وەزارەتى کارەبا زانیارى لەبارەى کوژرانى کارمەندەکەیانەوە دەدات

KNN : Kurdish News Network
11:52 - 29/03/2021
کوردستان
+
-

وتەبێژى وەزارەتى کارەباى هەرێم رایگەیاند: کەمێک پێش ئێستا تەقە لە کارمەندێکى وەزارەتەکەیان کراوە و کوژراوە ،بریکارى وەزارەتى کارەباش هۆکارەکەى بۆ (KNN) ئاشکرا دەکات.


ئومێد ئەحمەد وتەبێژى وەزارەتى کارەبا بە دیجیتاڵ میدیاى (KNN)ى راگەیاند: کەمێک پێش ئێستا تەقە لە کارمەندیکى کچ لە ناو وەزارەتى کارەبا کراوە و کوژراوە.

 

 

هەرچەندە وتەبێژەکەی وەزارەتی کارەبا، هیچ زانیارییەکى دیکەى لەبارەى روداوەکەوە نەدرکاند و وتى: لەئێستادا بەڕێگەوەین بۆ شوێنى روداوەکە و لێکۆڵینەوە لە روداوەکە دەستى پێکردووە.

 

 

بەپێى زانیارییەکانى، دیجیتاڵ میدیاى (KNN)، کارمەندەکە تەمەنى (35) ساڵە و لەلایەن کارمەندێکی وەزارەتەوە کوژراوە.

 


لاى خۆیەوە کامیل محەمەد قەزاز بریکارى وەزارەتى کارەبا بە بە دیجیتاڵ میدیاى (KNN)ى راگەیاند: کچێک کە تازە پڕۆسەى هاوسەرگیرى پێکهێناوە، لە وەزارەتى کارەبا پیشەى ئەندازیارە و لەناو گەراجى وەزارەتەکەوە لەلایەن کوڕێکەوە تەقەى لێکراوە و بەسەختى بریندارکراوە و دواتر گیانی لەدەستداوە.

 

 

ئاشکرایکرد، تۆمەتبارەکەش کارمەندى وەزارەتى کارەبایە و دواى تەقەکردن و کوشتنى کچەکە لەناو ئۆتۆمبێلەکەیدا بوراوەتەوە و دواتر دەستگیرکراوە.

 

بەوتەى بریکارى وەزارەتى کارەبا، دۆسیەکە کۆمەڵایەتییە و ئەو کەسەى تەقەى لە کچەکە کردووە چەند جارێک چوەتە داواى، بەڵام ماڵى کچەکە رازى نەبوون کچەکەیانى پێ بدەن.

5815 جار خوێندراوەتەوە