هەرێمی کوردستان پێش قۆناغی دروستبونی گۆڕان بە
دۆخێکی تەواو ئیفلیجدا تێدەپەڕی تا ئەو ئاستەی ڕۆژ بە ڕۆژ هەرێم بە هۆی نەبونی
چاودێرێکی چالاک بەسەر کارەکانیەوە، تەواو دۆخی هەرێمیان خستبوە مەترستیەوە،
لەسەرو هەموشیانەوە ڕێککەوتنی ستراتیژی و دابەشکاری پەنجا بە پەنجا و دابەشبون
بەسەر دو بلۆکی وڵاتانی دەرەوە ( تورکیا و ئێران ).
کاتێک بزوتنەوەی گۆڕان دروست دەبێت بە پێ ی
بەرنامەکانی و دەستوری ناوخۆ و ئامانجە گشتیەکان ئەولەویەت بۆ کارکردن بو لەسەر
دوو تەوەر، یەکەمیان کارکردن لەسەر چاکسازی و ریفۆرمی گشتی و کار کردن بۆ دامەزراوەیی
و گۆڕینی سیستەمی حکومڕانی، دووەم تەوەرەی کارکردن بو لەسەر بە نیشتمانی کردنی
دامەزراوە گشتیەکان کۆتایهێنان بە ڕێککەوتنی ستراتیژی و کۆتایی هێنان بە پاشکۆیەتی
ئەنقەرە و تاران .
سەرکردەیەک کە لەناو چەقی ڕوداوەکاندا و سەرکردەیەکی
ئەکادیمی لەسەر ئاستی مێژویی و جوگرافی و سەربازی و سیاسی و ڕۆژنامەوانی لە ڕێگەی
پڕۆژەیەکی چاکسازیەوە دەیەوێت هەرێم لە قەیرانێکی قوڵ ڕزگار بکات و بیکاتە خاوەن
دامەزراوەیی و تا ئاستێک عەدالەتی کۆمەڵایەتی دەستەبەر بێت و هەرێم لە پاشکۆیەتی
بۆ وڵاتانی دەوروبەر ڕزگار بکات، ئا لێرەوە کاک نەوشیروان و پڕۆژەکەی دژی پارتی و
یەکێتی نەبو بە مانای سڕینەوەیان، بەڵکو دەیویست لە ڕێگەی گوشارێکی مەدەنیانەوە
پارتی و یەکێتی لە هەرەمی دەستەڵاتدا ناچاربکات بە چاکسازی و بون بە خاوەن
دامەزراوەی خۆمان و کۆتای هێنان بە پاشکۆیەتی، بە مانایەکی تر کاک نەوشیروان و
پڕۆژەکەی زۆر لە بزوتنەوەی گۆڕان و باقی حیزبەکانی تریش گەورەتر بو وە زۆر لەوە
گەورەتر بو، کە یەکێتی و پارتی بیر لەوە بکەنەوە کە بۆ دژایەتی و سڕینەوەی ئەوانە،
چونکە سەرانی پارتی و یەکێتیش ئەوەیان باش دەزانی کە ڕاپەڕین کرا بە هەمو
سەرکردەکانیانەوە بە دوای کاک نەوشیروانەوە بون ئەگەر بیویستایە کار لەسەر سفرکردنەوەی
ئەمانە بکات بۆی ئاسان بو، بەڵام کاک نەوشیروان بیری لە قۆناغیکی نوێ و هاتنی دوو
نەوەی نوێ دەکردەوە تا خەباتی مەدەنی و دور لە چەک ببێتە کلتور و دامەزراوە
سەربازی و ئەمنیەکان نیشتمانی بن و دور بن لە ململانێ و کێبڕکێی حیزبەکان هەر بۆیە
لە کۆتا قۆناغی ژیانیدا و لە دروستکردنی بزوتنەوەیەکی مەدەنیانە پشتی بە کۆمەڵێک
کارت نەبەست کە ئاسان بو کاریان لەسەر بکات، بۆ نمونە کارتی مێژوی خەبات و کارتی
هێزی چەک و هێزی ئابوری بەڵکو تەنها پشتی بە سەرچاوەی مرۆیی و خەڵک دەبەست.
