وەزیری بازرگانی هەرێم: کار بۆ پەیداکردنی بازاڕ بۆ ساغکردنەوەى بەروبومەکانی جوتیاران دەکەین

KNN : Kurdish News Network
02:54 - 09/07/2020
کوردستان
+
-

بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ کێشە و گرفتەکانی جووتیاران، لیژنەی کشتوکاڵ لە پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ وەزیرانی بازرگانیی و کشتوکاڵ کۆبونەوە.

 

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا هەریەک لە وەزیرى بازرگانی و وەزیرى کشتوکاڵ، لەگەڵ لیژنەى کشتوکاڵ و ئاودێری لە پەرلەمانی کوردستان رایانگەیاند، هەوڵی بەردەوام دەدەن بۆ ئەوەی بازاڕ بۆ بەرهەم و بەروبومی ناوخۆیی بدۆزرێتەوە و بازاڕی شارەکانی عێراق باشترین بازاڕ دەبێت بۆ بەرهەمی جوتیارانی هەرێم.

 

کەمال موسلیم وەزیری بازرگانی و پیشەسازی هەرێم ئاماژەى بەوەکرد، لەهەوڵی بەردەوامدادەبن بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشە و گرفتانەی رووبەڕوی جوتیاران دەبێتەوە، بەتایبەت کاردەکەن بۆ پەیداکردنی بازاڕ بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمەکانی جوتیاران.

هاوکات عەبدولستار مەجید سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری لە پەرلەمانى کوردستان رایگەیاند: "داوامان کردووە ئەگەر بە رێژەیەکی کەمیش بێت قەرەبووی ئەو جوتیارانە بکرێتەوە کە بەرهەمەکانیان ساغ نەبووەتەوە و بەهۆی بێبازاڕییەوە زەرەر و زیانێکی زۆریان کردووە.

هەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ ئاماژەی بەوەکرد، ئەمساڵ لە پێناو ساغ بونەوەی بەرهەمی ناوخۆیی؛ بەرێژەیەکی زۆر بەرز باج خراوەتە سەر کاڵای هاوردەکراو.

537 جار خوێندراوەتەوە