شەپۆلێکی بەفر و باران هەرێم دەگرێتەوە

KNN : Kurdish News Network
11:02 - 14/01/2026
کوردستان
+
-

کەشناسی هەرێم پێشبینییەکانی بۆ ٤٨ کاتژمێری داهاتوو ڕاگەیاند و ئاماژە بەوە دەکات کە شەپۆلێکی بەفر و باران ناوچە جیاجیاکانی کوردستان دەگرێتەوە و پلەکانی گەرما بەراورد بە ڕۆژانی ڕابردوو بە شێوەیەکی بەرچاو دادەبەزن.


بەپێی ڕاپۆرتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی، ئەمڕۆ چوارشەممە (١٤-١-٢٠٢٦) کاریگەری شەپۆڵی بارانبارین و بەفربارین لەسەر ناوچە جیاجیاکانی هەرێم تا کاتەکانی دوای نیوەڕۆ بەردەوام دەبێت. کەشناسی ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەگەری بەفربارین لە سەنتەری پارێزگاکانی سلێمانی و دهۆک بە تێکەڵی لەگەڵ باران هەیە.

 

هەر بەپێی پێشبینییەکان، لە کاتەکانی ئێوارەدا کاریگەری ئەم شەپۆڵە کۆتایی دێت، بەڵام بۆ شەو هۆشداری دروستبوونی تەم دەدرێت کە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی مەودای بینین بۆ (٧ - ٩) کم. پلەکانی گەرماش بەراورد بە دوێنێ (٣ بۆ ٥) پلە نزم دەبنەوە.

 

سبەی: کەشوهەوا بەرەو جێگیربوون دەچێت بۆ سبەی پێنجشەممە (١٥-١-٢٠٢٦)، کەشناسی پێشبینی دەکات لە کاتەکانی بەیانی ئاسمان نیمچە هەور بێت و لە ناوچە شاخاوییەکان نمە باران و لە ناوچە سنوورییەکان بەفرێکی کەم ببارێت. لە دوای نیوەڕۆوە ئاسمان دەگۆڕێت بۆ ساماڵ و پەڵە هەور و پلەکانی گەرما لە ئاستی تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆدا جێگیر دەبن.

 

پێشبینی بەرزترین پلەکانی گەرمای پارێزگا و ناوچەکان:
هەولێر: ٨ پلەی سیلیزی
سلێمانی: ٦ پلەی سیلیزی
دهۆک: ٦ پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: ٦ پلەی سیلیزی
کەرکوک: ٩ پلەی سیلیزی
زاخۆ: ٦ پلەی سیلیزی
سۆران: ٢ پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: ٠ پلەی سیلیزی

2724 جار خوێندراوەتەوە