لە قۆناغی کاک نەوشیرواندا ئەم بزوتنەوەیە جۆرێک بو
لە دین، جۆرێک بو لە بانگخوازی بۆ عەدالەت و خاوەنی خەونی گەورە بو وەک بینیمان
پاڵپشتی گەورەشی لێ کرا، دوای کاک نەوشیروان ئەم بزوتنەوەیە ئەگەر چی لە ئاست
خەونی گەورەی گۆڕانکاریدا نەبوە و بە هۆی کۆمەڵێک قەیرانەوە بە ناچاری و لەبەر
بەرژەوەندی هەرێم پڕۆسەی ململانێ ی چاکسازی خاو بویەوە وە بێ کاک نەوشیروانی بەم
بزوتنەوەیە دیاربو، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی ئەم بزوتنەوەیە و کاک نەوشیروانیش
کاریان لەسەر چاکسازی کرد لە دامەزراوەکاندا نەک ڕوخاندنی، وە هەرێمیش لەبەردەم
قەیرانە یەک لە دوای یەکەکانەوە ( داعش و بودجەی هەرێم و کۆرۆنا) لەبەردەم
قەیرانێکی قوڵدا بو ، دەبو گۆڕان وەک بەرپرسیاریەتی شان بخاتە بەر قەیرانەکان و
پرۆسەی چاکسازی خاو ببێتەوە لە پێناو ئامانجە گەورەکەدا کە لە ناونەچونی هەرێمە
وەک قەوارەیەکی سیاسی و حکومداری، بە کورتی لە پێناو مانەوەی هەرێم داوای لە
لایەنەکان کرد کە بەرەیەکی نیشتمانی پێک بێت و بۆ ئەمەش داوای لە هەمو لایەنەکان
کرد کە هاوپەیمانی دروست بکرێت لە پێناو پرسی چاکسازی تا بڕینی قۆناغێکی مەترسیدار،
ئەگەر پێمان وا بێت گۆڕان گوناهباری یەکەمە دەبێت ئەوە بزانین کە تا ئێستاش گۆڕان
پڕۆژەیەکی گشتیە و تەنها بە هۆی غیاب بونی کاک نەوشیروانەوە و دۆخی هەرێم کارەکانی
خاو بوەتەوە نەک کۆتایی هاتبێت، وە دەبینین لە ئێستاشدا بۆ تێپەڕاندنی دۆخی خراپی
هەرێم خۆی بە بەرپرسی یەکەمی هەرێم دەزانێ و نەشچوەتە ژێر باری پاشکۆیەتیەوە .
ڕاستە گۆڕان خەونی بەدیهێنانی دنیایەکی باشتری وەک
بەدیل خستە سەر سفرەی هاوڵاتی، بەڵام قەیرانەکان ئەم پرۆسەیەی خاو کردوەتەوە و
گۆڕانی ناچار کرد کە مانەوەی هەرێم لە بەردەم قەیرانەکان ئەولەویەتی کارکردنی بێت،
لە ئێستادا بۆ ئەوەی پڕۆژەکانی کاک نەوشیروان و گۆڕان لەبار بچێت هەمو هەوڵەکان
دژی ئەم بزوتنەوەیە خراوەتە کار و لەگەڵ ئەمەشدا ناوخۆی بزوتنەوەکە بۆ چەند ئاستێک
دابەش بوە، لە هەمو لایەکەوە بۆ دژایەتی کردنی ئەم بزوتنەوەیە بە دنیایەک سیناریۆوە
کەوتونەتە دژایەتی گۆڕان و بە هەزاران پەیج و تی ڤی و سیناریۆوە دەیانەوێت
گوناهەکانی خۆیان بخەنە ئەستۆی گۆڕان، ئالێرەوە دەبێت لە خۆمان بپرسین ، ئایا
گۆران گوناهبارە وەک ئەوەی دەوترێت:
1. گۆڕان نە پاشکۆی ئێرانە نە هی تورکیا ، ئەمەشە وای کردوە کە لە
ئەنقەرە و تارانەوە دژایەتی بکرێت .
2. گۆڕان نە خیانەتێکی وەک ٣١ ی ئاب و ١٦ ی ئۆکتۆبەر کردوە نە
خیانەت لە مێژویدا هەیە .
3. بە مەرج هاوپەیناێتی لەگەڵ پارتی و یەکێتی و یەکگرتو کۆمەڵ
کردوە و مەرجەکانیشی بە پلەی یەکەم چاکسازی گشتی بوە .
4. نە بیرە نەوتی داگیر کردوە نە خاوەنی گرێبەستە نایاساییەکانی
نەوتە .
5. نە زەوی داگیرکروە و نە باری قاچاخ ئامدیو دەکات ، بگرە هەوڵی
پتەوکردنی حکومەت و کار بۆ ڕێگرتن دەکات لە قاچاخچێتی و باجی ئەمەشی داوە .
6. لە گۆڕاندا ڕەخنە گرتن ئاساییە بەڵام ئەوانەی ڕەخنە و جنێو
دەدەن هەمویان سەر بە دوو پارتی دەستەڵاتن کە ناوێرن بۆ حیزبەکانی خۆیان کە
سەرچاوەی نەهامەتیەکانن هیچ بنوسن، هەندێ ڕەخنە نەبێت لە گۆران دەگیرێت کە شایستەی
ڕێزگرتنن.
