وتەبێژى حکومەتى هەرێم: زیاتر لە (1300) دەرچوى زانکۆ و پەیمانگاکان دادەمەزرێن

KNN : Kurdish News Network
03:21 - 01/12/2021
کوردستان
+
-

وتەبێژى حکومەتى هەرێم لەبارەى دامەزراندنى دەرچوە یەکەمەکانى زانکۆ و پەیمانگاکان رونکردنەوە دەدات و ئاماژە بۆ ئەوەشدەکات لەسەر بنەماى راپۆرتێکى وەزیرى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى هەرێم لیژنەیەک بۆ رەخساندنى هەلى کار پێکدەهێنرێت.

 

جوتیارعادل، وتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە کۆبونەوەى ئەمڕۆى ئەنجومەنى وەزیراندا رەزامەندى درا لەسەر دامەرزاندنى یەکەم و دووەم و سێیەمى زانکۆ و پەیمانگاکان کە دەرچوى ساڵى خوێندنى (2016-2017) و  ژمارەیان (1378) دەرچووە.

 

راشیگەیاند، لەسەر بنەماى راپۆرتى وەزیرى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى کە تایبەت بو بەرەخساندنى هەلى کار بۆ هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستان و جێگرتنەوەى کرێکارى بیانى، لیژنەیەک پێکدەهێنرێت بۆ رەخساندنى هەلى کار.

 

سەبارەت بەپرسى کۆکردنەوەى داهاتى هەرێمى کوردستان کە چەند رۆژێکە بوەتە جێى مشتومڕى  پەرلەمانتارانى پارتى و یەکێتى، وتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان وتى: "میکانیزمى کۆکردنەوەى داهات لە پارێزگاى سلێمانى بەپێى پێویست نیە، وەزیرى دارایى و ئابوریش چەند جارێک لەگەڵ بەرپرسى فەرمانگە پەیوەندیدارەکان سەردانى سلێمانیان کردوە و راپۆرتێکیان لەوباریەوە ئامادەکردوە.

 

رونیشیکردەوە، بەشێک لەهۆکارەکە پەیوەستە بە دەوامنەکردنى بەشێک لە فەرمانبەران و پابەندنەبون بە رێنماییەکانى وەزارەتى دارایى.

 

وتەبێژى حکومتى هەرێم ئاماژەى بۆئەوەشکرد، وەزیرى دارایى گرفتەکانى چارەسەرکردوە، بڕیاردراوە رێنماییەکانى وەزارەتى دارایى وەک خۆى جێبەجێ بکرێت و بەدواداچونی زیاتریش بۆ ئەو بابەتە دەکرێت.  

 

جەختیشى کردەوە، لەهەر پارێزگایەکى دیکە کێشەى هاوشێوە هەبێت و ببێتەهۆى دواکەوتنى موچە؛ حکومەت رێوشوێنى پێویست دەگرێتەبەر.

1290 جار خوێندراوەتەوە