هەولێر.. بازاڕی تەعجیل لە شەوانی رەمەزاندا

06:42 - 13/05/2019
هەمەڕەنگ

بازاڕی تەعجیل، لە شەقامێکی کۆن و یەکێکە لە بازاڕە ھەرە کۆن و قەرەباڵغەکانی شاری ھەولێر و تا ئێستاش بە شێوە کلاسیکییەکەی ماوەتەوە و ئەم بازاڕە لە شەواندا بەتایبەتیش لە شەوانی رەمەزاندا زۆرترین خەڵک سەردانی دەکات و کاتەکانیان لەوێ بەسەر دەبەن.

 

ئەم بازاڕە لە ناوەڕاستی گەڕەکی تەعجیل هەڵکەوتووە، کە یەکێکە لە گەڕەکە هەرە کۆنەکانی شاری هەولێر و بەوە ناسراوە کە جۆرەها خواردنی لێیە، بەتایبەتی گۆشتی چەندین جۆر باڵندە و دوکانەکانیش لە مانگی رەمەزاندا تا پارشێو بەکراوەیی دەمێننەوە و بەشێک لە خەڵک لەم بازاڕەدا پارشێو دەخۆن.

 

خاوەنی یەکێک لە چێشتخانەکان کە گۆشتی چەندین باڵندە ئامادە دەکات، راگەیاند: کە ماوەیەکی درێژە لەم شوێنە کار دەکات و بازاڕەکە خواستێکی زۆری هاووڵاتییانی لەسەرە و جگە لە هاووڵاتییانی ناوخۆیی، گەشتیارانی بیانیش بۆ خواردنی گۆشتی باڵندەکان، سەردانی بازاڕی تەعجیل دەکەن. 

 

لە چێشتخانەکاندا، چەندین مەنجەڵی گەورە دەبینرێت، کە هەریەکەو جۆرێک باڵندەی تیادا دەکوڵێت و لەسەر شۆستەی شەقامەکانیش شوێنی دانیشتنی هاووڵاتییان کراوەتەوە و لە نێوان هەردوو چێشتخانەشدا، چایخانەیەکی لێیە کە جگە لە چا خواردنەوەش، چەندین یاری و نمایشی دیکەی تیادا دەکرێت کە باوترینیان نمایشکردنی کۆترە گرانبەهاکانن.

موئەیەد موعتەسەم، خاوەنی یه‌كێك له‌ چێشتخانەكان رایگه‌یاند: "ئەم شوێنەی من لێی کار دەکەم، 36 ساڵە چێشتخانەیە و من ماوەی 12 ساڵە لێرە کار دەکەم، ئەوانەی سەردانمان دەکەن ئەو کڕیارانەن کە پێشووتر هاتوونەتە ئێرە، جگە لە هاووڵاتییانی هەولێر لە دهۆک، سلێمانی، کەرکووک و شارەکانی دیکەش کڕیارمان هەیە و سەردانمان دەکەن، بەتایبەت دێن بۆ خواردنی گۆشتی، کۆتر، کەو، پۆڕ و سوێسکە، فڕوج و ریشۆڵە".

 

وتیشی: "لە مانگی رەمەزاندا ئێرە زۆر قەرەباڵغە و ئەم بازاڕە لە کۆنەوە بە کەباب و باڵندە بەناوبانگە و بە رۆژ هەموو دوکانەکان داخراون و بەشەوانەش تا پارشێو دەمێننەوە و خەڵک لێرە پارشێو دەخوات و گۆشتی کۆتر لە هەموویان زیاتر خواستی لەسەرە".

1071 جار خوێندراوەتەوە