لە ماوەی (50) رۆژی رابردودا لە سلێمانی
(163) کەس بوونەتە قوربانی روداوەکانی هاتوچۆ، تیژڕەوی و تێپەڕاندنی هەڵە و بەکارهێنانی
مۆبایل هۆکاری یەکەمی ئەو روداوانە بوون. لەلایەکى دیکەشەوە هاتوچۆی سلێمانى پێشنیاری
کردووە ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان دوای گومرگ کردن تۆمار بکرێن.
عەمید فەرەیدون عومەر بەڕێوەبەری
هاتوچۆی سلێمانی بە دیجیتاڵ میدیای (KNN)ی راگەیاند:
لەماوەی رابردودا وەزارەتی ناوخۆ کۆمەڵێک بڕیار و رێنمایی نوێی دەرکرد بۆ کۆمپانیاکانی
هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل، ئێستا بڕیار و رێنمایی نوێ هەیە سەبارەت بە رێکخستنی کارەکانی
کۆمپانیاکانی هاوردەکردن و گواستنەوەی ئۆتۆمبێل و کۆمپانیاکانی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل،
لەمەودوا پێشانگاکانی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێلیش لە چوارچێوەی کۆمپانیادا رێکدەخرێن،
بەوپێیەی دەبێت هەموو ئەو کۆمپانیایانە پابەندبن بەو مەرجانەی بۆیان دیاریکراوە.
وتیشی: لەمەودوا سیستمیکی نوێ پەیڕەو
دەکرێت کە پێی دەوترێ سیستمی گرێبەستی ئەلیکترۆنی، بەوپێیە دەبێت کۆمپانیای هاوردەکار
پابەندبێت بەوەی کە ئۆتۆمبێلێک هاوردە دەکات لەماوەی (90) رۆژدا ئەگەر نەیفرۆشت تۆماری
بکات لەسەر کۆمپانیاکەی خۆی.
جەختیش دەکاتەوە، هەر کۆمپانیایەکی
کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل و هەر هاوڵاتییەکیش کە ئۆتۆمبێلی دەستی فرۆشیارێکی دیکە دەکڕێت،
دەبێت لەیەکێک لە پێشانگەکانى ئۆتۆمبێل گرێبەستی ئەلیکترۆنی بۆ بکرێت و گرێبەستەکەش
راستەوخۆ دەچێتە ناو سێرڤەری بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆوە لە هەر پارێزگایەک لە
سنوری خۆی.
بەڕێوەبەرى هاتوچۆى سلێمانى راشیگەیاند،
ئەو هاوڵاتیانەى ئۆتۆمبێل دەکڕن پێویستە لەماوەی (30) رۆژدا ئۆتۆمبێلەکەی بکات بەناوی
خۆیەوە، ئەمەش لەپێناو کۆتایی هێنان بەو کێشە زۆرەی بەو هۆیەوە دروست بووە، چونکە
لە ئەنجامی کڕین و فرۆشتنی یەک بەدوای یەک و تۆمارنەکردنی گرێبەستی فرۆشتن و نەگواستنەوەی
خاوەندارێتی؛ کێشەیەکی زۆر دروست بووە.
لەبارەی ئۆتۆمبیلی خوار مۆدێل و
چارەسەرکردنی ئەو پرسە، عەمید فەرەیدون عومەر بەڕێوەبەری هاتوچۆی سلێمانی، وتی: "تائێستا
ئامارێکی فەرمی نیە بۆ ئۆتۆمبێلی خوار مۆدێل کە هاتونەتە ناوەوەی هەرێم، بەڵام مەزەندە
دەکرێت بە هەزاران ئۆتۆمبێل و گرفتێکی گەورەیان بۆ هاتوچۆ دروستکردووە، هەندێکیان
بەبێ ژمارە یان بە ژمارەی ساختە دەسوڕێنەوە و مەترسی ئەمنیان دروست کردووە، چونکە
هیچ ناسنامەیەکیان نییە".
دەشڵێت: "پێشنیارمان کردووە بۆ
وەزارەتی ناوخۆ لەبەرئەوەى ژمارە ئەو ئۆتۆمبێلانە ئەوەندە زۆرە و لێپرسینەوە لەگەڵیان
دژوارە، چارەسەری پێویست ئەوەیە رەوانەی گومرگ بکرێن و رسوماتی گومرگی بدەن و تۆماربکرێن".
عەمید فەرەیدون عومەر ئاماری روداوەکانی
هاتوچۆی دوو مانگی سەرەتای ئەمساڵی بۆ دیجیتاڵ میدیای (KNN) ئاشکراکرد و رایگەیاند: لە رۆژی (1/1/2021) تا ئەمڕۆ، لە سنوری بەڕێوەبەرایەتی
هاتوچۆی سلێمانی (110) روداوی هاتوچۆ تۆمارکراوە و بەهۆیەوە (13) کەس گیانیان لەدەستداوە
و (150) کەسی دیکەش برینداربوون.
1901 جار خوێندراوەتەوە