خۆگونجاندن لەگەڵ قەیرانەکان

خەرجی مانگانەی موچەی سەرجەم موچەخۆران و فەرمانبەرانی سێبەر و راستەقینەی هەرێم نزیکەی (894) ملیار دینارە بەبێ لێبڕین.

لەساڵی دارایی (2020)دا تائێستا (4) موچە دراوە و تەنها مانگێک بەتەواوی دراوە و دوو مانگی بەلێبڕینی (21%)ـەوە دراوە و ئەم مانگەش کە کرا بە موچەی مانگی ئەیلول بەلێبڕینی (18%) درا و مووچەی (5)ی ئەمساڵیش کرا بەپاشەوکەتی ون بوو!

ئاشکرایە ڕێژەیەکی بەرزی خێزانەکان پشتیان بەو موچەیە بەستوە کە مانگانە وەک فەرمانبەر و خانەنیشین و کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوەکان و کەمئەندامان وەریدەگرێت و دەتوانین بڵێین؛ ئابوری تاک و خێزانەکانی هەرێم پەیوەستە بە موچەوە.

ئەگەر لە (9) مانگی رابردودا نمونەی تەنها یەک فەرمانبەری خێزاندار وەربگرین، تێبینی دەکەین؛ گریمان موچەی مانگانەی (800) هەزار دینار بێت، ئەوا تەنها یەک مانگی بەتەواوەتی وەرگرتوە و دوومانگی بڕی (632) هەزار دیناری مانگانە و کۆتا مانگیش (656) هەزارى وەرگرتوە، لەماوەی سێ وەرزی ساڵدا ئەگەر کۆی موچەی وەرگیراو دابەشی هەر نۆ مانگەکەی بکەین، ئەوا بۆ هەر مانگێک بڕی (302) هەزار دینار دەکات، بەم بڕەش دەبێت کۆی پێداویستیەکانی رۆژانەی سەرجەم ئەندامانی خێزانەکە دابین بکات و بۆ هەندێک؛ کرێی خانو و قیست و قەرزی رابردوو لەم بڕە دیاری کراوە بداتەوە..!

ئەوەی لێرەدا دەمانەوێت تیشکی بخەینە سەر، بابەتی خۆگونجاندنی موچەخۆران و فەرمانبەرانە لە بارودۆخی قەیرانی دارایی و ئابوریدا.

ئاشکرایە خواستی کڕیار و بەکاربەر بۆ پێویستیەکان خواستێکی بێ کۆتایە و پڕکردنەوەی پێویستیەکان بۆ هەندێ شمەک و خزمەتگوزاری بەردەوامە و هەمیشەیی و دوبارەدەبنەوە وەک پێداویستی خواردن و خواردەمەنی و جل و بەرگ و پێویستییە خودیەکان.

لەبارودۆخێکی قەیراناوی ئەمڕۆی ئابوری و دارایی کوردستاندا کە داهاتی خێزان و تاک تاڕادەی کەمبوونەوە بۆ نزمترین ئاست دابەزیوە، پێویست دەکات لەسەر لێپرسراوی خێزانەکان یان ئەو کەسانەی بەرپرسیاریەتی تاکەکانی خێزانی لەسەرشانە، بەو داهاتەی لەبەردەستیایەتی خەرجییەکانیان رێک بخەن بۆ ئەوەی بتوانن بەو داهاتە کەم و سنوردارە زۆرترین پێویستی پڕ بکەنەوە، ئەگەرنا هەروەک چۆن حکومەت توشی کورتهێنان بووەتەوە لە بودجەی گشتیدا؛ بەهەمان شێوە بودجەی خێزانەکان توشی کورتهێنان دەبنەوە و ناچار بۆ پڕکردنەوەیان پێویستی بە قەرز دەبێت کە ئەمەش بۆ خۆی جارێکی تر بارگرانی زیاتر دەهێنێت بۆ سەر شانی خێزانەکان.