7. ستافی حکومی گۆڕان کارەکانیان سەلـمێنەری ئەو ڕاستیەن کە لە
ستافی هەمو پارتەکانی ناو حکومەت دڵسۆزانە تر کار دەکەن، نەک بچن زەوی داگیربکەن
یان باری قاچاخ بهێنن .
8. سەرکردایەتی گۆڕان هیچیان لە پشت هیچ کۆمپانیایەکەوە نین وەک
ئەوەی سەرانی حیزبەکانی تری ناو دەسەڵات کۆمپانیا نیە شەریکایەتی ئەوانی تیا نەبێت.
9. لەسەر ئاستی ناوەند ( بەغداد) خاوەنی پڕۆژەی خۆیەتی بە
ڕاستگۆیانە کاری لەسەر دەکات، نەک وەک سەرانی پارتەکانی تری ناو حکومەت لە بەغداد
هەوڵی پۆست دەدەن و لێرە بەغداد تاوانبار دەکەن .
10. سەرکردایەتی گۆڕان هیچ پارەی ڕەشی دزراوی لە وڵاتانی دەرەوەی
نیە و هەموشمان دەزانین کە کێ پارە دەبات و کێ دزی پارەیە .
11. گۆڕان خاوەنی هیچ پەیج و ئەکاونتێکی ساختە نیە و خاوەنی مۆڕاڵی
خۆیەتی و هەموشمان دەزانین پەیج و ئەکاونتە ساختەکان هی کێیەو کێ ی لە پشتە و
پارەی چۆن بۆ دابین دەکرێت .
12. گۆڕان دەرگای گفتوگۆی کراوە بوە بۆ هەمو حیزبەکان و ئاماجی خۆی
هەیە و لە چوارچێوەی ئامانجەکانیدا کاری لەسەر دروستکردنی هاوپەیمانی کردوە ، نەک
وەک پارتەکانی تر کە لەسەرەوە هاوپەیمانن و هەر بە سیناریۆ دژی یەک دەوەستنەوە و
بەرژەوەندی تایبەت و ئاراستەی دەرەکی هاوپەیمانێتیان پێ واژۆ دەکات .
13. هەمو ئەم هێرشە ناڕەوانە دەکرێتە سەر گۆڕان و سەرکردەکانی دورە
لە مۆڕاڵی هاوپەیمانیەتی ، بەڵام گۆڕان ڕاستگۆیانە پابەند بوە بە
هاوپەیمانیەتیەکانیەوە ، کە دەتوانی وەک ئەوان بکات و توانای هەیە بیانکاتە دەواری
بەر ڕەشەبا هێندە کارتی بەدەستەوەیە بەڵام لەبەر دۆخی هەرێم و قەیرانەکان
بەرپرسیاریەتی مۆڕاڵی ڕێگەی پێ نادا .
14. سەرەڕای ئەوەی گۆڕان باش دەزانێ کە چۆن بۆ شاردنەوەی
ناشیرینیەکانی خۆیان هێرش دەکەنە سەر گۆڕان ، بەڵام تا ئێستا نەک هەر کەسی لەسەر
ڕەخنەی بەجێ و ڕەخنەی نابەجێش نەداوە بە دادگا بگرە هێندە باوەڕی بە ئازادی هەیە ،
وەڵامی نەداونەوتەوە ، بەڵام پارتی و یەکێتی کادرەکانیان لە مەسج شت بنوسن سزایان
دەدەن و یان دەیادەنە دادگا و مەحکەمەیەکی حیزبیانەیان دەکەن .
15. گۆڕان نەخاوەنی هێزی ٧٠ یە و نەخاوەنی هێزی ٨٠ یە و نە
دژەتیرۆری ئەملا و ئەولای هەیە و نە ئاسایش نە دۆسیەی نهێنی ، بەڵکو پێ ی وایە
دەبێت ئەمانە بە نیشتمانی بکرێن ، هەمومان دەزانین کێ ئەمانەی قۆرخ کردوە .
دەتوانین هەزاران خاڵی تر بنوسین لەسەر جیاوازی
گۆڕان و ئەوانی تر ، ئیتر ئەم هێرشە ناڕەوایانە لە پای چی ، بۆ گۆڕان گوناهبار
دەکەن ، گوناهباری سەرەکی ئەو حیزبانەن کە هەرێمیان بەم ئاقارەوە بەم ڕۆژەوە
گەیاند نەک بزوتنەوەی گۆڕان .
651 جار خوێندراوەتەوە