عەلى حەمە ساڵح زانیارى لەبارەى (200) ملیارەکەى بەغدا و موچە و قاچاخچێتى ئاشکرادەکات

KNN : Kurdish News Network
08:29 - 19/07/2021
کوردستان

عەلى حەمە ساڵح ئەندامى فراکسیۆنى گۆڕان لەپەرلەمانى کوردستان زانیارى نوێ لەبارەى پرسى لێبڕینى موچە و دیاردەى قاچاخچێتى سنورەکان و چارەنوسى ئەو (200) ملیار دینارەى لە حکومەتى عێراقەوە بۆ هەرێمى کوردستان دەنێردرێت، ئاشکرا دەکات.

 

لەمیانى بەشداریکردنى لە بەرنامەى ستیۆدیۆ رادیۆى کەناڵى (KNN)، عەلى حەمە ساڵح ئەندامى فراکسیۆنى گۆڕان لەپەرلەمانى کوردستان رایگەیاند، هیچ بیانویەک نەماوە بۆ لێبڕینى موچە، چونکە دۆخى دارایى هەرێم باشە.

 

رونیشکردەوە، تەنها بە داهاتى نەوت و ئەو (200) ملیار دینارەى بەغدا و ئەو پارەیەى کە هاوپەیمانان دەیدەن بە حکومەتى هەرێم دەتوانرێت (80%) ى پارەى موچە دابین بکرێت، ئەمە جگە لە داهاتى ناوخۆ.

 

لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا لەبارەى چارەنوسى ئەو (200) ملیار دینارەى بەغدا ناردویەتى ئەو ئەندامەى فراکسیۆنى گۆڕان لە پەرلەمانى کوردستان رایگەیاند، ناردنى ئەو بڕە پارەیە بەشێک نیە لەجێبەجێ کردنى یاساى بودجەى عێراق، بەڵکو بابەتێکى سیاسیە،  ئەگەر هەڵبژاردن بکرێت پێدەچێت ناردنی ئەو (200) ملیار دینارە تاکو دواى هەڵبژاردن بەردەوام بێت.


راشیگەیاند، ئەگەر یاساى بودجە جێبەجێ بکرێت و پاکتاوى حسابات لە نێوان حکومەتى هەرێم و عێراق بکرێت، هەرێم توشى گرفت دەبێت چونکە ئەو پارەیەى کە بەپێى یاساى بودجە پێویستە رادەستى بەغداى بکات زیاترە لەو پارەیەى کە دەستى دەکەوێت.

 

سەبارەت بە دیاردەى قاچاخچێتیش لە فڕۆکەخانە و دەروازە سنورییەکان، عەلى حەمە ساڵح ئاشکراى کرد، قاچاخچێتى لە دەروازە سنورییەکان بەردەوامە، بەڵام لە فڕۆکەخانەى سلێمانى راگیراوە.

1015 جار خوێندراوەتەوە