وردەکاریی چۆنیەتی تووشبوونی دوو هاوڵاتییەکەی بازیان بە کۆرۆنا

03:12 - 08/04/2020
کوردستان

بەڕێوەبەری ناحیەی بازیان وردەکاریی دەربارەی تووشبووەکانی بازیان ئاشکرا دەکات و رایدەگەیەنێت پرسەکەی چەمچەماڵ سەرچاوەی تووشبوونی دوو هاوڵاتییەکەی بازیانن.

 

ئیسماعیل ئەحمەد بەڕێوەبەری ناحیەی بازیان بە دیجیتاڵ میدیای KNNی راگەیاند، تووشبووەکەی بازیان دوای ئەوەی خاڵی کۆچی دوایی کردووە، بۆ پرسەکەی چووە بۆ چەمچەماڵ و نزیکەی پێنج رۆژ لەوێ ماوەتەوە.

 

ئاماژەی بەوەش کرد، دوای ئەوەی زانیویانە ئەو کەسە رۆیشتووە بۆ پرسە، خێرا نمونەیان لێوەرگرتووە، بەڵام هەڵگری ڤایرۆسەکە نەبووە.

 

روونیشیکردەوە، دوای ئەوەی حاڵەتەکان لە چەمچەماڵ دەرکەوتوون، بۆ دڵنیایی نموونە لە ژنەکە وەرگیرایەوە و پشکنینی بۆ کرایەوە، دەرئەنجامی پشکنینەکەش دەرکەوت تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە.

 

بەڕێوەبەری ناحەیەی بازیان وتیشی، تیمەکانی تەندروستی سلێمانی روویان لە بازیان کرد و پشکنینیان بۆ 10 کەسی دیکە ئەنجامدا، لە ئەنجامدا دەرکەوت منداڵێکی 13 ساڵان کە برازای تووشبووکەیە هەڵگری ڤایرۆسەکەیە.

 

دەربارەی ئەوەی ئەم ژنە چۆن رۆیشتووە بۆ چەمچەماڵ وتی،، ئەم کەسە کە چووە بۆ چەمچەماڵ بە ڕێگای لاوەکیدا و بە سەنگاودا رۆیشتووە بۆ چەمچەماڵ نەک ئەو رێگایانەی ئەوان کۆنترۆڵیان کردبوو، بۆیە ئێستا ئەو رێگا لاوەکیانەشیان کۆنترۆڵ کردووە.

 

دەربارەی کەرەنتینکردنی ناحیەکەش باسی لەوە کرد، لە ئێستادا ناحیەی بازیان کەرەنتین کراوە.


لەبارەی کەسە نزیکەکانی تووشبووەکانیش بەڕێوەبەری ناحیەی بازیان وتی، هەردوو خێزانی دوو تووشبووەکە کەرەنتین کراون و رەوانەی سلێمانییان کردوون و 20 نموونەشیان لە کەسە نزیکەکانیان وەرگرتووە.

7814 جار خوێندراوەتەوە