دەرمانێك بۆ چاكبونەوە لە كۆرۆنا بەرهەمدەهێنرێت

KNN : Kurdish News Network
09:48 - 30/05/2021
تەندروستی
+
-

كۆمپانیایەكی ئیسرائیلی دروستكردنی دەرمان ئاشكرای دەكات، چارەسەرێكی دروستكردووە كە دەتوانێت نەخۆشی كۆرۆنا بەڕێژەی (100%) چاكبكاتەوە، ئەوەش لە تاقیكردنەوەكان لەسەر 10 كەس بەتەواوی دەركەوتووە.

 

 
كۆمپانیا "بۆنس بیۆ گروپ" بەڕۆژنامەی "جیرۆزالم پۆست"یان ڕاگەیاندووە، لەناوەندی رمبام بۆ چاودێری تەندروستی لە شاری حەیفا، تاقیكردنەوەكانیان لەسەر چەند نەخۆشێك ئەنجامداوە كە تەمەنیان لەنێوان (45 بۆ 75) ساڵیدا بووە، هەموویان نیشانەكانی كۆرۆنایان بە قورسی هەبووە.

 

بەپێی هەواڵەكە (90%) ئەوانەی تاقیكردنەوەكەیان لەسەركراوە، جگە لە كۆرۆناكە نەخۆشی دیكەیان هەبووە.

 

دوای وەرگرتنی چارەسەرەكە ڕێژەی هەوكردنی سی نەخۆشەكان بەڕێژەی 40% كەمبۆتەوە، دوای پێنج ڕۆژی ڕێژەی هەوكردنەكە 1%بووە، هەروەها كاركردنی كۆئەندامی هەناسەی نەخۆشەكان زۆر باشبووە و ڕێژەی ئۆكسجین لە خوێنیاندا گەیشتووەتە (95%).

 

دروستكردنی ئەو چارەسەرە لەكاتێكدایە چەند دەرمانێكی دیكە دژی (كۆڤید 19) دروستكردووە، ئەمە جگە لە بەڕێوەچونی هەڵمەتەكانی كوتان لە وڵاتانی جیهان، هەموو ئەوانەش ئاماژەن بۆ كۆتاییەكی نزیكی ئەو پەتایەی زیاتر لە ساڵێكە بەرۆكی جیهانی گرتووە و ملیۆنان كەسی كردە قوربانی.

 

بەپێی چەند تاقیكردنەوەیەك كە توێژەران لە ئەمریكا و ئوستورالیا ئەنجامیانداوە، توانیویانە نزیك بنەوە لە چارەسەرێك كە (99.9%) نەخۆشییەكە چارەسەر دەكات، بەتایبەت ئەو كەسانەی نیشانەی قورسیان هەیە و ڤایرۆسەكەیان بە توندی گرتووە.

 

پرۆفیسۆر نایگڵ ماكمیڵن كە پسپۆڕێكی ئوستورالییە و بەشداری تاقیكردنەوەكانی كردووە ئاشكرای دەكات، چارەسەركە لە دەرزییەك پێكهاتووە، ئەوەی جیایدەكاتەوە دەتوانرێت دەرمانەكەی لەپلەی گەرمی ژووردا هەڵبگیرێت، هەروەها بەبڕی كەم و بەپێی پێوست دەدرێت بە نەخۆشەكە، هاوكات دەتوانێت چارەسەری سەرجەم ڤایرۆسەكانی خێزانی كۆرۆنا و سەرجەم جۆرەكانی بكات، چونكە ڕاستەوخۆ جینی بەرپرس لە ڤایرۆسەكە دەكاتە ئامانج

1738 جار خوێندراوەتەوە