هەر چەندە نزیكەی پێنج ساڵە بڕیاری بەپارێزگاكردنی هەڵەبجە دراوەو بەشێك لە یەكە ئیدارییەكانی تێدا كراوەتەوە، بەڵام وێرای پێنج جار رێكەوتن و 53 كۆبوونەوە، هێشتا لایەنە سیاسییەكان لەسەر پێكهێنانی ئەنجومەن و دابەشكردنی پۆستە ئیدارییەكان، ناكۆكن.
دوای 53 كۆبوونەوەو واژووكردنی 5 رێكەوتن، كەچی هێشتا لایەنە سیاسییەكان ناكۆكن و لەسەر پێكهێنانی ئەنجومەن و حكومەتی خۆجێی پارێزگای هەڵەبجە رێكنەكەوتوون. حزبەكانیش یەكتری بەپێشێلكردنی رێكەوتنەكان تۆمەتبار دەكەن.
هەر چەندە لەدوا كۆبوونەوەی 2ی ئەم مانگە، كە واژووی نوێنەرانی لایەنە سیاسییەكانی هەڵەبجەی بەسەرەوەیە، رێكەوتوون لەسەر پێكیهَنانی ئەنجومەن و دابەشكردنی پۆستە ئیدارییەكان، بەلام جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی شارەزووی یەكێتی رەتیدەكاتەوە لەسەر دابەشكردنی پۆستە ئیدارییەكان رێكەوتبن، راشكاوانەش دەڵێت: هیچ پۆستێك بەو لایەنانە نادەین كە لەشوێنانی تر مافی ئێمەیان پێشێل كردووە.
قسەكانی ئەو بەرپرسەی یەكێتی لەكاتێكدایە كە كارگێرێكی لقی 12 پارتی لە هەلەبجە جەخت لەسەر رێكەوتنەكە دەكاتەوەو دەڵێت: كشانەوەی هەر لایەنێك لەرێكەوتنەكە دەیخاتە بەردەم بەرپرسیارێتییەوە.
بەرپرسی مەڵبەندی 5ی یەكگرتووی ئیسلامی لەهەڵەبجە جەخت لەسەر رێكەوتن بۆ دابەشكردنی پۆستە ئیدارییەكان دەكاتەوەو دەشڵێت: هەر لایەنێك نارازییە دەبا پێشتر واژووی رێكەوتنەكە نەكات. جێگری پارێزگاری هەڵەبجەش دەڵێت لایەنە سیاسییەكان پێنج جار هەمان رێكەوتنیان واژوو كردووە.
نزیكەی پێنج ساڵە بڕیاری بەپارێزگا بوونی هەڵەبجە دراوە، بەڵام هێشتا ئەنجومەنی پارێزگای نییە و لایەنە سیاسییەكان ناكۆكن لەسەر چۆنییەتی دابەشكردنی پۆستە ئیدارییەكان، یەكێتی و پارتیش یەكتری بە پێشێلكردنی رێكەوتنەكان تۆمەتبار دەكەن.
893 جار خوێندراوەتەوە