گۆڕان لە نێوان ئامانجەکانی و دۆست و دوژمنیدا

حیزب بە بێ هەیکەلی رێکخستن و ئۆرگانەکانی خاوەنی کۆمەڵێک ئامانجە بە پێی دنیابینی خۆی، بە مانایەکی تر حیزب نەگۆڕ و گۆڕاوی هەیە، یەکێک لەو بنەمایانەی حیزبی لەسەر دروست دەبێت ئامانجەکانیەتی، کە دەکرێت ئامانج تا ئاستێک بە نیمچە نەگۆڕ ناوی ببەین، لە دەرەوەی ئامانجەکانی بە پێی ژینگەی ئەو حیزبەی تێدایە دەکەوێتە کێبڕکێ و ململانێ لەگەڵ نەیارەکانی بۆ گەشتنە دەسەڵات تا ئامانجە نەگۆڕەکانی جێبەجێ بکات .


گۆڕان لە پێناو گەشتن بە ئامانجەکانی دۆست و دوژمنی کۆنکرێتی نییە، واتا پارتی و یەکێتی بە پلەی یەکەم دوژمنی کۆنکرێتی نین، بەڵکو گۆڕان ململانێ و کێبڕکێ دەکات تا بگاتە ئامانجەکانی و بۆ گەشتن بە ئامانجەکانی نە دۆستی تا سەری هەیە نە دوژمنی تا سەر، بەڵکو ئامانجی نەگۆڕی هەیە، هەر حیزبێک مەبەستی بێت کار بکات کە نزیک بێت لە ئامانجەکانیەوە دۆستایەتی و هاوپەیمانی لەگەڵ دەکات، بە مانایەکی تر ئەوەی نەگۆڕە ئامانجەکانیەتی نەک بەرامبەر و رکابەرەکانی، بۆ گەشتن بەم ئامانجانە سیناریۆ و یاری تایبەت بە خۆی هەیە، بە دیوێکی تریشدا دۆخی ناوخۆی خۆی دەخوێنێتەوە دوای کاک نەوشیروان و پێش کاک نەوشیروان .


گۆڕان بە دیاریکراویش هەر لەسەرەتاوە نەهاتوە بۆ روخاندنی هەرێم  و نەهاتوە بۆ کودەتای سپی و رەش نەهاتووە تا حیزبەکان سفر بکاتەوە و خۆی تەواوی دەسەڵات داگیر بکات، ئەگەر چی قۆناغی زیونی کاک نەوشیروان ئەگەر لە تاکتیک و ئامانجەکانیدا ئەمەی بویستایە دەیتوانی ئەمە بکەت، بەڵام گۆڕان حیزبێکی میانڕەوی بێ خوێن و بێ چەکە دەیەوێت لە رێگەی گوشارێکی مەدەنیانەوە حیزبەکانی دەرەوەی خۆی ناچار بە ریفۆرم بکات، لە سەر بنەمای پاکێجەکانی کە پێشکەشی کردوە تا بتوانێت چاکسازی ریشەیی بکات لە دەسەڵاتەکانی هەرێمدا نەک روخاندی یان کۆدەتاکان بە هەمو شێوەکانیەوە، چونکە پێی وا بوە هەرێم و دەسەڵاتەکانی بەرهەمی مێژویەکی پڕ شۆڕش و خوێن و چەکە دەبێت رێفۆرمی تیا بکرێت بۆ ئەوەی دامەزراو تر بێت.


گۆڕان لەوە تێدەگات کە سەردەمی کاک نەوشیروان خاوەنی خەونی گەورە و گوشاری گەورە بو، دوای مردنی باوک و (گرێی نەمانی باوک) دەزانێ ئەوەی پێ ناکرێت کە لەسەردەمی لیدەرێکی کاریزمیدا هەبوە، دەزانێ پێشتر گۆڕان کایەیەکی رۆحی بوە و ئێستەی خۆشی دەبینێ، بۆیە ناچارە تاکتیک و سیناریۆکانی بگۆڕێت و پرۆسەی چاکسازی بە نەفەسێکی قوڵەوە هێواشتر بکاتەوە، چونکە دەزانێ توانای گەورەی لەدەست داوە کە رابەرەکەیەتی، واتا بە پێی توانای خۆی کار دەکات ئەوەی هەیە، هەر بۆیە بوەتە جێی رەخنە و هێرشی نەیارەکانی.


گۆڕان هیچ حیزبێک بە دۆستی تا سەر و دوژمنی تا سەری خۆی نازانێ، بەڵکو هەر کات هەر حیزبێک نزیک بوەوە لە ئامانجەکانی ئەگەر پێشتر رکابەری بوبێت ئەوا دەبێتە دۆستی و دەکەوێتە ناو بازنەی ئامانجەکانی گۆڕانەوە هەر کاتیش لە وێستگەیەدا دژی ئامانجەکانی بو ئەوا دەبێتە رکابەری و ململانێی دەکات.


گۆڕان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی بە پارتی و یەکێتی و کۆی حیزبەکانیشەوە داوای هاوپەیمانی لەسەرجەم حیزبەکان کردوە، هەر لە کۆمەڵ و یەکگرتو پارتی و یەکێتی تا بگات بە ئامانجەکانی، ئەوان بون لە ژێر گوشاری دەرەکی و هەندێ گوشاری تایبەتدا پابەند نەبون بە هاوپەیمانیەتیەکانەوە نەک گۆڕان، لە ئێستادا کە حیزبەکانی ناو دەسەڵات گەیشتونەتە ئەو راستیەی دەبێت چاکسازی گشتی بکرێت و چونەتە بەردەم هەمان پلاتفۆرم و پاکێجەکانی گۆڕان و ئەم گوتارەش بوەتە گوتاری گشتی کە پێشتر گوتاری بزوتنەوەی گۆڕان و داواکاری کاک نەوشیروان بوە، بە جۆرێک لە جۆرەکان کۆی ئەو حیزبانە کە داوای ئەم رێفۆرمە دەکەن نزیک دەبنەوە لە ئامانجەکانی گۆڕان.

 

ئەگەر پێمانوابێت گۆڕان وەک قۆناغی زیوینی سەردەمی کاک نەوشیروان ململانێ بکات و لەسەر ئەو بنەمایە رکابەری بکات ئەوا داواکاریەکە زیاد لە توانای خۆیەتی کە لە ئێستایدا هەیەتی.


ئێستا هەمو حیزبەکان چونەتەوە بەردەم پڕۆژەکانی کاک نەوشیروان و خۆیان داوای ریفۆرمی گشتی دەکەن، گۆڕان بە پێی توانا و قورسایی خۆی هەر ئەوەندەی پێ دەکرێت و کارکردن بۆ گەشتن بە ئامانجەکانی بەردەوامی هەیە، کە خودی خۆی پڕۆژەیەکی گەورەیە دەکرێت لە ئێستادا پێمانوا بێت بازنەی بچوک بوەتەوە، بەڵام لە پڕۆژەدا تاکە رێگای چاکسازی گشتیە.


کارکردن لە ناو گۆڕاندا دوای کاک نەوشیروان قورسە و پشو درێژیی دەوێ، هەمو کادێریک توانای ئەم ململانێ و بەریەکەوتن و دابەزین و بەرزبونەوە قورسەی نیە، بۆیە دەبینین لە ناوخۆدا ماسییە لاوازەکان بەرگەی شەپۆلە قورسەکان ناگرن دەچەنە ناو تۆڕی حیزبە رکابەرەکانیەوە.

532 جار خوێندراوەتەوە