بەر لە حەوت ساڵ لەکاتێکدا داعش بەرەو بەغدا دەکشا، بەڵام لەناکاو ئاراستەی هێرشەکانی گۆڕی بەرەو ناوچە کوردنشینەکانی دەشتی نەینەوا و هەرێمی کوردستان، گەورەترین زیانمەندی ئەو ئاراستە گۆڕینەی داعش کوردانی ئێزدى بوون، چونکە زیاتر لە هەزارن کەسیان کوژران و هەزارنیشیان رفێنران كە زۆرینەیان لە رەگەزی مێ بوون، تائێستاش چارەنوسی نزیکەی سێ هەزارکەسیان نادیارە ئەوە جگە لەوەی سەدان هەزاریان ئاواربوون.
بەپێی دواین ئاماری نوسینگەی رزگارکردنی ئێزدییەکان، ئاماری قوربانیانی ئێزیدی لەئەنجامی هێرشی داعش بۆسەر ناوچەکانیان بەم جۆرەیە:
(1293) کوژراو
(6417) کەس رفێنراون
(3548) لە رەگەزى مێ، (2869) رەگەزى نێر
(3550) کەسیان ئازادکراون
(360) هەزار کەس ئاوارەبوون
لە قوربانی دەستی داعشەوە بۆ قوربانی ململانێی سیاسی
هەرچەندە شەنگال دوای ساڵێک و سێ مانگ لە داگیرکردنی ئازادکرا، بەڵام ئازادکردنی لە چنگی داعش نەبوە هۆی گەڕانەوەی سەقامگیری بۆ ئەو قەزایە، ئەوەش بەهۆی سروشتی ململانێکانی ئەو هێزە سیاسی و چەکدارییانە کە لەو ناوچەیەدان.
لەسەرەتای ئەمساڵدا حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاسایی کردنەوەی دۆخی شەنگال و ئاوەدانکردنەوەی رێککەوتن، بەڵام رێککەوتنەکە تائێستا تەنها رێککەوتنێکی نوسراوە، بەمانایەکی تر؛ هیچی لە دۆخی کارەساتباری شەنگال نەگۆڕیوە.
غەیاس سورچی، کارگێڕی مەڵبەندی نەینەوای یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کە لە نزیکەوە ئاگاداری وردەکارییەکانی ئەو رێککەوتنەیە، بەدیجیتاڵ میدیای (KNN)ی راگەیاند، ئەو رێککەوتنە هیچی لێ جێبەجێ نەکراوە و تەنانەت هیچ هەنگاوێکیش بۆ جێبەجێ کردنی نەنراوە.
داگیرکردنی شەنگال لەلایەن داعشەوە تەنها ناوچەکەی نەکرد بە ناوچەیەکی کارەساتبار، بەڵکو گۆڕانکاری بەسەر پێگەی هێزە سیاسیەکان و دابەش بوونی خەڵکەکەی بەسەرهێزە سیاسیەکانداهێنا، ئێستا شەنگال بوەتە پێگەی چالاکی چەندین هێز و لایەنی سیاسی و خۆیان بە خاوەنی راستەقینەی شەنگال دەزانن، ئەوەش لەسەر ئەو بنەمایەی لە ساتەوەختی هێرشی داعش و کۆمەڵکوژکردنی دانیشتوانی ئەو ناوچەیەدا؛ ئەوان بەرگریان لێکردون، هۆکاری سەرەکی جێبەجێ نەکردنی ئەو رێککەوتنەش ئەو دابەش بونە سیاسیە نوێیەیە کە لەو ناوچەیەدا دروست بووە.
لەو بارەیەوە غەیاس سورچی وتی: "لەبەرئەوەی رێکەوتنەکە لە نێوان پارتێکی سیاسی و حکومەتی مەرکەزیدا بووە و لایەنە سیاسیەکانی دیکە و خەڵکی شەنگال ئاگاداری رێککەوتنەکە نەبوون، بۆیە تائێستا رێککەوتنەکە تەنانەت (1%)ی لێ جێبەجێ نەکراوە.
