لە هێرشێکی سێ ڕۆژەدا بۆ سەر شێخ مەقسود و ئەشرەفیە 17 چەکداری وەزارەتی بەرگری کوژراوان

KNN : Kurdish News Network
01:33 - 09/01/2026
جیهان
+
-

 

ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ نوێترین ئاماری قوربانیانی هێرشە چەکدارییەکانی گروپەکانی سەر بە  حکومەتی کاتی سووریا ی بڵاوکردەوە، کە ماوەی سێ ڕۆژە گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیەی کردوەتە ئامانج.
 بەپێی ڕاپۆرتەکە، ژمارەی کوژراو و بریندارانی مەدەنی و سەربازی گەیشتووەتە 137  کەس

 

هەواڵ:  KNN

ڕوانگەکە ئاشکرای کردوە کە لەو ماوەیەدا 43  کەس گیانیان لەدەستداوە، کە  25 یان هاوڵاتی مەدەنین و لەنێویاندا 7  ژن و ٥ منداڵ هەن. قوربانییە مەدەنییەکان بەمشێوەیە دابەشبوون: 19  کەس لە گەڕەکی شێخ مەقسود، 4  کەس لە گەڕەکی مەیدان و 2  کارمەندی نەخۆشخانەی عوسمان

 

لە لایەکی ترەوە، 18  سەربازی لایەنە شەڕکەرەکان کوژراون (17  یان لە وەزارەتی بەرگری و 1 لە هێزەکانی ئاسایش)، جگە لە بونی زانیاری لەسەر شەهیدبوونی 5 ئەندامی تری ئاسایش کە هێشتا ناسنامەکانیان بە فەرمی ڕانەگەیەندراوە. هەروەها ژمارەی برینداران گەیشتووەتە  98  کەس، کە زۆربەیان ژن و منداڵن

 

هێرشەکان زیانی گەورەیان بە ژێرخانی ناوچەکە گەیاندوە؛ نەخۆشخانەی  خالید فەجر کە تەنیا ناوەندی فریاگوزاریی ناوچەکە بو، بۆ جاری چوارەم کرایە ئامانج و بەهۆی بڕانی کارەبا و زیانی زۆرەوە بە تەواوی لەکار کەوتوە. هاوکات نەخۆشخانەی عوسمانیش ڕاستەوخۆ بۆردومان کراوە، ئەمەش بارودۆخی تەندروستی ناوچەکەی بەرەو قەیرانێکی سەخت بردووە

 

149 جار خوێندراوەتەوە