وەزیری بازرگانی و
پیشەسازی رایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پلانیدایە کارگەیەکی گەورەی
پترۆکیمیایی دابمەزرێنێت کە دەبێتە ئاسانکاریی بۆ دامەزراندنی چەندین کارگەی دیکە.
کەمال موسلیم وەزیری
بازرگانی و پیشەسازی لە میانى بەشداریکردنى لە پانێڵى (ھەفتەی دەستپێشخەری کاری جیھانیی
ھەولێر - زانکۆی کوردستان) وتی، بە ئامانجى بەگەڕخستنى تواناى لاوان و رەخساندنى هەلى
کار بۆ دەرچوانى زانکۆ و پەیمانگاکان، پشتیوانیی وەبەرهێنەرانى ناوخۆ و بیانى دەکەن
و کارئاسانییان بۆدەکەن.
وەزیری بازرگانی و
پیشەسازی باسی لەوەش کرد، تەواوى هەوڵەکانیان خستووەتەگەڕ بۆ پێشخستنى کەرتى پیشەسازى
و بازرگانى، ئەوەش لەپێناو هەمەجۆر کردنى سەرچاوەکانى داهات لە هەرێمى کوردستان، بۆئەوەى
چیتر تەنها پشت بە نەوت نەبەسترێت.
بەپێى راگەیەندراوێکى
وەزارەتى بازرگانى و پیشەسازى، ئەمڕۆ سێشەممە، کەمال موسلیم، لە کۆبونەوەیەکدا لەگەڵ
ئۆلیڤیێ دیکۆتینى کۆنسوڵى گشتیى فەڕەنسا لە هەولێر، ئەوەى خستووەتەڕوو هانى کۆمپانیا
و وەبەرهێنەرانى فەڕەنسا دەدەن کار و پڕۆژەکانیان لە هەرێمى کوردستان فراوان بکەن.
کۆنسوڵى فەڕەنساش ئاشکراى کردووە، پلانیان هەیە
بەم نزیکانە پێشانگایەکى تایبەت بە کەلوپەل و بەرهەمى کارخانە و کۆمپانیا فەڕەنسییەکان
لە بوارەکانى خواردەمەنى، بیناسازى و میکانیکى لە هەولێر بکەنەوە.
1716 جار خوێندراوەتەوە