هەفتەی پێشوو هەردوو
کۆمپانیای فایزەری و بایۆئێن تێکی ئەڵمانی بەهاوبەشی مژدەی بەرهەمهێنانی
ڤاکسینێکیان بڵاوکردەوە، کە وادەردەکەوێت لەباشترین جۆرەکانی ڤاکسینی دژە کۆرۆنا
بێت وتوانای لە (90%) کاریگەری لەسەر توشبوو دەبێت، هەروەها ڤاکسینەکەی
کۆمپانیای مۆدێرنای ئەمەریکی و بەرزی کارای ڤاکسینەکە هەنگاوێکی گەورەیە بۆ
چارەسەرکردنی تووشبوان.
ئەم مژدە ئومێد بەخشانە هەرزوو کاریگەریان خستە سەر بازاڕو
بۆرسەکانی جیهان بەگشتی و نرخی نەوت بەتایبەتی، نەوت لە سەروو (41) دۆلارەوە
مامەڵەی پێ کرا و بەڕێژەی (8%) بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینی خواستیش زیاتر بوو،
لەهەمانکاتدا نرخی زێــــــڕ دابەزینی بەرچاوی بەخۆوە بینی و بەبەرەوپێشچوونی
زیاتری پێکۆتەکان نرخی زێر زیاتر دادەبەزێت.
ئابوری و دارایی ئەو
وڵاتانەی کە سەرچاوەی سەرەکیان بەرهەمهێنانی نەوت و فرۆشتنی نەوتە لەجیهاندا بەهۆی
دەرئەنجامە خراپەکانی کۆرۆنا ڤایرۆسەوە دابەزینی بەرچاوی بەخۆوە بینی بەجۆرێک
هەندێ وڵات گەنجینەی داراییان تەواو کەمبوویەوە، توانای پێدانی مووچەی
مووچەخۆرانیان نەما و پرۆژە ئابوری، خزمەتگوزاری و کۆمەڵایەتییەکانیان وەستاند و
پەنایان بردە بەر قەرزی گشتی وەک عێراق.
عێراق، دەرئەنجامی کۆمەڵێک هۆکاری وەک گەندەڵی، کۆرۆنا،
زێدەخەرجی، شەڕی داعش و ململانێیە ناوخۆییەکان ودابەزینی نرخی نەوت داهاتەکانی
کەمی کرد و لەسێ مانگی کۆتایی ساڵی دارایی (2020) پەنای بردە بەر قەرز و لە چەند
رۆژی ڕابردوودا ئەنجومەنی نوێنەران بەیاسا مۆڵەتی قەرزکردنی دا بەحکومەت هەتا
بتوانێت قەرزی ناوخۆ و دەرەکی بکات بەمەبەستی بەردەوام بوون لەپێدانی مووچەو
خەرجیەکانی حکومی،شایانی باسە عێراق نزیکەی (125) ملیار دۆلار قەرزارە چاوەڕێ ی
موعجیزەی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتە.
لەگەڵ ڕاگەیاندنی
پێکوتەی کۆرۆنا بازاڕەکانی جیهان نەفەسێکی بەرچاوی بەخۆوە بینی و زۆربەی بۆرسەکانی
جیهان ڕەنگی سەوزیان تۆمار کرد و بەهای پشکی کۆمپانیا تەکنۆلۆژییەکانیش
بەرزبوونەوە.
شایانی باسە لەماوەی چەند دەیەی رابردودا ئابوری جیهان داڕمانی
بەم شێوەیەی بەخۆوە نەدیبوو.
ئومێد هەیە ئەم پێکوتەیە ببێتە هۆی بوژانەوەی ئابوری جیهانی،
بەڵام بەداخەوە وا دەردەکەوێت ئەم ڤاکسینە تەنها وڵاتە دەوڵەمەندەکان بتوانن بیکڕن
و دەوڵەتە هەژارەکان توانای بەدەستهێنانی ئەم پێکۆتەیان نییە، بەهۆی بەرزی نرخ
وشێوازی هەڵگرتن و گواستنەوەی بۆ وڵاتەکانیان.
هەرچۆنێک بێت دۆزینەوەی پێکوتەکە کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر
بوژانەوە و هەستانەوەو دەست پێکردنەوەی چالاکییە ئابورییەکان هەرچەندە ئەگەر
پێکوتەکە بەردەوام و چالاک بێت و بگاتە دەستی زۆربەی حکومەتی وڵاتان ئەوا بەلایەنی
کەمەوە تا ساڵی(2023) ئینجا ئابوری جیهانی دەبوژێتەوە.
شایانی باسە حکومەتی
هەرێم، یەکێکە لەو لایەنانەی کە ئومێد و هیوای بەبەرزبوونەوەی نرخی نەوتە بۆ ئەوەی
بتوانێت داهاتی دەستبکەوێت و بەبێ کێشە مووچەو خەرجیەکانی پێ دابین بکات.!
507 جار خوێندراوەتەوە