پڕۆگرامی جیهانی بۆ دابینکردنی ڤاکسینەکان بۆ وڵاتانی هەژار "
کۆڤاکس " ڕایگەیاند،" پێویستمان بە دوو ملیار دۆلاری دیکە هەیە تاوەکو
بتوانین پێدانی ڤاکسینەکان بە وڵاتانی هەژار بۆ لە سەدا 30 زیاد بکەین".
کۆڤاکس باسی لەوەکردووە، " تاوەکو دووی مانگی شەش پێویستی بە
دوو ملیار دۆلاری دیکە دەبێت، بۆئەوەی ڤاکسین بۆ (30٪) دانیشتوانی (92) وڵاتی هەژار دابین بکات".
تا ئێستا کۆڤاکس (70) ملیۆن بەشە ڤاکسینی بۆ (126) وڵات دابین
کردووە، بەڵام پڕۆگرامەکە کێشەی کەمی ڤاکسینی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنای هەیە.
وابڕیاربوو هیندستان بەشی هەرە زۆری ڤاکسینەکان بۆ کۆڤاکس دابین
بکات، بەڵام بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لەو وڵاتەدا دەسەڵاتدارانی هیندستانی ناچار
کرد ڕێگە لە هەناردەکردنی ڤاکسینەکان بگرن تاوەکو لە ناوخۆدا بەکاربهێندرێن.
لەلای خۆیەوە ئەمەریکا ڕایگەیاند (80) ملیۆن بەشە ڤاکسین دەبەخشێت،
ئەمەش زۆرترین بەشە ڤاکسینە کە لەلایەن تەنها یەک وڵاتەوە دەبەخشرێت، بەڵام تاوەکو
ئێستا واشنتن ئاشکرای نەکردووە ئەم ڤاکسینانە بۆ کوێ دەچن و کێش دابەشییان دەکات.
368 جار خوێندراوەتەوە