سەیرترین حاڵەت و رووداوە پزیشكی و تەندروستییەكانی (2020)

KNN : Kurdish News Network
06:01 - 05/01/2021
تەندروستی

هەواڵی تایبەت بە قوربانیانی كۆرۆنا و ئەنجامدانی توێژینەوە و دۆزینەوەی ڤاكسین و بابەتەكانی دیكەی پەیوەندیدار بە ڤایرۆسەكەوە، بەدرێژایی ساڵ شوێنی تایبەت و سەرەكی لە میدیاكاندا داگیركردبوو؛ تەواوی جیهان گرنگیان پێدەدا، لەهەمان كاتیشدا چەند حاڵەتێكی پزیشكی دیكە تۆماركراوە كە بە سەیر و دەگمەن ناودەبرێن.

ماڵپەڕی (Live Science) لیستی سەیرترین حاڵەت و ڕووداوە پزیشكی و تەندروستییەكانی (2020) بڵاوكردۆتەوە، كە بەسەیرترینی ئەمساڵ و ڕەنگە چەندین ساڵی دیكەش دابنرێن.

1- میزی سەوز: گۆڕانی ڕەنگی میز بۆ سەوز یەكێكە لە حاڵەتە مەترسیدارەكان و ڕەنگە بەچەند هۆكارێك ڕووبدات.
لەمساڵدا پیاوێكی تەمەن (62) ساڵ ڕەوانەی نەخۆشخانەی شیكاگۆ كرا، دوای پشكنینەكان دەركەوت خوێنی ڕێژەیەكی بەرز لە دووەم ئۆكسیدی كاربۆنی تێدایە، ئەوەش حاڵەتێكە ژیانی كەسێك دەخاتە مەترسییەوە.
ئەو پیاوە بۆ وەرگرتنی چارەسەر خرایە سەر ئامێری هەناسەدانی دەستكرد و دەرمانی بێهۆشكاری گشتی پێدرا كە بە پرۆپۆفۆل ناسراوە، دوای پێنج ڕۆژ ڕەنگی میزەكەی گۆڕا بۆ سەوز، ئەوەش پزیشكەكانی توشی سەرسوڕمان كرد.
پسپۆڕەكان باسیان لەوەكردووە، دەرمانی پرۆپۆفۆل هۆكاری ئەو گۆڕانە بووە، ئەوەش بە حاڵەتێكی دەگمەن دادەنرێت، چونكە دوای پێنەدانی دەرمانەكە ڕەنگی میزی كەسەكە ئاسایی بۆتەوە.

2- ڕەگی بەلەكی كوشندە: ڕووەكی بەلەك یەكێكە لەو گیایانەی لە كوردستان و زۆرینەی وڵاتانی جیهان وەك چارەسەر بۆ چەند حاڵەتێك بەكاردێت، بەڵام پیاوێكی ئەمریكی تەمەن (54) ساڵ لە ویلایەتی ماساچۆستس بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا.
پسپۆڕەكان باسیان لەوە كردووە ئەو ڕووەكە ماددەی ژەهراوی تێدایە و ئەو پیاوەش لەگەڵ ئەوەی سیستمێكی خراپی خواردنی هەبووە، ڕۆژانە بڕێكی زۆری لێبەكارهێناوە، بۆیە لێدانەكانی دڵی تێكچووە و گیانی لەدەستداوە.

3- دەرزییەك لە دڵدا: گەنجێكی بەریتانی تەمەن (17) ساڵ توشی ئازارێكی بەهێز دەبێت لە سنگیدا و دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە و ئەنجامدانی پشكینین دەردەكەوێت دەرزییەكى درومان لەدڵیدایە كە قەبارەكەی (3.5) سانتیمەتربووە و پزیشكەكان لەڕێی ئەنجامدانی نەشتەرگەری كراوەی دڵ دەرزییەكەیان دەرهێناوە.
دوای لێكۆڵینەوەكان دەركەوتووە ئەو گەنجە كاری درومان دەكات و هەندێ جار دەرزییەكان بەدەمی دەگرێت، بێ ئەوەی هەستی پێبكات یەكێكیانی قوتداوە و گەیشتووە بە دڵی.

4- جەستەیەك بە سێ گورچیلەوە: پیاوێكی بەرازیلی پسپۆڕەكان توشی شۆك دەكات كاتێك لەڕێی تیشكەوە دەردەكەوێت سێ گورچیلەی هەیە.
ئەو پیاوە تەمەنی (38) ساڵە و بەهۆی ئازاری پشتەوە سەردانی نەخۆشخانەی كردووە، پسپۆڕەكان كاتێك وێنەی تیشكی بۆ پشتی دەگرن بەڕێكەوت درك بە بونی سێ گورچیلە دەكەن، كە یەكێكیان ئاساییە لای چەپ و دوانەكەی دیكەش لای ڕاست و لە نزیك حەوز بەیەكەوە نوساون.

688 جار خوێندراوەتەوە