڵک بۆ گەشت سەردانی ناوچەکانیان دەکرد ئەم ڕێگایە کرایەوە، هەرچەندە ڕێگاکە و تونێڵەکە تەواو نەکراون و پڕۆژەکە وەستاوە و هاتوچۆ پێیدا پەسەند و گونجاو نییە.

771 جار خوێندراوەتەوە