سیناتۆرێکی دیاری ئەمەریکا نیگەرانیی قووڵی خۆی سەبارەت بە ڕەفتاری هێزە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی کاتی لە شاری حەلەب دەربڕی و جەختی کردەوە کە ئەرکی حکومەتی نوێ پاراستنی مافەکانە نەک پێشێلکردنیان.
جەیمس ڕیش، سیناتۆری کۆماری لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمەریکا، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (X)، داوای لێپرسینەوەی بەپەلەی کرد لەو کەسانەی بەرپرسن لە ئەنجامدانی "تاوان و دڕندەیی" لە شاری حەلەب، ئەوەش دوای بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتەکان سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی هێزە چەکدارەکان لەو شارەدا.
سیناتۆرە ئەمەریکییە کە ئاماژەی بە ڕووداوەکانی هەفتەی ڕابردووی شاری حەلەب کردووە، ڕایگەیاند: "بە قووڵی نیگەرانم لە کردەوەکانی هێزە چەکدارەکانی سوریا لە حەلەب لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا و داوا لە حکومەت دەکەم لێپرسینەوە لەو کەسانە بکات کە بەرپرسیارن لەو تاوان و دڕندەییانە."
جەیمس ڕیش لە درێژەی پەیامەکەیدا جەختی لەسەر ئەرکی حکومەتی کاتی کردەوە لەم قۆناغە هەستیارەدا و وتی: "دوای ساڵانێک لە شەڕ، ڕۆڵی حکومەتی نوێی سوریا و هێزە چەکدارەکان دەبێت پاراستنی مافە سروشتییەکانی هاووڵاتیانی بێت، نەک پێشێلکردنیان."
پەیامەکەی ئەم سیناتۆرە وەک کاردانەوەیەکە لەسەر بڵاوکراوەیەکی (ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ)، کە تێیدا دیمەنێکی دڵتەزێنی بڵاوکردبووەوە. بەپێی ڕوانگەکە، لە گرتەکاندا دەردەکەوێت کە ئەندامێکی گرووپە چەکدارەکان بە شێوەیەکی نامرۆڤانە مامەڵە لەگەڵ تەرمی ژنێک دەکات و لە نهۆمێکی بەرزی بینایەکەوە فڕێی دەداتە خوارەوە.
ئەم لێدوانەی سیناتۆر ڕیش بە یەکێک لە کاردانەوە فەرمییەکان دادەنرێت بەرامبەر بەو پێشێلکارییانەی کە لە دوای کۆنتڕۆڵکردنی حەلەب لەلایەن هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنەوە ڕاپۆرت کراون، کە نیگەرانیی ناوەندە نێودەوڵەتییەکانی لێکەوتووەتەوە.
177 جار خوێندراوەتەوە