جیهان لە چاوەڕوانی دوو رێککەوتنی مێژوییدا

03:04 - 15/09/2020
جیهان

جیهان لە چاوەڕوانی رووداوێکی مێژووییدایە، شوێنی روداوەکە کۆشکی سپیە رووداوەکەش رێورەسمی واژۆکردنی رێکەوتنی ئاشتیە لە نێوان هەریەک لە ئیماراتی  یەکگرتوی عەرەبی و بەحرەین؛ لەگەڵ ئیسرائیل، کە بریارە ئەمڕۆ لە یەکێک لە باخچەکانی کۆشکی سپی بەڕێوەبچێت.

چاودێرانی دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەراست پێیانوایە، ئەو دو رێککەوتنە کە لەهەفتەکانی رابردودا ئاشکرا کران، دەبێتە سەرەتای قۆناغێکی نوێ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، قۆناغێک کە مژدەی ئاشتی و سەقامگیری پێیە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

رێککەوتنەکەی ئیسرائیل لەگەڵ ئیمارات بوارەکانی کردنەوەی باڵیۆزخانە، وەبەرهێنان، گەشتوگوزار، گەشتی ئاسمانیی راستەوخۆ، ئاسایش، هێڵەکانی پەیوەندی، تەکنەلۆژیا، وزە، تەندروستی، کولتوور و ژینگە دەگرێتەوە، بەڵام تائێستا ناوەڕۆکی رێککەوتنەکەی لەگەڵ بەحرەین ئاشکرا نیە.

بەپێی ئاژانسەکانی هەواڵ، شاندی ئیسرائیل بۆ ئەو رێککەوتنە لەلایەن بنیامین نەتانیاهۆوە سەرۆکایەتی دەکرێت، هەریەک لە یوسی کۆهین سەرۆکی دەزگای هەواڵگری مۆساد و مائیر بن شبات راوێژکاری ئاسایشی نەوتەوەیی یاوەری دەکەن، شاندی ئیماراتی یەکگرتوی عەرەبیش لەلایەن عەبدوڵا بن زاید وەزیری دەرەوە سەرۆکایەتی دەکرێت ئەندامەکانیشی بریتین لە وەزیرانی ئابوری، کاروباری دارایی، پیشەسازی و تەکنەلۆژیا و وەزیری دەوڵەت بۆکاروباری هەماهەنگی نێودەوڵەتی.

بەحرەینیش بەهەمان شێوەی ئیمارات بە شاندێک کە لەلایەن عەبدولەتیف ئەلزەیانی وەزیری دەرەوە سەرۆکایەتی دەکرێت، ئامادەی واژۆکردنی رێککەوتنەکە دەبێت.

جگە لەلایەنەکانی رێککەوتنەکە، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا وەک سەرپەرشتیاری رێککەوتنەکە و جارید کۆشتنەری راوێژکاری و ژمارەیەک لە  بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا و وڵاتانی دیکەش ئامادەی ئەو مەراسیمە مێژوییە دەبن كە پێدەچێت ژمارەیان بگاتە (700) کەس.

هەرچەندە رێککەوتنی ئەو دوو وڵاتەی کەنداو لەگەڵ ئیسرائیل کەوتوەتەبەر هێرشی توندی بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی و ناوچەکە بە تایبەتی ئێران، بەڵام کەمیش نین ئەو وڵاتانەی کە پشتیوانی لێ دەکەن، میسر و بەریتانیا دو لە دیارترین وڵاتانی ناوچەکە و جیهانن کە بەو هەنگاوە خۆشحاڵن و پێشوازی لێ دەکەن.

ئیمارات و بەحرەین دەبنە سێیەم و چوارەم وڵاتی عەرەبی کە پەیوەندیەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی دەکەنەوە، میسر لەساڵی (1979) دوای چەند جەنگێکی خوێناوی بوە یەکەم وڵاتی عەرەبی کە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردەوە بەدوای میسردا شانشینی ئوردن لە ساڵی (1994) هەمان هەنگاوی هەڵگرت، چاوەڕان دەکرێت لە ئایندەیەکی نزیکدا ژمارەی ئەو وڵاتە عەرەبیانەی کە ئەزمونەکەی ئەو چوار وڵاتە تاقی دەکەنەوە روو لە زیادبون بکات.

963 جار خوێندراوەتەوە