رێکخەری گشتی: خۆمان بۆ کۆنفرانسی نیشتیمانی و گۆڕانکاریی ئامادە دەکەین

06:26 - 09/10/2019
کوردستان


ئه‌مڕۆ، رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند: ئێمە خۆمان بۆ كۆنفرانسی نیشتیمانی ئامادە دەكەین بە ئومێدی ئەوەی لە ئەمساڵدا كۆنفرانسەكە بگرین و گۆڕانكارییەكی باش بكەین.

عومەر سەید عەلی رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، له‌ وتارێكدا بۆ هه‌ڵسوڕاوان و گۆڕانخوازانی چه‌مچه‌ماڵ، سوپاسی سەرجەم ئۆرگانەكانی بزوتنەوەی گۆڕانی کرد کە لە ماوەی چەند ساڵی  رابردودا لە هێزی پشتیوان و رایەڵە و بازنە و مەكۆ و جڤاتی گشتی و جڤاتی نیشتیمانی و خانەی راپەڕاندنی رابردو وهەروەها ژورەكان و فراكسیۆنەكان سور بون لەسەر خەبات و تێكۆشان، بەتایبەتی دوای كۆچی دوایی كاك نەوشیروان و دوای هەڵبژاردنەكان.

وتیشی :"هەمو ناحەز و نەیارەكانمان رویان لەوە بو كە ئەم بزوتنەوەیە دوای كۆچی دوایی كاك نەوشیروان تەواو دەبێت و پارچە پارچە و دابەش دەبێت، بەڵام بە سوربون لەسەر پرەنسیپەکان توانیمان بەرامبەر هەمو ئەو شاڵاوانە بوەستین و خۆمان بگرین و بە رێكوپێكی ئەو ئەمانەتەی كاك نەوشیروان كە بزوتنەوەی گۆڕانە بیپارێزین، ئەوە سەروەرییەكی گەورەیە بۆ هەمو ئۆرگانەكانمان".

لەبارەی پڕۆژەکانی چاکسازیی و بەشداریی گۆڕان لە کابینەی نوێی حکومەت، رێکخەری گشتی رایگەیاند: سەرجەم ئەو بەرنامانەی ئێمە داوامانكردوە لە بەرنامەی نوێی حكومەتدا بونی هەیە و هیوادارین هەمو وەزیرەكانمان لە ئاستی ئەو بەرپرسیارێتییەدا بن و ئەو بەرنامەیە جێبەجێ بكەن كە لەسەری رێككەوتوین بۆ بەگژداچونەوەی گەندەڵی و چاكسازی و خۆشگوزەرانی و دانەوەی قەرزەكانی خەڵك.

عومەر سەید عەلی جەختی کردەوە کە؛ لە سەرەتاوە رامانگەیاندوە شەریكی راستەقینە دەبین بۆ خزمەتكردنی خەڵك  بۆ ئەو مەبەستەش بەشداریی حکومەتمان کرد، ئومێدمان وایە ئەو بارودۆخە بە قازانجی خەڵك بێت و ئەم كابینەیە بتوانێ خزمەتی خەڵك بكات.

سەبارەت بە پرسی رێکخستنەوەی بزوتنەوەی گۆڕانیش رایگەیاند: ئێمە خۆمان بۆ كۆنفرانسی نیشتیمانی ئامادە دەكەین بە ئومێدی ئەوەی لە ئەمساڵدا كۆنفرانسەكە بگرین و گۆڕانكارییەكی باش بكەین.

وتیشی :"بۆ ئەوەی بزوتنەوەكەمان بە بەهێزی بمێنێتەوە دەبێت لەڕێگەی ئۆرگانەكانی بزوتنەوەكەوە رەخنە و داواكارییەكان بگەیەنین، ئەوەی گرنگە ئێمە لەسەر دید و بۆچونەكانی خۆمان سورین وەك حیزبێكی مەدەنی و هەوڵدەدەین دەستاودەستی دەسەڵات لەرێی سندوقەكانی دەنگدانەوە بێت".

199 جار خوێندراوەتەوە