(30) ساڵ بەسەر راپەڕیندا تێدەپەڕێت

KNN : Kurdish News Network
10:40 - 05/03/2021
کوردستان
+
-

ئەمڕۆ (30) ساڵ بەسەر دەستپێكی راپەرینەكەی ئازاری ساڵی (1991) تێدەپەڕێت، دوای ساڵانێكیش لەو رووداوە مێژووییە، بەڵام هێشتا كۆی ئەو ئامانجانەی خەڵك لە پێناویاندا راپەڕینیان کرد؛ بەدی نەهاتوون، سەروەریی یاسا و دیموكراسی و دادپەروەری، دیارترین ئەو ئامانجانەی ڕاپەڕینن كە دوای زیاتر لە چارەكە سەدەیەك، نەتوانراوە بەرقەرار بكرێن.

 

(5) ئازار، بەراورێکی چەسپاو لە زیهنی میللەتێکدا

راپەرین، ئەو جوڵانەوە جەماوەرییەی لە (5)ى ئازارى (1991) لە رانیە دەستیپێكرد و لە نەورۆزی هەمان ساڵدا بە رزگاركردنی كەركوك تاجی سەرکەوتنی، لە مێژووی نوێی باشوری كوردستانیدا بە گەورەترین روبەربونەوەی جەماوەریی لە دژی رژێمی داگیركەرەكانی عێراق دادەنرێت، هەر بۆیە دوای تێپەڕبونی ساڵانێکی زۆر تائێستا ئەو جوڵانەوەیە وەك خۆی لە بیرەوەری خەڵكدا ماوەتەوە.

 

دیموکراسی و سەروەری یاسا... سەرابەکەی راپەڕین

كۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی بەعس و پاراستنی شوناسی كوردبوون كە لەو سەردەمەدا لەبەردەم هەرەشەدا بوون دەسكەوتی بەدیهاتووی ڕاپەرینن، لەكاتێكدا ئەو جوڵانەوەیە ئامانجی گەورەتری هەبوو، بەدیهێنانی دادپەروەری كۆمەڵایەتی و دیموكراسی دووان لەو ئامانجانە بوون كە بەدرێژایی ساڵانی دوای راپەرین نەتوانرا بەدی بهێنرێن، بەڵام ویستی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بۆ بەدیهێنانیان خامۆش نەبوو، لە ساڵانی دواتردا بەشێوازی جۆراوجۆر هەمان داواکاری روبەرووی بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرایەوە، خۆپیشاندانەکانی ساڵانی رابردووش شایەتی ئەو راستیەن.

 

 کەرکوک... دەسکەوتە لە دەستچوەکەی راپەڕین

لە راپەڕیندا زۆرینەی خاکی باشوری کوردستان بەکەرکوکیشەوە ئازادکران، بەڵام دوای تێپەڕبوونی (30) ساڵ  بەسەر ئەو مێژووەدا، ئاراستەی رووداوەکان بە جۆرێک  رۆیشتن کە کورد لە کەرکوک و ناوچە دابرێنراوەکان لە رووی هێز و دەسەڵات و هەژموونەوە لە پاشەکشەدایە و لە زۆرینەی دەسەڵاتدارەوە بوەتە کەمینە و چارەنوسیشی لەو ناوچانە لەبەردەم مەترسیدایە.

 

لەخەباتی چەکداریەوە بۆ(30) ساڵ حوکمڕانی

لەهەموو حاڵەتێكدا راپەڕین وەرچەرخانێکی ناوازەی مێژوی هاوچەرخی باشوری کوردستانە، ئەم وەرچەخانە ئەرکی پارتە سیاسیەکانی لە خەباتی سیاسی و چەکداریەوە گۆڕی بۆ حکومڕانی و ئیدارەدانی هەرێمی کوردستان، حوکمڕانیەک کە دوای (30) ساڵ نەیتوانیوە داواکاری ئەو خەڵکە بهێنێتەدی کە داینەمۆی راپەڕین بوون.

569 جار خوێندراوەتەوە