بەپێی راپۆرتێکی نهێنی کە دەست میدیاکانی ئەمریکا کەوتووە، باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا لە رێگەی ئیمەیڵێکەوە بەرپرسانی وڵاتەکەی لە ئەگەری دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاگادارکردووەتەوە و بە ئەگەرێکی چاوەڕوانکراو ناوی بردووە.
ماسیو تولەر، باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا لە رێگەی ئیمەیڵێکی نهێنییەوە بە بەرپرسانی باڵای وڵاتەکەی راگەیاندووە، "عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، بەهۆی فشارە زۆرەکانی خۆپیشاندەران و ئەو بارە ئاڵۆزەی لە عێراق دروستبووە، دەستلەکاردەکێشێتەوە".
روونیشیکردووەتەوە، وادیارە موقتەدا سەدر هەوڵ دەدات سودمەندی یەکەمی ئەو هەنگاوە بێت.
لە ئیمەیڵەکەدا ئەو بەپرسی ئەمریکا باسی لەوەشکردووە،" دیار نییە کە بە دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی خۆپیشاندانەکان تەواو دەبن یان نا".
لە لایەکی دیکەوە، بەرپرسێکی باڵای سەربازی ئەمریکا کە لەبەر هەستیاری پۆستەکەی ناوی بڵاونەکراوەتەوە بە رۆژنامەی تاسک ئەند پێپەرسی رایگەیاندووە، تاوەکو ئێستا روون نییە کە عادل عەبدولمەهدی دەست لەکاردەکێشێتەوە یان داواکاری خۆپیشاندەران جێبەجێ دەکات.
ئەمەش لەکاتێکدایە، ماوەی هەفتەیەکە، بەهۆی نەبوونی هەلی کار و خراپی خزمەتگوزاری و گەندەڵی، خۆپیشاندان لە بەغدا و چەند پارێزگایەکی عێراق دەستیپێکردووە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 104 کەس کوژراون و نزیکەی 6 هەزار کەسی دیکە برینداربوون.
12882 جار خوێندراوەتەوە