پێشمەرگە تاکە هێز لە دەرەوەی شەنگال
بەپێی خاڵێکی رێککەوتنەکەی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی ناوەندی کە لە (9-1-2021) واژۆکرا، دۆسیەی ئەمنی قەزای شەنگال لە دەستی پۆلیس و دەزگای ئاسایشی نیشتیمانیدا دەبێت و سەرجەم هێزەچەکدارەکانی تر دەکرێنە دەرەوەی قەزاکە، بەڵام ئەوەی ئێستا جێبەجی دەکرێت، تەواو پێچەوانەی ئەو خاڵەیە، چونکە جگە لەهێزە فەرمیەکان هەریەک لە حەشدی شەعبی، هێزی چەکداری پەکەکە، یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال (یەبەشە)، ئاسایشی ئێزیدخان، هەرچەندە هێزێکیش بەناوی یەکینەکانی پاراستنی شەنگال لە سنوری ئەو قەزایە جێگیرکراون کە لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە پاڵپشتی دەکرێن، بەڵام بەوتەی ئەو بەرپرسەى یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ئەو هێزە لە ژێرناوی پێشمەرگەدا کارناکەن، بەو پێەش تاکە هێزێک کە لە رووی فیزیکیەوە لە شەنگال وجودی نیە، هێزی پێشمەرگەیە.
قەزایەک و دوو قایمقام
ئەو دۆخە ناسەقامگیرەى شەنگال تەنها بواری سیاسی و ئەمنی نەگرتوەتەوە، بەڵکو پەلی کێشاوە بۆ ئیدارەدانی ئەو قەزایەش؛ بە جۆرێک ئێستا شەنگال دوو قایمقامی هەیە، بەڵام هیچ کامیان بەکردەیی پیادەی دەسەڵاتەکانی قایمقام ناکەن.
مەحما خەلیل بەفەرمی قایمقامی شەنگالە، بەڵام بەهۆی ئەو دابەشبونە سیاسیەی ئەو قەزایەی گرتوەتەوە، دانیشتوانەکەی رەتیانکردەوە و رێگەیان نەدا بچێتەوە بۆ شەنگال، ئێستا لەناحیەی فایدێ سەر بە پارێزگای نەینەوا کارەکانی بەڕێوەدەبات و کەسێکی تر بەوەکالەت لە شەنگال ئەو پۆستە بەرێوەدەبات، بەڵام ئەمیش دەسەڵاتی سەرۆکی یەکەی کارگێری پیادە ناکات.
غەیاس سورچی، کە بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی مەڵبەندی نەینەوای یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە وتی: "سەرەرای بوونی قایمقام، بەڵام شەنگال لەلایەن ئەو هێزانەوە بەڕێوەدەبرێت کە لەشەنگال باڵادەستن، ئەوانەش بەشێکیان لەژێرهەژمونی حەشدی شەعبی و بەشێکی زۆریشیان نزیکن لە پارتی کرێکارانی کوردستانەوە".
شەنگال پێویستی بە رێککەوتنێکی ترە
ئەو رێککەوتنەی کە سەرەتای ئەمساڵ کرا وەک لە دەقەکەیدا هاتوە؛ بە ئامانجی ئاسایی کردنەوەی دۆخی شەنگال بووە، بەڵام نەک دۆخەکەی ئاسایی نەکردەوە، بەڵکو ناسەقامگیرتری کرد، بۆیە چاودێرانی سیاسی ئەوانەی لە نزیکەوە ئاگاداری دۆخی ئەو ناوچەیە بەباشی دەزانن بیر لە رێککەوتنێکی جێگرەوە بکرێتەوە.
غەیاس سورچی هاوڕایە لەگەڵ ئەم بۆچونە و دەڵێت: پێویستە ئەو رێککەوتنەی ئێستا هەموار بکرێتەوە یاخود رێککەوتنێکی تر بکرێت، بە مەرجێک هیچ لایەنێکی تێدا پەراوێز نەخرێت و لایەنە سیاسیەکان و خەڵکی شەنگال بەشێکبن لەو رێککەوتنە.
ئامادەکردنى / ئازا ئیبراهیم
713 جار خوێندراوەتەوە