ئاشکرایە بارگرانی زیاتر لەسەر چینی مامناوەندی موچەخۆرانە کە لەئێستادا بەچینی هەژاران ئەژماردەکرێن، چونکە هەر کەمبونەوەی داهاتەکانیان نییە، لەبەرامبەردا بەرزی نرخەکانیش ئاستەنگەکە قورستر دەکات، واتە لەهەمانکاتدا کە داهاتی نەختینەیی کەمە، بەڵام بازاڕیش هەڵاوسانە و بەدەستهێنانی پێداویستییەکان بۆ زۆرێک لە خێزانە موچەخۆرەکان کارێکی گرانە و پارەی بەردەست بەشی کڕینی پێداویستیەکان ناکات، لەبەرئەوە دەبێت و ناچارین کە هەوڵ بدەین یەکەمجار پێداویستیە سەرەکییەکانی وەک خۆراک و خواردەمەنی بەبڕی پێویستی رۆژانە دابین بکەین و هەوڵ بدەین لەو بازاڕ و مارکێت و دوکانانە شتومەک بكڕین کەنرخیان نزم و گونجاوە بەمەرجی کوالیتی و تەندروستی و هەروەها پێویستە جلوبەرگ لەم بارودۆخەدا گرنگی زۆری پێ نەدرێت و جگە لە پۆشاکی پێویست زیادەڕۆیی لە کڕینی جلوبەرگی ناپێویستدا نەکرێت، هەروەها پێویستیە جوانکارییەکان دوابخرێن بۆ کاتێکی تر و لەهەوڵی دابینکردنی پێداویستیە هەنووکەییەکاندابین؛ وەک خۆراک و خواردەمەنییە پێویستیەکان.

گرنگە خێزانەکان هۆشیارییەکی ئەوتۆیان هەبێت تا بتوانن ئەم بارودۆخە تێ بپەڕێنن بۆئەوەی توشی داڕمانی زیاتری دارایی و ئابوری نەبن و کاریگەری نێگەتیڤ نەکاتە سەر لایەنەکانی تری ژیان بەگشتی و لایەنی کۆمەڵایەتی بەتایبەتی.

بابەتی خۆگونجاندن لەگەڵ قەیرانەکان بابەتێکی خودی تاکەکەس و کۆمەڵگایە و پەیوندی بە خودی کەس و تاک و خێزانەکانەوە هەیە و لەکۆمەڵگایەک بۆ کۆمەڵگایەکی تر جیاوازی هەیە و دەچێتە ژێر رکێفی زانستی دەروناسییەوە و لەم بارودۆخانەدا پەیوەندی ئابوری و دەروناسی دەردەکەوێت، هەڵبەت بۆ پێداویستیە ناپێویستیەکان دەتوانرێت دوا بخرێت لە کاتێکەوە بۆ کاتێکی تر،  بۆ نمونە؛ کڕینی مۆبایلێکی زیرەکی گرانبەها لەئێستادا دوابخرێت بۆ کاتێک کە داهاتی تاکەکەس زیاتر بێت لە پێداویستیە سەرەکییەکان، خۆشبەختانە زۆرێک لە کۆمەڵگاکان توانیویانە زاڵ ببن بەسەر خواستەکانیاندا و سنورێک بۆ پێویستییەکانیان دابنێن.

ئەم بارودۆخە نالەبارەی ئابوری و دارایی ئەمڕۆی هەرێم، بێ گومان بەهۆکارى سیاسی و ئابوری و دەرئەنجامی هەڵە و بێ پلانی و کورتبینی سیاسییە دەستەڵاتدارەکانەوە سەری هەڵداوە و ئەگەر ئیرادەیەکی بەهێزی سیاسی و پلانی تۆکمەی ئابوری و دارایی نەگیرێتەبەر دەبێت چاوەڕێی قەیرانی قورستر و کاریگەرتریش بین، بەداخەوە باجی قورسی ئەم قەیرانانە دەبێت فەرمانبەر و چینە دەستکورتەکانی کۆمەڵگا بیدات.

ژیانی سەختی ئەمڕۆی موچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێم وا دەخوازێت کە خێزان و تاکەکانی کۆمەڵگا پێویستیانە هەڵسوکەوت بکەن و سنورێک بۆ دابین کردنی پێداویستییەکانیان دابنێن هەرچەندە بۆ زۆرێک لە تاک و خێزانەکان قورسە و هەروا کارێکی ئاسان نییە.

بەئومێدی هۆشیارییەکی گونجاوی ئابوری و دارایی بۆ تاک و خێزانەکان و تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە قورسانەی ژیان و گوزەرانی موچەخۆر و فەرمانبەرانی هەرێم.

638 جار خوێندراوەتەوە